هاوڵاتیان ناتوانن بە ئاشکرا دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا قسە بکەن

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان لە ٢٣ی نیسانەوە بەردەوامە، تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کورستان، پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان بێدەنگن، هاوڵاتیانیش ناتوانن بە ئاشکرا دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا قسە بکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان و هەرێمەکانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین لە ٢٣ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، ئەم هێرشانە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووە و لە کوردستان و وڵاتانی ئەوروپاوە ئیدانە دەکرێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە هاوڵاتیانی باشوری کوردستان ناتوانن بە ئاشکرا دژی داگیرکارییەکانی دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن بەرامبەر داگیرکاری و بەزاندنی سنوری هەرێمی کوردستان و بۆرودومانکردنی گوندەکانی دەوروبەر.

 

ۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکان و گوندەکانی باشوری کوردستان نەبووەتە هۆکارێک تا هەڵوێستێکی مێژوویی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانەوە بنوێنرێت، تەنانەت پاش تێپەڕینی یەک مانگ بەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا، دەسەڵاتی کوردی ئیدانەی ئەو کارەی نەکردووە.

 

"دەترسین نانبڕاومان بکەن"

هاوڵاتیان بە چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئیدانەی هێرشەکانیان کرد و بە پێویستی دەزانن حکومەت و پەرلەمانی کورستان هەڵوێست نیشان بدەن، ئەگەرچی ناڕەزایەتیش هەبێت، بەڵام هاوڵاتیان ناتوانن بە ئاشکرا بێنە دەنگ، ژ.ح. ژنێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی: لە ناخی دڵمانەوە بە ئازارین، پێمان ناخۆشە کە کوردستانمان خەریکە داگیر دەکرێت، ڕۆژانە چەندین جار لەلایەن کەناڵەکانی دەسەڵاتەوە هەواڵەکانمان بۆ دەگوێزرێتەوە، بەڵام نەمانبینی ڕۆژێک دەسەڵات بێتە دەنگ و ئیدانەی ئەو کارەبکات یاخود دانوستان بکات لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بۆ وەستاندنی هێرشەکان، ئێمە ناڕازین بەرامبەر هێرشەکان بەڵام دەترسین قسە بکەین و نانبڕاومان بکەن چونکە کارمەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانین.

 

"ئەوەندەی پشتیوانی لە فەلەستین کرا، لە کوردستان نەکرا"

ز. س. هاوڵاتیەکی ترە و سەبارەت بە داگیرکارییەکان وتی: پێویستە هەوڵەکان جدی بکرێنەوە، هەوڵەکان لە تاکەکەسی دەربچن ئەگەر ئیستا من بەتەنها بێمە سەرشاشە و قسە و باسی دڵی خۆم بکەم و کەس پشتگیری قسەکانم نەکات، ئەمانە دەبنە هەوڵی تاکەکەسی و چارەسەر نین، لە لایەکی تریشەوە حکومەت بە حیزبە عیلمانی و ئیسلامیەکانەوە ئەوەندە ئامادەن پشتگیری حەماس و فەڵەستین بکەن، بەو ڕادەیە پشتگیری کوردی خۆمان ناکەن، ئەو خەڵکەی ڕژانە سەرشەقام لە سلێمانی و هەڵەبجە و شارەزوور بۆ پشتگیری لە فەڵەستین بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوایەم ئەوا ئیستا تورکیامان لە کوردستان وەدەر نابوو.

 

میلان عەدنان پێچەوانەی ئەو کەسانەی کە بە نهێنی ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕی، وتی: من چالاکوانی مەدەنیم لە هەڵەبجەی شەهید، ئیدانەی ئەو داگیرکاریە دەکەم هیوادارم بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە وڵاتە زلهێزەکان بێنە سەرخەت، وەک چۆن لە کێشەی وڵاتانی تردا هاتوونەتە خەت نیوەندگیریان کردووە، بۆ هەرێمی کوردستانیش هەمان شت بکەن، پێویستە لایەنە سیاسییەکان واز لە ناکۆکی بهێنن و بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست ئیدانەی هێرشەکان بکەن.

 

ت.پ