پانێڵی بەسە ژن کوشتن بێ ڕۆڵی ڕێکخراوەکانیان هێنایە بەرباس
لە چوارچێوەی کارەکانی ڕێکخراوی ژنان بۆ ٨ی مارس و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی ژنان، کەمپەینی بەسە ژن کوشتن پانێڵێکی ڕێکخست و بێ ڕۆڵی ڕیکخراوەکانی لە هەمبەر کێشەکانی ژنان خستەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ لە هۆڵی خاک، کەمپەینی بەسە ژن کوشتنم پانێڵێکی دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە بوارەكانی كۆمەڵایەتی، یاسایی، ئابووریی و ڕێكخراوەیی، ڕێکخست بە دروشمی "ژنان لە ڕابەرایەتیدا ئایندەیەکی یەکسان بەدیدەهێنن".
پانێڵەکە بە بەشداری هەریەک لە پارێزەر شۆخان ئەحمەد، نوسەر و مامۆستای زانکۆ چۆمان هەردی و چالاکوان دڵسۆز زەنگەنە بەڕێوەچوو و باس لەوە کرا کە لە جیهاندا کارکردنی ژنان لە سێکتەرەکانی کارکردن، سەرکردایەتی و هەر پێگەیەکی دیکەدا ناگاتە ئاستی بەشداری پیاوان تیایدا، ئەمەشکاریگەری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆمەڵگەیە کە باوەڕیان بە تواناکانی ژنان نییە.
لە پانێڵەکەدا ڕەخنە لە ڕێکخراوەکانی ژنان گیرا بەوەی نەیانتوانییەوە وەڵامدەرەوەیەکی باشی کێشەکانی ژنان بن و ئاوەشیان وت کە "هێشتا شێڵتەر و ڕێکخراوێکی تەندروست و پارێزراو نییە بۆ ئەو ژنانەی کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، هەروەها زۆر جار ڕێکخراوەکان کەیسی ژنان یەکلایی ناکەنەوە و دەستبەرداری دەبن، بۆیە نەیانتوانیوە فشارێکی وەها لەسەر کۆمەڵگا و دادگاکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستبکەن تا سنورێک بۆ توندووتیژییەکانی سەر ژنان دابنرێت".
ت.پ