پەرلەمانتارێک: پەرلەمان کارتۆنێکە و ئەدای دوو حزبەکە دەکات

پەرلەمانتاران کەتوونەتە بەر لێشاوی دەسەڵات، ئەم جارە ژنە پەرلەمانتارێک کراوەتە ئامانج و بە بێ ئاگاداری مووچەکەی لێبڕدراوە، دەشڵێت: دەسەڵات هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ترساندنی خەڵک و ناشرین کردنی پەرلەمان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ٢٠١٨ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی فەرمانبەران و مامۆستایاندا، شایەن کاکە ساڵح کە مووچەخۆرێک بووە، ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکان دەکات، لە لایەن پیاوێکەوە بە ناوی "سەنگەر عەباس" هێرشی دەکرێتە سەر، بەڵام سەرباری ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر شایان کاکە ساڵح، بەڵام هێشتا شایان تاوانبار کراوە بە ناوزڕاندن.

ئەم کەیسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگاندانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی شایان کاکە ساڵح دەبێتە پەرلەمانتار لە فراکسیۆی گۆڕان، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی هەولێر و بە بێ ئاگاداری شایان پێنج یەکی مووچەکەی گلدراوەتەوە.

 

موچەکەی دەدرێتە هێرشکارەکە

ئێستا مووچەی پلەی باڵا ٪٥٠ لێدەبڕدرێت، بە پێی بڕیارەکەش شایان کاکە ساڵح مانگانە پێنج یەکی مووچەکەی بۆ کەسی هێرشکار لێدەبڕدرێت تا کۆی پێبژاردنەکە تەواو دەبێت، بەوەش مانگانە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار لە مووچەی شایان کاکە ساڵح دەبڕدرێت، تا ئەو کاتەی قەرەبووی ناوزراندنی هێرشکار سەنگەر عەباس تەواو دەبێت کە حەوت ملیۆن و ١٧٠ هەزار و ٥٠٠ دینارە و دادگا بڕیاری لێداوە.

شایان کاکە ساڵح لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها، دەربارەی دادگاکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە دادگاکان دادپەروەرنین و دادوەرەکان فشاری زۆریان لەسەرە، دەسەڵات خەڵک چاوترسێن دەکات تا بە هاوڵاتیان بڵێت مافت نییە داوای مافی خۆت بکەیت، دەشڵێت: "پەرلەمان لە بەرچاوی هاوڵاتیان ناشرین دەکرێت".

 

هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران

ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان خولێکی پڕ لە کێشمەکێش بووە بۆ پەرلەمانتاران، بەوەی چەندین جار ڕووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە، لەوانە لێسەندنەوەی پارێزبەندی، سکڵا تۆمارکردن، لێبڕینی مووچە، ڕێگە نەدان بە چوونە پەرلەمان، لێدان لە پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان و تەنانەت کوژاندنەوەی کامێراکانی ناو هۆڵی پەرلەمان پێشێلکارییە بەرامبەر بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەکرێت.

 

لە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا شیرین ئەمین و دوو پەرلەمانتاری دیکە بە هۆی سکاڵای وەبەرهێنێک بانگ دەکرێنە دادگای گەرمیان، تا وتەیان لێ وەربگیرێت.

ڕۆژی ١ی شوباتی ئەم ساڵدا پارێزبەندی لەسەر هەردوو پەرلەمانتار "عەلی حەمە ساڵح و دابان عومەر" لە فراکسیۆنی گۆڕان هەڵگیراوە و ساڵی ڕابردووش لە ٧ی ئایاردا پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر هەڵگیرا و دواتر دەستی لە کار کێشایەوە.

 

شایان کاکە ساڵح، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پارتی و یەکێتی پەرلەمانیان کردووەتە شوێنی گەمەکانیان، سەرجەم بڕیارەکانی کە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و دژی هاوڵاتیانە لە پەرلەمانەوە دەردەچن، هەروەها ئاماژەش بەوە دەکات "ئەو پەرلەمانەی کە هەیە کارتۆنییە و تەنها بۆ ئەوەیە بڵێن هەرێمی کوردستان پەرلەمانێکی هەیە.

 

ت.پ