لەیلا بیرلیک: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە شەڕی جیهانیی سێیەمدا گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکات

لەیلا بیرلیک وتەبێژی کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە دەربارەی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ناردنی نامە بۆ ناتۆ بۆ ئاژانسی ژنها دوا، ئاماژەی بەوەشدا دەوڵەتی تورکیا ئامانجی داگیرکاری، کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد و لەناوبردنی ژنی کوردە.

 

تەوار پێنجوێنی

ناوەندی هەواڵ- بە پێشەنگایەتی کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی بەتەوەیی کوردستان-کەنەکە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بە دروشمی "کۆمەڵکوژی و ژنکوژی دەوڵەتی تورکیا بۆ کوردان بوەستێنن" دەستیپێکرد، لەگەڵ ئەوەشدا نامەیەکیان دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاڕاستەی ڕێکخراوی باکوری ئەتڵەسی-ناتۆ کرد و داوایان لە هاونیشتمانیان، وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان کرد لە ڕێگەی واژۆی ئەلکترۆنییەوە دەنگی خۆیان یەک بخەن بۆ وەستاندنەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

 لەیلا بیرلیک وتەبێژی کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها باسی لە ئامانجی دەستکردن بە کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە بۆ "کۆمەڵکوژی و ژنکوژی دەوڵەتی تورکیا بۆ کوردان بوەستێنن" و ناردنی نامەیەک بۆ ڕێکخراوی باکوری ئەتڵەسی - ناتۆ کرد، ئاماژەی بەوەدا: بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە دەوڵەتی تورکیا ماوەیەکە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکردووە و دەیەوێت داگیرکاری لەسەر خاکی باشوری کوردستان ئەنجام بدات، ئامانجیشیان قڕکردنی گەلی کوردە، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە لە هەمان ڕۆژی ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و لەوکاتەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانیان بە جینۆساید ناساند و تورکیایان تاوانبار کرد، دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر باشوری کوردستان و ئەو پەیامەی دا کە کوردانیش وەک ئەرمەنییەکان کۆمەڵکوژ دەکەم.

 

"دەیەوێت لە شەڕی جیهانیی سێیەمدا گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکات"

لەیلا بیرلیک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لەم سەد ساڵەدا گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکات: لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی کۆمەڵکوژ کران، لە شەڕی جیهانیی دووەمدا یەهودییەکان نزیکەی ٣ ملیۆنیان لێ کۆمەڵکوژ کرا، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕی جیهانیی سێیەم گەلی کورد کۆمەڵکوژ بکات، ئەمانەش بە ڕێکەوت ڕوونادەن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جوگرافیا گۆڕانی بەسەدا دێت و سنوری دەوڵەتان دەگۆڕێت، لەم چوارچێوەیەشدا دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ناوچەی فەرمانڕەوایی خۆی فراوان بکات و بە هەموو هێزییەوە هێرش دەکاتە سەر باشوری کوردستان.

 

 

"ئامانجی ناتۆ هێنانەدی ئاشتییە، ئێمەش دەمانوێت بەرپرسیارەتی خۆی جێبەجێ بکات"

لەیلا دەربارەی ناردنی نامەی کۆمسیۆنی ژنانی کەنەکە بۆ ناتۆ دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لە ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ، لە جیهانیشدا ئەو ڕێکخراوە باڵادەستی هەیە و ئامانجیشیانە لە جیهاندا ئاشتی بهێننە دی، لە هەر جێیەکیش ئاشتی نەبێت ناتۆ خۆی گەیاندووەتە ئەوێ و هەوڵی هێنانەدی ئاشتی داوە، بۆیە کاتێک یەکێک لە ئەندامانی ناتۆ کە دەوڵەتی تورکیایە پەیمانی ئاشتی دەشکێنێت و هەڵدەستێت ولاتێک بۆردوومان دەکات ئەمە ناگونجێت، بۆیە ئێمە وتمان دەبێت ناتۆ بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێبکات و ئاشتی بپارێزێت، ئەندامێکی نرخی ناتۆ دەشکێنێت ئەمە نابێت، ئێمەش وەک ژنانی کورد ئامانجمان لە ناردنی ئەو نامەیە بۆ ناتۆ ئەوەبوو کە ناتۆ بە کاری خۆی هەستێت و ئەو شەڕە وێرانکەرە بووەستێنێت کە ئامانجی قڕکردنی گەلی کوردە و ژنی کوردە.

 

"دەوڵەتی تورکیا هەوڵی کۆمەڵکوژ کردنی ژنی کورد دەدات"

وتەبێژی ژنانی کەنەکە باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد بۆ سەر ژنان و وتی: بینیمان لە کاتی هێرشەکانیان بۆ عەفرین، کۆبانێ و سەرێکانی و لە هەر شوێنێک داگیرکارییان کرد، تاڵانی و دەستدرێژییان کردە سەر ژنان و ڕفاندیانن، بۆیە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هەم داگیرکاری خاکی باشور بکات، گەلی کورد لەناو ببات، هەم یەکێک لە ئامانجەکانیشی قڕکردنی ژنی کوردە، بۆیە ئێمە وتمان دەست بەو کەمپەینە دەکەین و نامە بۆ ناتۆ دەنێرین هەتا بە ئەرکی خۆی هەستێت و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕابگرێت.

 

بەستەری واژۆ کردن بۆ کەمپەینەکە:

Petition · Stop the Turkish Stat's Genocide and Femicide of the Kurds! · Change.org

 

 

ت.پ