پەیمان عیزەدین: ئەگەر هەرێم ڕازی نەبێت تورکیا ناتوانێت داگیرکاری بکات

پەیمان عیزەدین، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمان بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەزانێت لەسەر داگیرکارییەکان بێتە دەنگ، هەروەها وتیشی بەبێ ڕەزامەندی هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی وەک تورکیا ناتوانێت بەو سنورە بەرفراوانە بێتە خاکی هەرێمی کوردستان.

سلێمانی

 

پەیمان عیزەدین، پارێزەر و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ئەوە دەخاتەڕوو، کە دەوڵەتی تورکیا ئەم داگیرکارییانەی ئەنجامی دەدات تەنها ئۆپراسیۆنێک نییە و دواتر تەواو ببێت، بەڵکو ئەم لەشکرکێشیانە درێژخایەنە.

 

ئەو پارێزەرە جەخت لەوەدەکاتەوە، کە مەحاڵە دەوڵەتی تورکیا بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو سنورە فراوانە بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە ئێستاشدا سنورێکی بەرفراوانی داگیرکردووە، سەربازگەی دروستکردووە، دەیەوێت بە بڕینەوە ئەو دارانەی دارستانەکان ڕێگای سەربازگەکانی بەیەکتر بگەیەنێت.

 

باس لەوەشدەکات بەیەک بەستنەوەی ئەو ڕێگایانە ئاماژەیەکی ترسناکە، "ئەمە ئاماژەیەکی ترسناکە، کە تورکیا دەیەوێت بمێنێتەوە و ئامانجی داگیرکارییە، فراوانکردنی جوگرافیایی تورکیایە، نەک تەنها دژایەتی کردنی لایەنەکێکی دیاریکراو لە کوردستان".

ئەوەش دەخاتەڕوو، کە دانانی سنورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەی ئەم سنورە سنوری جوگرافیای هەرێمی کوردستانە، بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی  کوردستان مەحاڵە دەوڵەتێکی وەک تورکیا لەو سنورە فراوانەدا جێپێی خۆی جێگری بکات.

 

بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی زانی، داوا لە حکومەتی عێراقی بکات تا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو داگیرکارییانە ئاگاداربکاتەوە، وە داوای پشتیوانی و ڕێگری لە لەشکرکێشییەکانی تورکیا بکات.

 

لە ڕووی یاسایی و دەستورەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا لایەنی کەم بە نوسراو دەتوانێت وەزارەتی دەرەوە یاخود سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاگاداربکاتەوە، کە داواکاری هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەڵەتی لەو هێرش و بۆردومان و لەشکرکێشیەی ئەنجامی دەدات و داوای هاوکاری و پشتیوانی لە کۆمەڵگای نێودەڵەتی بکات.

 

 

 ت.پ