پەرێز عومەر: تورکیا هەبوونی خۆی لە دژایەتی گەلی کورددا دەبینێت

هێرشە داگیرکارییەکانی دوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و چالاکوان پەرێز عومەر دەڵێت: خەڵک دەبێت ڕێگر بێت لەوەی جاڕێکی تر دەسەڵات نوێنەرایەتی دوژمن بکات بۆ پارچەکردنی خەڵکی کوردستان.

سلێمانی

 

سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی  بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بە ئامانجی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد، کە جارێکی دیکە چەمکی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیا بۆمان ڕوون دەکاتەوە و لە بەرامبەریشیدا شەڕڤانان و گەلی کورد و ژنان دیسان بە تێکۆشان و ئەو بەرخۆدانییانەی کە نیشانی دەدەن، واتای بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ جیهان پێناسە دەکەنەوە.

 

لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسەکەماندا پەرێز عومەر، چالاکوان باسی لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد و گرنگی یەکڕێزی گەلی کورد بۆ دانپێدانانی دوژمنان بە بوونی ئەم نەتەوەیە کردو وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

                                                                       

بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

پێش هەموو شتێک دەستخۆشی لە گەلی رۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانان دەکەم، من نامەوێت لە ژێر سیاسەتی پەرتەوازە کردنی دوژمن لە ناو کورددا و تەنها وەک تاکێک لە باشووری کوردستانەوە سەیری بارودۆخەکە بکەم، بەڵکو بە ڕۆحێکی یەک پارچە سەیری ئەم بارودۆخە دەکەم، لە ئێستادا شەڕێکی سەربازی، هزری، ئابووری، نەتەوەیی و مان ونەمانمان لەگەڵ دەکرێت، هەر تاکێکی کورد، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدایە، پێویستە بیر لەوە بکاتەوە "چی بکەین؟" و بۆ ماوەی ساڵانێکە لە هەموو لایەکەوە کورد و بە تایبەت ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێتە ئامانج، پێویستە پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین کە ئەم جارەش چۆن ڕۆژئاوای کوردستان لەم کارەساتە ڕزگار بکەین؟.

 

لە دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و هێرش وهەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا، چ مەترسییەک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دروست دەکەن؟

ئەگەر کورد بیەوێت لەسەر مانگیش کیانێک بۆ خۆی دروست بکات، تورکیا دژایەتی دەکات، ئەمە سایکۆلۆژیا و ڕەوشتی ئەو دەوڵەتە نیشان دەدات، ئەو هەبوونی خۆی لە دژایەتی کورددا دەبینێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە کورد ئەم جارە چۆن ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە بڕوای من مەترسییەکان بەو شێوازە نین کە ئەمڕۆ لە دوێنێ زیاتر بن، بەڵکو بە درێژایی مێژووی دوور و نزیک، دوژمنانی داگیرکەری کوردستان لە هەر چرکە و شوێنێکدا ئەگەر ئۆمێدیک بۆ کورد هەبووبێت، هەوڵی لە ناوبردنیان داوە و لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا پێشڕەوی ئەم دوژمنایەتییە.

 

ئەوەی دوژمن دەیکات چاوەڕوانکراوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کورد دەیەوێت چی بکات؟ تا کەی ئێمە دوعای ئەوە بکەین کە کورد یەکگرتوو بێت؟ دیسان کورد خەیانەت نەکات و دەستی دوژمن نەگرێت؟ لە ئێستادا هەموو کەسێک بە ئاسانی دەتوانێت ئاگاداری زانیارییەکان بێت، هەر بۆیە پێویستە هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ شەڕی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دوژمن بکەین، هەروەها چۆنییەتی بەرەنگاربوونیشی گرنگە.

 

من ئۆمێدێکم بە دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی کوردستان نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسی نەتەوەیی دەکات، هەر بۆیە پێویستە هەر تاکێک پشتیوانی خۆی بۆ ڕۆژئاوا نیشان بدات، هێرشی زۆر گەورە لە بەرامبەر کورد هەیە، بەڵام دەرفەتی گەورەش هەیە و لە مێژووی نزیکەوە لێ بڕوانین، کورد دەرفەتێکی بەم شێوە گەورەیەی بۆ دروست نەبووە و بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، گرنگ ئەوەیە هەموومان پێکەوە کۆڵنەدەین و بەرەنگاری پلانی دوژمنان ببینەوە، رۆڵی هاوڵاتیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات کاریگەرەو  هاوڵاتیان دەتوانن چالاکی گەوەرەی مەدەنی بکەن، بۆ ئەوەی کە وڵاتانی زلهێز جارێکی دیکە کورد نەکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

 

هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و پێدەچێت کە پیلانگێڕییەکیش لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێبکرێت، ئایا بوونی سیستمی کونفدرالیزمی دیموکراتیک لەم ناوچەیە دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ هێرشەکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان؟

ئەمە سیستمێکە ساڵانێکە دروست بووە و خۆی دەپارێزێت و لە ساڵانی ڕابردوودا خۆبەڕێوەبەری توانی جێگای خۆی لە ناوچەکە بکاتەوە و قبوڵکراو بێت، با لە بیر نەکەین ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان شتێکیان کرد کە نەک تەنها ژنانی کورد، بەڵکو هەموو ژنانی جیهان شانازییان پێوە دەکەن، بۆیە ئەم نموونە لە خۆبەڕێوەبەری چەندە دۆژمنی هەبێت، دۆستی لە شەقامەکاندا زۆرترە، خەڵکانێک هەن کە بە دڵ دەیانەوێت ئەم مۆدێلە سەرکەوتوو بێت، ئەم خۆبەڕێوەبەرییە وەک ڕزگارییەک لە سیستمی پاوانخوازی جیهانی بۆ خۆیان دەبینن.

 

پێکنەهێنانی بڕیاری پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٤ سەربارەت بە هاوکاری هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە بارودۆخی ئێستادا چ بۆشاییەک دروست دەکات؟

من بەڕاستی لەو کەسایەتییە سیاسییانە کە لە ژێر کاریگەری دەوڵەتی تورکیادان، بێ ئۆمێدم، هەرچەندە دەسەڵات لە ژێر کاریگەری دوژمندا بێت، بەڵام خەڵک بەم شێوە نییە، سەرەڕای گەمارۆکان بیر لەوە دەکەینەوە کە چی بکەین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، پێویستە گەل واز لە کەسایەتییە سیاسییەکان بهێنێت و هەوڵی دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی بدات، دەبێت هەوڵ بدەن چۆن دەروازەی سێمێلکا بۆ بازرگانی کردن کراوەیە، بۆ هەناردنی هاوکارییەکانیش بکرێتەوە، نابێت ئەو خواردنەی ئێمە ئێستا هەمانە، خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا نەیانبێت، ئەو کەسانەی کە دوو جار کۆچبەر بوون، بۆ ئەوەیک ە بژین پێویستییان بە هاوکاری هەیە، دەبێت لە ئیستادا شتێک بۆ من زۆر سادە و ئاسایی بێت، بەڵام بۆ پێویستییەکانی ئەوان زۆر گەورە بێت، بۆیە گرنگە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هەموو ئەو کەسانەی هەست بە مەترسییەکان دەکەن هەڵمەتێک بەڕیوەببەن کە هەموو تاکێکی کورد لە جیهاندا  هەست بەوە بکات ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە پشتیوانی مرۆیی، مەعنەوەی و سەربازی هەیە، بەم شێوازە دەتوانین ئەم دەرفەتە کە بۆ کورد دروستبووە بپارێزین.

 

بەردەوام دەوترێت هەولێر بێدەنگە، بەڵام لە لایەکی ترەوە خەڵک بۆ هاوکاری و پشتیوانییەکان چالاک بوون، ئێوە وەک چالاکوانێک کە خۆتان لەوێ دەمێننەوە، پێتانوایە دڵی خەڵکی هەولێر لەگەڵ کێدایە؟

ئەو کەسانەی لە دوورەوە ڕەخنە لە خەڵکی هەولێر دەگرن، غەدرێکی زۆریان لێدەکەن، هەر کاتێک کە کورد پێویستی بە هاوکاری هەبووبێت، خەڵکی هەوڵێر پشتیوانی خۆی نیشانداوە وەک؛ پێشوازی لە خەڵکی ئاوارە، هاوکاری مرۆیی  و چوون بۆ شەڕ، بۆیە هەر ژیان لە ژێر ئەو سیستمەی لە ئێستادا لە هەولێر هەیە، ئازایەتییەکی گەورەی دەوێت، سەرەڕای ئەوەی کە خەڵک مووچە وەرناگرن و خەڵکی هەوڵێریش لە ڕووی ئابووری، خزمەتگوزاری و بازرگانییەوە لە ناو گەمارۆدان، بەڵام بە دەیان تەلەفۆن بۆ من و هاوڕێیانم کراوە کەی کەمپەین ڕادەگەینن، چی بکەین و پێویستی بە چی هەیەم هیوادارم ئێدی بەم تێڕوانینە سەیری هەولێر نەکەن، چونکە ئەمە بێ ویژدانییە.

 

بانگەوازی ئێوە بۆ خەڵک چییە؟

هیوادارم خەڵک نەکەونە ژێر کاریگەری پلانی دوژمن و ئەو شەڕە دەروونییە کە دەیانەوێت لە سەر هەر تاکێکی کوردی جێبەجێبکەن، بە دەستەواژەگەلێک وەک کوردستانی باشوور، کودستانی باکوور... ، تا دەگاتە شارەکان، گوندەکان و لە کۆتاییدا لە نێوان هەر تاکێکدا، دەیانەوێت پەرتەوازی لە ناو مێشکی هەر تاکێکدا بچێنن، ئەمە پەرتەوازییەکی سیاسییە، خەڵکی کوردستان هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکات و دڵنیام ئامادەن کە چی پێویستە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بیکەن، شتی گرنگ ئەوەیە کە ئێمە زەخت لە کردنەوەی سنووری سێمێلکا بکەین، خەڵک دەبێت ڕێگر بێت لەوەی جاڕێکی تر دەسەڵات نوێنەرایەتی دوژمن بکات بۆ پارچەکردنی خەڵکی کوردستان.