هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری دۆخی ئێستای عێراق دەکات؟

گرژی و ئاڵۆزی سیاسی لە عێراق بەردەوامی هەیە، هەڵبژاردنەکانیش وەک چارەسەری بنەڕەتی ئەم دۆخەی ئێستا لێی ناڕوانرێت، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزاییە جەماوەرییەکان، بەڵام ئەو ئەنجامەی دەبینرێت پێچەوانەکەیەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە عێراق و ئەو گرژییانەی کە دروستبووە دۆخی عێراقی بەرەو ئاڵۆزی بردووە، لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ پێشبینییەک بۆ داهاتووی سیاسی لە عێراق بکرێت.

 

گرژییەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٥ تەمووز دەستیپێکرد، کاتێک چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان ڕایانگەیاند کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕۆژی دواتر ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی سەدر دژبە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و چوونە ناو بینای ئەنجومەنی نوێنەران و وێنەی موقتەدا سەدریان بەرزکردەوە.

 

هەڵبژاردن لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرا کە هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو بۆ هێورکردنەوەی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی دژ بە سیاسیەکان، هەڵبژاردنی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بۆ پەرلەمان، سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار لە پێناو باشترکردنی دۆخی عێراق و گەلەکەی، بەڵام ئەو ئەنجامەی دەبینرێت پێچەوانەکەیەتی.

 

بەرەی سەدر توانی ٧٣ کورسی بەدەستبهێنێت و بوو بە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و ویستی لەگەڵ هاوپەیمانە سوننی و کوردەکاندا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت و حکومەتێکی زۆرینەی نەتەوەیی پێکبهێنێت، بەڵام ئەمە لەلایەن ڕکابەرەکانیەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی و فراکسیۆنە ئێرانییەکان ڕەتکراوەتەوە.

 

ئەم ڕەتکردنەوەیە وایکرد سەدر چەند هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراو هەڵبگرێت، لەوانەش کشانەوەی لە پەرلەمان و دروستکردنی خۆپیشاندان و گواستنەوەی پەرلەمان بۆسەر شەقام و شەقامیش بۆ نێو پەرلەمان.

 

سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق دەکات

موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر لە سەرەتای گرژی و ئاڵۆزییەکان ڕەتیکردەوە بە هیچ شێوەیەک دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا بکات، بەپێی بەیاننامەیەک کە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ تەمووز بڵاوکراوەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی کراوەیی بەرامبەر بە داواکارییەکانی موقتەدا سەدر دەربڕیوە، جەختی لەسەر کراوەیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی یاسادانان کردووەتەوە، بەڵام لەژێر مەرجدا، هەروەها باسی لەوەکردووە کە پێویستە كار بۆ ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكان بكرێت و ڕێگری لە كارەكانیان نەكرێت.

 

هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێکە لە ئەو داواکارییانەی سەدر داوای دەکات، واتە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن کە کەمتر لە ساڵێک بەسەر ئەنجامدانیدا تێپەڕیووە، ئەمەش لانیکەم شەش مانگ بۆ ساڵێک کاتی پێویستە بۆ دووبارەکردنەوەی، بەو واتایەی سەدر دەیەوێت درێژە بە حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بدات، لایەنەکانی چواڕچێوەی هەماهەنگیش لە بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردندا خاوەنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو نین و ئەوەش وایکردووە هەڵوێستەکانیان پەرتوبڵاو بێت.

 

شرۆڤەکارانی سیاسی باسیان لەوەکردووە، باسكردن له‌ چاره‌سه‌ری مه‌رجدار بۆ په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ره‌نگه‌ به‌ واتای به ‌پێویستی بوونی حكومه‌تێكی كاتی بێت، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت و ئاگاداركردنه‌وه‌ و ترسێكی په‌یوه‌ست به‌ یه‌كپارچه‌یی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی دروستکردووە، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەنجامدانی دیالۆگێکی ڕاستەقینە بە بوونی کەفیلێکی نێودەوڵەتی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت.

 

سەدر لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی حکومەتێک پێکبهێنێت ڕکابەرەکانی بەدەر بکات کە ئێران پشتیوانیان لێدەکەن، هەر بۆیە جێگرەکانی لە پەرلەمان کشاندەوە و لە رێگەی ناڕەزایەتی و دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە پەنای بردە بەر فشارەکان، ئەمەش سوودی لە بنکە جەماوەرییە گەورەکەی وەرگرتووە کە ملیۆنان چینی کرێکاری شیعەن، هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، محەمەد حەلبوسی، پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد لە ماوەیەکدا، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسی لە ژێر سەقفی دەستوور و لێکتێگەیشتن، هاوتەریب لەگەڵ باڵای نیشتمانی وڵات.

 

هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری دۆخی ئێستای عێراق ناکات

بەشێکی دیکە لە شرۆڤەکارانی سیاسی پێیانوایە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە نابێتە چارەسەر بۆ قەیرانەکانی عێراق، بەتایبەتی کە زۆرینەی گەل لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی ڕابردوودا بەشدارییان نەکردووە  و بایکۆتەکەش لە هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوودا دووبارە دەبێتەوە، ئەگەری بوونی بەدیلێکی سیاسی راستەقینە، بەو پێیەی ئەو کاتەی کە هێزەکانی چوارچێوە و ئێستا زاڵن بەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا کۆتایی هاتووە.

 

سەرباری ئەوەی کە موقتەدا سەدر باس لە گۆڕانکاری سیاسی دەکات و بانگەشەی کۆتاییھێنان بە ستەم و گەندەڵی و تاکڕەوی دەسەڵات دەکات، بەڵام پێداگری داواکانی دەکات لەبەرامبەر نەیارەکانیدا، هەموو لایەنە سیاسیەکان داوادەکەن ڕێگری لە خوێن ڕشتن بکرێت، هەرچەندە خاوەنی هێزی چەکدارین لەگەڵ ئەوەشدا نەیارانی سەدر قەدەغەی هەر مانۆڕێکی سەربازی هێزەکانیان کردووە.

 

لەو نێوەندەدا ئەگەر کورد یەکڕیزبێت هەر گۆڕانکارییەک لە عێراق ڕووبدات، ئەوا لە خزمەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت، ئەگەریش پەرتەوازە بێت، ئەوا هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەیشی کە هەیە لەدەستبچێت.