'ئەوان دەیانەوێت ڕێگری لە خەباتی ژنان بگرن و گورزی لێبوەشێنن"
یەڵدا ئەحمەد، دەروونناس و چالاکوان لە ئەفغانستان، باسی لەوەکرد، بە تیرۆرکردنی ژنانی کورد، دەیانەوێت خەباتی ژنان ڕابگرن و گورزێک لە بزووتنەوەی فێمینیست بدەن.
بەهاران لاهیب
کابول- پێش خەباتی ژنانی کورد لە دژی داعش، بزووتنەوەی ژنان چەقبەستوو بوو، زۆرێک پێیان وابوو کە ژنان ناتوانن چەک هەڵبگرن و مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی سەختی خەندەقەکاندا بکەن، بەڵام شەڕڤانانی ژن بە خەباتی بێوچانی خۆیان ئەو بیر و باوەڕانەیان تێکشکاند.
یەڵدا ئەحمەد، دەروونناس و چالاکوان لە ئەفغانستان، لە بارەی تیرۆر کردنی سیاسەتمەداری کورد فریال سلێمان خالید، کە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەم لە هێرشێکی چەکداریدا لە شاری کەرکوکی باشووری کوردستان تیرۆر کرا، وتی: بە تیرۆرکردنی ژنانی ئازا و خوێندەواری کورد وەک فریال سلێمان خالید، دەیانەوێت ڕێگری لە خەباتی ژنان بگرن و گورزێک لە بزووتنەوەی ژنان بدەن، بەڵام دەبێت هەموو لایەنەکان و لایەنگرانیان بزانن کە تا خوێنی تێکۆشەرەکان زیاتر بێت خەباتی ژنان زیاتر گەشە دەکات و بە هەزاران کەس ڕێگەکەیان بەردەوام دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمەی ژنانی ئەفغانستان ئازارێکی هاوبەشمان لەگەڵ خوشکە ئێرانی و کوردەکانمان هەیە، چونکە ئازارەکانمان هاوبەشە، تاڵیبان لەژێر پەردەی ئیخوان و مەلا و داعش و تاڵیباندا هەزاران کەسی کوشتم دوژمنە سەرسەختەکانیان ئەو ژنە تێکۆشەرانەن، کە ئاڵای ئازادی بەرز دەکەنەوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا یەڵدا ئەحمەد وتی: ئەگەر ژنانی هۆشیار لە هەموو جیهان یەکبگرن، دەتوانین بەهێزتر بەرەو پێشەوە بچین، بەتایبەتی کە هەمان ئازارمان هەیە، دەتوانین لە خەباتی یەکترەوە فێربین بۆ ئەوەی ببنە نمونە و لەگەڵ ئەمەشدا من ڕایدەگەیەنم کە لەگەڵ خوشکە شەڕڤانانی کورد و ئێرانی و ئەفغانستانم و ڕۆژێک سەرکەوتوو دەبین.