کەوانی زێڕین، لانکەی شارستانیەت و ناوچەی ململانێکانی سەردەم

کەوانی زێڕین یاخود هیلالی بەپیت، جوگرافیای دەستپێکردنی مرۆڤایەتی و ناوچەی ململانێکانی سەردەم، بەپیتی خاکەکەی و مێژووە دەوڵەمەندەکەی کردوویەتییە ناوچەیەکی پڕ ململانێ کە دەوڵەتانی زلهێزی جیهان هەوڵی فراوانکردنی هەژموونی خۆیانی تێدا دەدەن.

 

تەوار پێنجوێنی

ناوەندی هەواڵ- کەوانی زێڕین یاخود هیلالی بەپیت لانکەی شارستاییەت و سەرەتای ئاوابوونی کۆمەڵگە و ژیانە، لەم ناوچەیەکەدا یەکەم مرۆڤ ژیاوە و یەکەم ئاگر کراوەتەوە، هەر لەم ناوچەیەشدا کشتوکاڵ کرا و بە دروستکردنی کڵان و خێزان کۆمەڵگەیی بوون دەستیپێکرد، هەر هەمان ناوچەشە کە هەڕەمی دەسەڵاتداری تێیدا ئاواکرا.

 

کەوانی زێڕین مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی نۆیەمی پێش زاین، ڕۆژهەڵاتناسی ئەمریکی جەیمس هێنری سیتد ناوی "هیلالی بەپیت"ی لێناوە، چونکە خاکێکی بەپیتی هەبووە بۆ چاندن، خاوەنی چەندین ڕووبار و دەریا و سەرچاوەی ئاوی بووە، ناوچەکە بە نەوت و کانزاکان و ماددەی ژێر زەوی دەوڵەمەندە، هەروەها کەشوهەوایەکی لەباریشی هەیە کەلە زۆرترین شوێندا چوار وەرزی ساڵ دەردەکەوێت، بەتایبەت لە میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیل-دا.

کەوانی زێڕین کە درێژەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس تۆرۆسە، ڕووبەرێکی فراوانی هەیە و ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە دەکەونە میزۆپۆتامیا و باكور و ڕۆژئاوای سوریا، تا باكوری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری نیل.

 

بە وردی کەوانەکە لە کەنداوی فارسەوە دەستپێدەکات، بە دەشتی میزۆپۆتامیا و زنجیرە چیاکانی زاگرۆسدا هەڵدەکشێت بەرەو باکور تا دەگاتە باشوری چیاکانی ئاگری-ئارارات.

لە ئاگرییەوە دەسووڕێتەوە بەرەو ڕۆژئاوا، باکوری زنجیرە چیاکانی تۆرۆس دەگرێتە خۆی تا دەگاتە سەر دەریای ناوەڕاست، بەرەو لێوار و کەناراوەکانی ئیسرائیل و فەلەستین و لوبناندا شۆڕدەبێتەوە تا دەگاتە بیابانی سینا و میسر و لێوارەکانی ڕووباری نیل.

 

کەوانەکە لە رۆژئاوا و باکوری سوریاوە دێتەوە خوار بەرەو موسڵ و لێوارەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە تا لە کەنداوی فارس دادەخرێتەوە.

کەوانی زێڕین- هیلالی بەپیت، ئاماژەیەكە بۆ بەپیتی و دەوڵەمەندی ناوچەکە، کشتوکاڵ لەسەر دەستی دایک-ژن لەم ناوچەیەدا سەریهەڵداوە، لانکەی شارستانییەت و مرۆڤایەتییە، شارستانیە دێرینەكانی وەک سۆمەر، ئور، ئەكەد، بابل، ماددەکان، نەبەتی، ئاشوری، كەنعانی و فینقی لە کەوانەکەدا سەریان هەڵداوە، هەروەها زۆرێک لە ئاینەکانی وەک زەردەشتی، ئێزدی، یەهودی، مەسیحی، غەنوسی، ئیسلام و جوو و چەندانی دیکە لە هەناوی کەوانەکە دروستبوون.

 

بەهۆی ئەوەی لانکەی شارستانییەت بووە، نەتەوە و گەلی جیاوازی تێدا بووە و بە هەزاران ساڵە لە ناوچەکەدا نێشتەجێن، دەوڵەمەندی خاکەکەش وایکردووە ببێتە شوێنی ململانێکان لەنێوان وڵاتانی زلهێزدا تا هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە فراوان بکەن،

 

کەوانی زێرین، ڕێگای ئاوریشمی پێدا تێپەڕیوە، ئەو ڕێگایە لە حەوت هەزار ساڵی ڕابردووەوە شادەماری بازرگانی نێوان کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا بووە، بۆیە لە سەردەمی کۆندا بووەتە چەقی ململانێی ئیمپراتۆریەتەکان و لە ئێستاشدا دەوڵەتە زلهێزەکان.

"پێگەی کوردستان لە کەوانی زێڕیندا"

کوردستان دەکەوێتە ناوجەرگەی کەوانی زێڕینەوە، مێژووش پێمان دەڵێت کوردستان شوێنی دەستپێکردنی ژیان و ناوەندی بڵاوبوونەوە بووە بە جیهاندا، بۆ نمونە حەسەن کێف، کە شارۆچکەیەکی باکوری کوردستانە دەکەوێتە سەرشانی ڕووباری دیجلە لە پارێزگای باتمان، مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورک و بەناوی دروستکردنی بەنداوی گاپ-ەوە ژێرئاو کەوتووە.

 

شاری ئورفا لە باکوری کوردستان، مێژووەکەی نزیکەی ١١ هەزار ساڵ پ.ز، بە شاری پێغەمبەران ناسراوە چونکە چەندین ئاین لەم شارەدا سەریهەڵداوە، مەڵبەندی شۆڕشی کشتوکاڵ و گوند بووە.

 

گوندی چەرمۆ، لە ڕۆژهەڵاتی شاری چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٧ هەزار ساڵ پ.ز مەزەندە دەکرێت و بەپێی لێکۆڵینەوەکان ١٢ شارستانییەتی پێداتێپەڕیوە.

 

نەوالی چۆری یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی باکوری کوردستان لە نزیک فورات، مێژووەکەی بۆ هەزارەی ١٠ی پ.ز دەگەڕێتەوە، هەروەها شوێنەوارەکانی یەبوردی لە نزیک عەفرین، گەنج دەرە لە کرماشان، گوندی نەمرکێ نزیک لە دهۆک، شوێنەواری مەتارە لە کەرکوک، تەلحەلەف-جۆزان لە سەرێکانی و ئەرپەچی و تەپەکورە لە موسڵ و چەندین شوێنەواری دیکە کە مێژووەکانیان کەمتر نییە لە ١٠ هەزار ساڵ پ.ز بەڵگەیی دێرینی و بوونە لانکەی شارستانیەتی کوردستانن.

 

داگیرکردنی کوردستان لەلایەن دەوڵەتە یەک لەدوا یەکەکان

کوردستان، خاکی دابەشکراو، بەهۆی دەوڵەمەندی فەرهەنگی، پێگەی ستراتیژی، گرنگی لەڕووی ئابوری و سیاسییەوە کە ئەڵقەی بەستنەوەی کیشوەرەکانی ئەفریقا، ئەوروپا و ئاسیایە بووەتە جێگەی ململانێی دەوڵەتانی زلهێز کە هەژموونی خۆیان لە جیهاندا فراوان دەکەن، دەکرێت سۆمەرییەکان بە گەلانی سەرەتایی دابنرێن کەلە میزۆپۆتامیا و کوردستاندا ژیابن، دوای سۆمەرییەکانیش چەندین گەلی دیکەی وەک هۆری، لۆلۆیی، خامازی، سیمورم، گۆتی، نایری، موشکو، ماننا و ماددەکان ژیاون، کە هەریەکەیان کاریان لەسەر سڕینەوەی پێشخۆی کردووە، ئەم گەلانەش بەشێکیان بە ڕەچەڵەکی کورد دادەنرێن.

 

دوای کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆرییەتی ماد (٧٠٠-٥٥٠پ.ز) و هاتی پارسەکان دەستگرتن بەسەر خاک و مێژووی کورددا دەستیپێکرد.

دوای دروستبوونی میرنشینەکان لە سەدەی ١٠ بۆ ١٥ی زاینیدا دەسەلاتداری ناوچەکە بەدوای یەکدا کەوتە دەست شەدادی، ڕەوادی، حەسنەوی، مەروانی، سەلجوقی و مەغۆل و لەکۆتاییدا سەفەوی و عوسمانییەکان دەستیانگرت بەسەر کوردستاندا، شەڕی چاڵدێرانیش کە لە نێوان سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی و شا ئیسماعیلی یەکەمی سەفەوی لە ساڵی ١٥١٤ ڕوویدا و دواتر لە ڕیککەوتنی قەسری شیرین(١٦٣٩) کرا، کوردستان بۆ ١٢٤ ساڵ کرایە دوو بەش.

 

تا جەنگی جیهانیی یەکەم دوو بەشکردنی کوردستان بەردەوام بوو، لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠دا پەیماننامەی سیڤەر مۆرکرا لە نێوان وڵاتانی براوەی جەنگی جیهانیی یەکەم (بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و چەند وڵاتی دیکە) بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناوچانەی ژێردەسەڵاتی عوسمانی کەلە جەنگەکەدا دۆڕاندبووی، پەیماننامەکە لە ٤٢٢ ماددە پێکهاتووە، لە بەندەکانی ٦٢-٦٣-٦٤دا باس لەوەدەکات کە فەرمانڕەوایی خۆجێی بۆ ناوچە کوردنشینەکان جێبەجێبکرێت و دەشبێت دەوڵەتی عوسمانی پەیڕەوی بکات.

ئەم پەیماننامەیە ئەگەرچی مافی کوردەکانی دەدا و ئەگەری سەربەخۆبوونی بەشێکی کوردستانی هەبوو، ئەمەش لە بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکاندا نەبوو، بۆیە هەڵوەشایەوە و لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣دا پەیماننامەی لۆزانی بەسەرداهات.

 

لە پەیماننامەی لۆزاندا کوردستان کرایە چوار پارچە، هەر چوار دەوڵەتی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا دامەزران، ئەگەرچی کوردستان کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی ئەو چوار دەوڵەتەوە بەڵام هەریەک لە ڕوسیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، سعودیە و وڵاتانی دیکەی خاوەن ئابووری و هێز دەستوەردان لە بەڕێوەبردن و کپکردنی دەنگی کوردان دەکەن، هەموو ئەمانەش لەپێناو زیاترکردنی هەژموونی خۆیان و تاڵانکردنی خاکی بەپیت و پڕ لە کانزاکەی کوردستاندا.

ئەگەرچی سەدان ساڵە داگیرکردن و قڕکردنی کوردان لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام کوردان لە هەموو سەردەمە جیاوازەکاندا بەرخۆدانیان بەردەوام بووە، شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران، و شێخ مەحمود حەفید، سەید ڕەزای دەرسیم، قازی محەمەد لە مهاباد و سمکۆی شکاک شاهیدی قبوڵنەکردنی ژێردەستەیی و لەناوبردنی کوردن.

 

لە سەردەمی نوێشدا بەرخۆدانییەکانی گەلی باکوری کوردستان دژی دەوڵەتی تورکیا و خەونی زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی سیستمی سێدارە و لە باشوری کوردستان و چیابڵندەکانیی بەرخۆدان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا و شۆڕشی ڕۆژئاواش دوای هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٢دا توانییان ڕاستییەک بخەنە بەرچاو، کە کوردستان لانکەی شارستانییەتە و سیستمی ژێردەستەیی و هەژموونی دەوڵەتانی زلهێز پەسەند ناکات.

ت.پ