میدیا عەبدوڵا: پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان مەترسییە بۆ سەر دەوڵەتانی دراوسێ

میدیا عەبدوڵا چالاکوانی مافی مەدەنی باس لە دووبارە سەرهەڵدانەوە و ئامانجەکانی پشت زیندووکردنەوەی داعش دەکات، دەیهێنێتە زمان دەوڵەتانی دراوسێ دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی دروستبکەن تا مەترسی سەر وڵاتەکەیان دووربخەنەوە و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکەن.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- دووبارە هێرشکردن و خۆدەرخستنەوەی چەتەکانی داعش، هێرشکردنە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان و لە باشوری عێراقیش هێرشکردنە سەر گوند و هاوڵاتی مەدەنی پەیامی پەشێوی نانەوە و نائارامی ناوچەکەیە بە گوێی جیهاندا.

 

چەتەکانی داعش و دەوڵەتانی پشتیوانی، هەرکاتێک پێگەیان لەق ببێت لە ناوچەکەدا، یاخود خوازیاری جێبەجێکردنی پیلان و بەرژەوەندییەکانیان بن، بە زیندووکردنەوە و هێرشی داعش هەبوونی خۆیان دەردەخەنەوە، پلانەکان سیاسین و قوربانی سەرەکی هاوڵاتی مەدەنین.

 

میدیا عەبدوڵا، چالاکوانی مافی مەدەنی، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی نوژنها، هۆکاری هەبوونی گروپە تیرۆیستی و توندڕەوەکانی وەک داعش بۆ بۆشایی سیاسی و سوود وەرگرتن لە بیر و هزری کۆمەڵگە دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت: هەر گروپێکی لەوشێوەیە لە سەرەتای سەرهەڵدانیان باس لە چاکسازی و خزمەت دەکەن بەڵام ئامانجی سەرەکییان گەشتنە دەسەڵاتە لە هەر ناوچەیەک بێت، ڕێکخراوێکی وەکو داعش کە دروستدەبێت سود وەردەگرێت لە بیر و ئایدیای کۆمەڵگەکە، چونکە ئەگەر لە ناوچەیەکدا کە بیروبۆچوون یان دینێکی جیاوازی هەبێت کاریگەری نابێت، لەم ناوچەیەشدا چونکە ئاینی ئیسلام لای کۆمەڵگەکەی پیرۆزە، ڕێکخراوەکان سوود لە هەست و سۆزی ئاینی ئەو کەسانە وەردەگرن، یاخود لە نادادپەوەری و ناهەمواری ژیانی هاوڵاتی بۆ ڕاکێشانی ئەندام بۆخۆیان".

 

میدیا عەبدوڵا باس لەوەدەکات بە هۆکاری سیاسەتی ناوخۆی یاخود دەوڵەتانی دراوسێوە بەردەوام هەرێمی کوردستان لە نائارامی و تەنگژەی سیاسیدایە، "چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام و پێگەیەکی بەهێزی هەبێت مەترسییە بۆ دەوڵەتانی دراوسێ کە هاوشێوەی ئێرە کوردی تێدا دەژی، بۆیە هەموو دەوڵەتانی ئاستی دەرەوە سیاسەتیان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە و سوود لە نائارامی ناوچەکە وەردەگرن، بۆیە لە ڕووی زهنییەوە کار لەسەر تاک دەکەن کە بەردەوام ناڕازی بین و لە ڕووی دەسەڵاتیشەوە دوو بەرەکی لە نێوان حزبە کوردییەکان دروستدەکەن".

 

"دروستبوونی هەرێم لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستان مەترسیە بۆسەر دەوڵەتی ئێران و تورکیا"

ئەو چالاکوانە بەردەوامی داعش بۆ گۆڕانکارییەکانی لە ناوچەکەدا هەیە، دەگەڕێنێتەوە، "دروستبوونی کیان-هەرێمێک لە باشوری کوردستان سەرەڕای کەموکورتییەکانی و ڕۆژئاوای کوردستانیش کە توانی لەو گۆڕانکارییانەی لە سوریادا ڕوویدا کیانێکی بە هەوڵ و کۆششی خۆیی و هەندێک هاوکاری هاوپەیمانان دروستبکات، مەترسییە بۆ سەر دەوڵەتی ئێران و بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا"، میدیا عەبدوڵا سەبارەت بەو مەترسیانە ئەوە دەهێنێتەوە سەر زمان کە هەبوونی کیان لە دوو پارچەی کوردستان هێز دەداتە جوڵانەوە کوردییەکانی لە باکوری کوردستانن و بەرەو خواستی زیاتری سەربەخۆیی تێکۆشان دەکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لەگەڵ هەموو ئەمانەدا دەوڵەتی تورکیا بەرژەوەندی خۆی لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستاندا دەبینێت، چونکە لە ناوچەکەدا سامانی سروشتی و نەوتی زۆری هەیە، هەرچەندە تورکیا وڵاتێکە لەسەر گەشتیاری دەژی بەڵام داگیرکردنی ئەو ناوچانەی نەوتیان هەیە ئامانجێکی تری دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئەمەش تورکیا نائارامی ناوچەکەی دەوێت تا بەرژەوەندی سیاسی و ئابورییەکانی پێکبهێنێت.

 

میدیا عەبدوڵا دەڵێت: "دەوڵەتی تورکیا پاڵپشتێکە بۆ بەهێزبوونی داعش، چ بە ڕاهێنانی بێت، چ بە پەیداکردنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ماددی و گونجاندن و مەرجدادان بۆ دەوڵەتانی وەک ئەمریکا، تا بێدەنگی لە جوڵانەوەکانی داعش بکەن".

 

"ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن هەمووی بەرنامە بۆداڕێژراون"

میدیا عەبدوڵا، وەک چالاکوانێک سەبارەت بە هاوکاتی هێرشەکانی داعش لە عێراق و زیندانی غوێران لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کامپی مەخمور، شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت ئەوەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن بەرنامە بۆدارێژراوە، نەبوونی سەروەری و هێزی دەوڵەتی سوریا و عێراقیش بۆ هۆکاری دەستکراوەی دەوڵەتی تورکیا دەزانێت.

 

"ئەوەی لە زیندانی غوێران لە حەسەکە ڕوویدا بەرنامە بۆداڕێژراو بوو، بەڵام سوود لە ناهەمواری سەردەمی کۆرۆنا و دۆخی زیندانیان وەرگیرا تا بوترێت ئەمە ناڕەزایەتی ناوخۆی زیندانییەکانە، لە کاتێکیشدا بوو کە ڕؤژئاوای کوردستان بە فەرمی داوای لە دەوڵەتانی جیهان کرد زیندانییە داعشەکان ببەنەوە و لە دادگای وڵاتەکەیدا دادگاییان بکەن، چونکە داعش ڕێکخستنێک بوو مەترسی بوو بۆ سەر مرۆڤایەتی، بۆیە پلانەکان لەسەر بنەمای چەند دەوڵەت بێت بۆ بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری خۆیانە، بەو واتایەی لەم هەرێمەدا هەموو شتێک بە پلانە".

 

لەکۆتایی قسەکانیدا میدیا عەبدوڵا، چالاکوانی مافی مەدەنیی، چارەسەری دەخاتەڕوو، دەڵێت: هاوخەمی و هاودەنگی بۆ نیشتمان بنەمایەکە هیچ سیاسەتێک ناتوانێت لەناوی ببات، لەسەر ئاستی نەتەوایەتی ئەگەر میللەتێکی یەکگرتوو و هاوخەمی یەکتر و دوای بەرژەوەندی تایبەتی نەکەوین و بەرژەوەندی حزبی وەلا بنێین، دەتوانین ئامانجمان هەبێت و لەسەر ئاستی دەوڵەتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی وەک میللەتێک بەدوای مافەکانماندا بچین، دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان، بەتایبەت لە سەردەمی جیهانگیریداین دەتوانین ڕای گشتی بەلای خۆشماندا ڕابکێشین".

 

ت.پ