شلێر باپیر: بە دریژایی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک متمانەیەکی قوڵ لە نێوان گەل و سیاسەتدا نەبووە
لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران تاران ستراتیژی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و بنکەکانی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی گرتووەتە بەر، بەمەش دەیەوێت پەیامی سیاسی و سەربازی ئاڕاستەی نەیارە نێودەوڵەتییەکانی بکات.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل دوای هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئەم دواییەی نێوانیان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئەمریکاش بە ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە پەیامی توندی ئاڕاستەی تاران کردووە، لە لایەکی تریشەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەمیشە ناوەندی سەرەکی ناڕەزایەتییەکان بووە لەژێر فشارێکی زۆری ئابووری و ئەمنیدایە و هەر گرژییەکی نێودەوڵەتی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک دروست کردووە.
دۆخی ئێستای ئێران بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت چونکە دەسەڵاتدارانی تاران لە لایەکەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە کە بەڵێنی وەڵامدانەوەی توندی داوەو لە لایەکی تریشەوە سزاکانی ئەمریکا گەرووی ئابووری ئێرانیان گوشیوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی وەک سنەو مەهابادو کرماشان بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوەیان پێ کراوەو چاودێری توند دەخرێتە سەر چالاکوانان، چونکە تاران دەترسێت هەر هێرشێکی دەرەکی ببێتە کڵپەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری هاوکات شەرە تەقە و پێکدادانە ناوبەناوەکانی سەر سنوور و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوونەتە هۆی نائارامی دەروونی بۆ دانیشتووان و نرخی کەلوپەل بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە کە ئەمەش بێزارییەکی قووڵی لای هاووڵاتیان دروست کردووە و هەمووان چاویان لەسەر ئەنجامی ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن و تەل ئەبیبە و دەرئەنجامەکانی لەسەر داهاتووی ناوچەکەیە.
تاران لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە ئەمنییەکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام فشار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی کامپەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و گواستنەوەیان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان و ئەم هەنگاوانەش هاوکاتن لەگەڵ زیادبوونی ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی عەین ئەسەد و هەریر و هەرەشەکانی ئیسرائیل بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمی و نەوتییەکانی ناو جەرگەی ئێران کە وایکردووە تاران خاکی عێراق وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەکاربهێنێت، دواین زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران جۆری موشەکەکانی فاتیح و فەتحی لە پارێزگاکانی کرماشان و ورمێ ئامادە کردووە بۆ لێدانی هەر جوڵەیەکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یان هەر بنکەیەکی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان کە گومانی سیخوڕی لێ دەکرێت ئەم جوڵە سەربازییانە تەنها بۆ دەرەوە نییە بەڵکو لە ناوخۆی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک سنە و سەقز و بانە دۆخی نائاسایی ڕاگەیەندراوە و فڕۆکەی سیخوڕی بەسەر ئاسمانی شارەکاندا دەسووڕێنەوە چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران دەزانن کە حیزبە کوردییەکان خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەهێزن و دەتوانن لە کاتی هەر هێرشێکی ئیسرائیل یان ئەمریکا جەماوەر بۆ ڕاپەڕین بجوڵێنن هاوکات شەڕی ساردی نێوان تاران و واشنتۆن لە ڕێگەی گرووپە بریکارەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەگەری هەیە هەرێمی کوردستان ببێتە قوربانی یەکەمی هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و نەمانی سەقامگیری ئابووری و دابەزینی مێژوویی بەهای تمەن وای کردووە کە ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆدا توندتر بن و تاران بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و حیزبە نەیارەکانی دەیەوێت سەرنجی ڕای گشتی لەسەر قەیرانە ناوخۆییەکانی دوور بخاتەوە و دۆخێکی جەنگی سەپێنراو بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت کە هیچ کەس نازانێت کەی و چۆن کۆتایی دێت.
"لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیدا بینیمان کە کورداستان تەواو میلیتاریزە کرابوو"
شلێر باپیری، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ئەم دۆخەی ئیستا دۆخێکی ناهەموار و ناروونە و کوژرانی یەک لە دوا یەکی بەشێک لە کەسە کلیلییەکانی سیاسەتی کۆماری ئێران، بە ئەکیدی بۆیان ئاسان نابێت و لە هەمان کاتیشدا لەوەتی دەسەلاتی ئێران هەیە بەردەوام ناکۆکی لە نێوان باڵا جیاوازەکانی خۆیدا هەبووە، هەر لە ریفرۆم خوازەکانەوە تا توندراوەکان و بە ئێستاشەوە کە قسە لەسەر جێنشینی خامنەی دەکرێت و پیشتریش دەوترا کە کورەکەی موجتەبا خامنەی بە جۆرێک پەروەردە کراوە کە ببێتە جێنشینی باوکی، بۆیە ئەوە دەکرێت ببێتە نائومێدیەک بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان دانابوو ببنە رابەری ئیسلامی ئێران لە دوای خامنەییەوە، دەکرێت بوونی موجتەبا خامنەی ناکۆکی دروست بکات و ناکۆکییەکانی پیستر توندر بکاتەوە و و سیاسەتی ئێران ئاڵۆزتر دەکات لە ناوخۆدا بەدەر لەو ئاڵۆزیەی کە لە دەرەوەدا هەیە، پێم وایە بە دریژای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک متمانەیەکی قوڵ لە نێوان گەل و سیاسەتدا نەبووە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە توانیویەتی نارەزایەتییەکان لە رێگەی کوشتن و کەرەستەی جەنگییەوە کۆنترۆڵ بکات،بەڵام لە درێژخایەندا بۆ وەلامی داخوازییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەشداری سیاسی و ژێرخانی ئابووری،ئێستاش هەمان کێشە و گرفت هەیە بۆیە خەڵک هەمان داواکاری و نارەزایەتی پێشتری هەیە و ناتوانین بڵێن هەموو ئێران بەڵام زۆرینەی خەڵکی ئێران ئەمرۆ داوای روخاندنی ئەو دەسەڵاتە دەکەنو بە روخاندنی ئەو دەسەڵاتە دەبێت دەسەلاتێکی دەرەکی هەبێت چونکە، خۆپیشاندانەکان کاتێک بەو فراوانییە دەستی پێکرد نەیتوانی بەتەنیا وەڵامدەربێت بۆ روخاندنی ئەو دەسەلاتە چونکە دەسەلات بۆ کۆتایهێنان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان هەموو رێگەیەکی توندوتیژی دەگرێتە بەر و لە رێگەی چەکەوە کۆتایان پێدێنێت وحکومەتی ئێران سیاسەتێکی سیستەماتیکی هەیە و هەموو کات ئەوەی پەیورەو کردووە، ئێمەش لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیدا بینیمان کە کورداستان تەواو میلیتاریزە کرابوو، لە دوای شۆرشی ژن ژیان ئازادی،کوردستان بە جۆرێکی دیکە میلیتاریزە کراوە کە سەرکوتکردنەکان زۆرترن و ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکردن هەیە و ئازادی تادێت بەرەو کەمبووونەوە دەچێت، ئێستاش لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین هیزی چەکدار هێنراوە و هاوکات لێدانی ٢٥٢ و بنکەی سەربازی کۆماری ئیسلامی لە کوردسیان نیشانی دەدات کە کۆمار چۆن کوردستانی بە میلیتاریزە کردووەو بۆ ئەوەی بتوانێت هەر کاتێک نارەزایەتی دروست بوو ئاسان سەرکووتی بکات و تەاو کۆنترۆڵی بکات.
"بەهۆی نەبوونی ئینتەرنێت بە تەواوی نازانین دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە"
لە دریژەی قسەکانیدا شلێر باپیری وتی، هەر وەک دەزانین نەبوونی هێڵی ئینەترنێت و نەبوونی پەیوەندی ئەستەمە بزانین بە تەواوەتی دۆخی ڕۆژهەلات چۆنە و بۆ ئەوەی کە بزانین ئیستا گونجاوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان؟ بە بروای من دۆخەکە ناروونە لە لایەک شەر هەیە و لە لایەکی دیکە ژێرخانی ئابووری زۆر خراپە و لە لایەکی دیکە کۆماری ئیسلامی زۆر زیاتر لە جاران دەرفەتی بۆ دروست بووە کە خەڵک سەرکوت بکات بە ناوی ئەوەی کە ئەوانە لە دژی ئارامی وڵاتن، بۆیە ئێستا دۆخەکە بۆ بوونی خۆپیشاندان قورسە دەرفەتێکی باش نییە،بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کرماشان،ئیلام،ئورمییە، هێزەکانی ئێرانی تێدا بلاو کراوەتەوە و لە سیاسەتی ٤٧ ساڵەی خۆیدا کۆمەڵیک بنکەی سەربازی زۆری لە کوردستان داناوە بۆ ئاسان کۆنترۆڵکردنی هەر بارودۆخێکی نا هەموار کە ناو کوردستان و سەر سنوورەکانیشدا، لە شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیدا دیمان کە چۆن بە چ جۆرە چەکێک رووبەرووی خەڵک دەبۆوە و کۆماری ئیسلامی ئێران کە هێرش دەکاتە سەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لە دەرەوەی رۆژهەلاتدا بابەتێکی نوێ نییە و و بەردەوام سیاسەتی جیاوازی هەبووە و ساڵی ٢٠١٨ موشەکبارانی قەڵای دیموکراتی کرد و لە هەمانکاتدا هێرشی کردە سەر بنکەکانی کۆمەڵە و لە ساڵی ٢٠٢٢ هاوکاتی شۆرشی ژن ژیان ئازادی، بە هەمان شێوە چەندین شەهید دراو بەردەوام هێرشی کردووەو ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بۆچی لە هێزە کوردییەکان دەترسێت چونکە هیزە کوردیسکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیزێکی ڕێکخراون و توانیوانە چەندین ساڵە رووبەرووی رژێم بوەست و ببنە دەنگی گەل لە ڕۆژهەڵات و لە ئێستادا یەکدەنگ بوون و یەکگرتنی هێزە کوردییەکان، یەکێکە لە خاڵە بەهیزەکانی لایەنە کوردیەکان لە بەرامبەر ئەوەی کە حکومەت بەردەوام بەربڵاوی هیزە کوردییەکانی دەکردە خاڵی لاواز، هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەنگن و هێزەکانیان رێکخستووە بۆ ئەوەی داهاتوو بۆ کورد دابین بکەن و چونکە هیچ دەرفەتی ریفۆرم بۆ رژێم نەماوەو یەک دەنگ داوای نەمانی رژێم دەکەن،یەکێک لە ترسەکانی رژێم بە درێژای حوکرام کردنیان لە ماوەی ٤٧ بۆ ٤٨ ساڵدا، ڕۆژهەلاتی کوردستان و هێزە کوردییەکان بووە، کۆماری ئیسلامی یەکێک لە یاساکان کە دەری کرد لە ساڵی ١٩٧٩ دا سەپاندنی سەرپۆشی زۆرەملێ بوو ، ئەو حیجابە زۆرە ملێیە لە سەرەتاوە تا ئێستا هیچ گۆرانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و لەوانەیە هەندێک کات لەبەر هەندێک بارودۆخ ئاسانی بکەن لەسەر شەقامەکان، بەڵام لە بنەرەتدا هەمان یاسایە،و لە ئەگەری نەکردنی ئەوا ژنان رووبەرووی یاساو سزادان دەکەنەوە، بەڵام هەمووکات رژێم سیاسەتی کورت خایەنی هەبووە کاتێک لە ژێر فشاردابێت ودێت هەندێک ئاسانکاری دەکات بە واتای ئەوەی کە دەگۆرێت بۆ نموونە ئەگەر ژنێک سەرپۆشەکەی وەک ئەوەی ئەوان دەیانەوێت وانەبێت لەسەر شەقام رێگری لێ نەکەن، ئەوەش جۆرێکە لە سیاستە کورت خایەنەکانی رژێم و لە بنەرەدتا ئەوان دژی ئەوەی کە ژنان ئازاد بن.
"ئیران لە هێرشەکانی بۆسەر باشووری کوردستاندا دەبینیین کە کەسانی مەدەنی و نەخۆشانەکان دەکاتە ئامانج"
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر چی دۆخەکە تا دێت ئاڵۆز دەبێت و لە لایەک ئەمریکا دەڵێت کە دەیانەێت دانوستان بکەن وخاڵەکانمان لەسەر میز داناوە، لە لایەکی دیکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە دانوستانێک لە ئارادانییە بەڵکو تەنها ئاڵوگۆرکردنی نامەیە لە رێگەی ناوبژیوانەکانەوەو ئێمە ئەوەمان قبوڵ نییە، ئێران جۆرێک لە ژۆرەکان داخوازی ئەوەیە کە دانوستان بکات و ئیسرائیل، پێداگراو بەردەوامە لە هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازیییەکان و کاتێک دێتە سەر دانوستان هەموو لایەنە هێرشکەرەکان لایەنێکیان دەبێت کە قبوڵی ناکات وتی: دەبینین کە ولاتانی عەرەبی رەنگە بیانەوێت کە ئەو شەڕە رابگرن و بەڵام دەبینین کە ئەوانیش پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن لە بەرامبەر ئەوەی کە گروپە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق بەتایبەت هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ کە ئەمەش دۆخەکەی دژوارتر کردووەو من پێم وایە دۆخەکە زۆر دژوارە و شتەکان رۆژانە گۆرانکاریان بەسەردا دێت و ئەستەمە کە بزانین ئایا ئێرانو ئیسرائیل دەگەنە دانوستان یاخود ناو ئایا دانیشتنەکانیان لەسەر چیە و داخوازیەکان تەنها وەستاندنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمە؟ یاخود گۆڕینی تەواوی حوکمرانی ئێران؟. ئێران بە درێژای مێژوو ئیسرائیل بە دوژمنی خۆی دەزانێت و ئیسرائیل ئێران بە مەترسی بۆسەر بوونی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستا دەزانێت، لە کۆتایدا شتێک هەبوو پێم خۆش بوو ئاماژەی پێ بکەم کە ئەگەر سەیری هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە جۆرێک لە جۆرەکان تەنها بنکە سەربازییەکان دەپێکن، بەڵام ئێران بە پێجەوانەوە لە کاتی هێرشەکاندا بۆ سەر ئیسرائیل یاخود بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە باشووری کوردستاندا دەبینیین کەکەسانی مەدەنی و نەخۆشانەکان دەکاتە ئامانج.