هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل وەدەرنانی سیاسی بەربڵاوی ژنان لە سووریا ئاشکرا دەکات

لە نێوان دابەزینی ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان بۆ ٢٠ لە کۆی ٢١٠ ئەندام لە ئەنجومەنی گەلدا، داواکارییەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی نوێنەرایەتیی زیاتر دەبن، ئەم داڕشتنەوەیە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە وەدەرنانی ناڕاستەوخۆو کە مسۆگەری بەشداریکردنی ژنان دەکات.

ئەسما محەمەد

 

قامیشلۆ- چەند چالاکوانێک دووپاتیان کردەوە، کە ڕاستی نوێنەرایەتی ژنان لە ئەنجومەنی گەلدا ڕەنگدانەوەی ناهاوسەنگییەکی بەردەوام و ڕوونە لە سیستەمی بەشداری سیاسیدا، میکانیزمەکانی پێکهێنانی ئێستا مسۆگەری ئامادەیی هاوسەنگ و کاریگەر بۆ ژنان لە پێگەی بڕیاردان و یاسادانان ناکات، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا دەیانهێڵێتەوە کە ڕۆڵی ڕاستەقینەی ئەوان لە کۆمەڵگەی سووریادا ڕەنگدانەوەی نییە.

 

لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی لە پێکهاتەی سیستەمی سیاسی و دامەزراوە یاسادانانەکاندا، سووریا شایەتحاڵی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل بوو کە لە ڕێگەی میکانیزمی جیاوازەوە بەڕێوەچوو، ئەم میکانیزمانە پشتیان بەو ئۆرگانە هەڵبژاردنانە بەستبوو کە لەلایەن حکومەتی جێبەجێکردنەوە دەستنیشانکرابوون، ئەمە جگە لە تەرخانکردنی یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆک کۆمار، ئەم میکانیزمانە کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە سەبارەت بە گونجانیان لەگەڵ ستانداردەکانی نوێنەرایەتی دیموکراتی و توانای ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵک بە هەموو فرەچەشنییەکەیەوە.

 

هەڵبژاردنەکان بووە هۆی سنوورداربوونی نوێنەرایەتی ژنان و لە کۆی ٢١٠ ئەندام تەنها ٢٠ ئەندامیان دەستەبەر کرد، وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ لاوازی ئامادەبوونی ژنان لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکدا سەیر دەکرا، کە بڕیارە ڕەنگدانەوەی فرەچەشنی کۆمەڵگەی سووریا بێت، ئەم دابەزینە دەرگای گفتوگۆی سەبارەت بە دادپەروەریی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕادەی بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لە بڕیارداندا کردەوە، بەتایبەتی بە بەراورد بە ڕۆڵی بەرچاویان لە ماوەی ساڵانی شەڕ و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کە وڵات شاهیدی بووە.

"ئەنجومەنێکی فەرمی"

ئامینە عومەر، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕەخنەی لەو میکانیزمانە گرت کە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی گەل بەکارهێنراون، ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوان لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازاد و ڕاستەوخۆ نین، بەڵکو لەسەر بنەمای پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی کە دامەزراندنەکان زاڵن بەسەریدا، ئەمەش بەشداریی گەل کەمکردەوە و نوێنەرایەتییەکی ناهاوسەنگی بەرهەمهێنا کە ڕەنگدانەوەی هەمەجۆریی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵات نییە، وتی: ئەم هاوکێشەی هەڵبژاردنە ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە قووڵانە نەبووە کە کۆمەڵگە لەم ساڵانەی دواییدا شاهیدی بووە، نە ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی کە ژنان لە کاری مرۆیی و سیاسیدا بینیویانە، هەڵگرتنی بارگرانییەکانی شەڕ، لەوانە ئاوارەبوون، کۆچکردن، لەدەستدانی بژێوی ژیان و دەستگیرکردن.

 

ڕوونیشیکردەوە، نوێنەرایەتی ژنان لەناو ئەنجومەنەکەدا زۆر سنووردار ماوەتەوە، لەکۆی ٢١٠ئەندام تەنها ٢٠ژن، ئەمەی بە وەدەرنانی پێکهاتەیی زانی کە ڕەنگدانەوەی بوونی ڕاستەقینەی ژنان لە ژیانی گشتیدا یان ڕادەی بەشداریکردنیان لە کاتی قەیرانەکاندا نییە، هەروەها پێکهاتەی ئێستای ئەنجومەنەکە زیاتر دەکاتە "ئەنجومەنێکی فەرمی" بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی لە نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا، کە ئەمەش توانای لاواز دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکە یاسادانان و چاودێریەکانی، کە پێویستە لەسەر بنەمای بەشداریکردنی فراوان بێت نەک دامەزراندنی سنووردار.

 

ئامینە عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە نەبوونی ژنان لەناو ئەنجومنی گەلدا تەنها بە لاوازی نوێنەرایەتی ژمارەیانەوە سنووردار نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو پرسانەیە کە دەوروژێنرێن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە مافەکانی ژنان و توندوتیژیی ڕەگەزی و مافەکانی منداڵ و خێزان، جگە لە پرسە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، وتی: نەبوونی دەنگی ژن دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی ئەو پرسانە لە چوارچێوەی کارنامەی یاسادانان و ناهاوسەنگی لە یەکەمایەتیەکان لە کاری پەرلەمانیدا دروست دەکات.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە بوونی ژنان لە دامەزراوە یاسادانانەکاندا دەبێت تەنها نوێنەرایەتی ئاماژەی تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی بەشداری چالاکانەیان لە داڕشتنی سیاسەتە گشتیەکان و خزمەتکردن لە لیژنەکانی پەرلەمان و هەڵگرتنی پۆستی سەرکردایەتیدا بگرێتەوە، هۆشداریدا لەوەی بەردەوامی دوورخستنەوەیان باڵادەستی تاکلایەنە بەهێز دەکات و بنەماکانی هاوبەشی و یەکسانی تێکدەدات.

 

لە چارەسەری پێشنیارکراویدا، داوای دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی ژنانی فراوانیکرد، کە ڕێکخراوەکانی ژنان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بگرێتەوە بۆ داکۆکیکردن لە نوێنەرایەتی کاریگەرانەی ژنان لە هەموو ئاستەکانی حکومەت و دەرکردنی مسۆگەری دەستووری ڕوون و دیارترینیان پشکی ژنان لە ٥٠٪ کەمتر نەبێت لە دامەزراوە فەرمییەکان، جەختی لە پێویستی بەشداری ژنان لە داڕشتنی دەستوور و خزمەتکردن لە لیژنەکانی یاسادانان و چاودێری بۆ دڵنیابوون لە یەکخستنی دیدگاکانیان لە بڕیاردان.

 

ئامینە عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕوونیکردەوە، کە بەردەوامی وەدەرنانی ژنان ڕێگای بونیادنانی دەوڵەتێکی سەردەمی لاواز دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر وێنەی وڵات لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەبێت، داوای پێداچوونەوە بە سیستەمی هەڵبژاردنەکاندا کرد بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە کە ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆڵی سروشتی خۆیان وەک هاوبەشی بنەڕەتی لە یاسادانان و بڕیاردان.

پێچەوانەی ڕێگای دیموکراتی

سەما بەکداش، وتەبێژی پەیەدە، ئاماژەی بەوەکرد، کە سووریا بە قۆناغێکی گواستراوەی هەستیاردا تێدەپەڕێت لەگەڵ هەنگاونان بەرەو بونیادنانەوەی سیستمێکی سیاسی نوێ دوای دەیان ساڵ لە حکومەتی ناوەندی و دوورخستنەوە، کە لەو ماوەیەدا ژنان لە پەراوێزترین گروپەکان بوون لە بەشداریی سیاسی و بڕیاردان، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی قۆناغی ئێستا، کە کۆتاییان بەم ڕێبازە نەهێناوە، بەو پێیەی ئامادەبوونی ژنان لە پێکهێنانی حکومەت و ئەنجومەنی یاساداناندا بە لاوازی ماوەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییەکە لە دیدگای سیاسی سەبارەت بە ڕۆڵی ئەوان لە دەوڵەتدا.

 

ڕوونیکردەوە، هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە بەشداری سنوورداری ژنانی ئاشکرا کرد، کە ئامادەبوونیان تەنها بە ئاماژەی و بێکاریگەر ماوەتەوە، زۆرجار لە ڕێگەی دامەزراندنی لاوازیەوە کە ڕەنگدانەوەی هاوبەشی ڕاستەقینە نەبووە، ئەم ڕاستیەی بە مەترسی لەسەر خودی سروشتی ئەنجومەنی یاسادانان زانی، چونکە دوورخستنەوەی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر بە واتای دوورخستنەوەی نیوەی کۆمەڵگە لە بڕیاردان دێت، ئەمەش پێچەوانەی هەر ڕێگایەکە کە بانگەشەی هەنگاونان بەرەو دیموکراتی دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نوێنەرایەتی نموونەیەکی جیاواز دەکات، کە تێیدا توانیویانە ببنە بەشێکی بناغەی خۆبەڕێوبەری و دامودەزگاکانی حکومەت، بەشداری دانوستان و ئۆرگانە سیاسییەکان بکەن، ئەمە جگە لەوەی ڕۆڵی سەربازییان لەناو یەپەژە دا هەیە، هەروەها ئەم ئەزموونە دەستکەوتی گرنگی وەک سیستەمی هاوسەرۆکایەتی و ئەنجومەنەکانی ژنان دامەزراندووە، دەستکەوتەکان کە دەبێت لەڕووی دەستووری و یاساییەوە چەسپێنرێن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی پێچەوانە نەکرێنەوە.

 

یەکخستنی هەوڵەکان

سەما بەکداش هۆشداری دا، لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی وڵاتانی دیکە کە ژنان لە قۆناغە گوازراوەییە هاوشێوەکاندا پەراوێزخراون و وتی: ئاڵانگاری ڕاستەقینە لە گۆڕینی بەشداریی ئێستای ژنان بۆ مسۆگەری هەمیشەیی لە چوارچێوەی دەستووری داهاتووی سووریادایە، داوای یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان لە سووریا کە لە ساڵانی ڕابردوودا فراوانتر بووە، بە ئامانجی بونیادنانی دیدێکی هاوبەش و پتەوکردنی کۆردیناسیۆن لە نێوانیاندا.

 

ئاماژەی بە گرنگی کەڵک وەرگرتن لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو ڕێککەوتننامەی سیداو و بڕیارنامەی ١٣٢٥ کرد، بۆ پشتیوانی لە بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و بڕیاردان، لە هەمان کاتدا جەختی لە پێویستی چالاککردنی ئەم پشتیوانییە لە ڕێگەی میکانیزمی سیاسی ناوخۆیی ڕوون کردەوە، هەروەها بونیادنانی هاوپەیمانییەکی نیشتمانیی فراوانی ژنان دەتوانێت گروپێکی فشاری ڕاستەقینە پێکبهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان و داڕشتنی دەستوور و دامەزراوە سەروەرییەکان و گواستنەوەی داواکارییەکانی ژنان لە قسەکردنەوە بۆ جێبەجێکردن.

 

سەما بەکداش لە کۆتایی قەسەکانیدا دووپاتی کردەوە، کە بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراستی ڕاستەقینە بەبێ بەشدارییەکی یەکسان و کاریگەری ژنان لە هەموو ئاستەکانی حکومەتدا بەدی نایەت.