"هەڵبژاردن لە تورکیا بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە"

ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار کرد و ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنی تورکیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و لە زۆر ڕووەوە کاریگەری دەبێت.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی گەلی کورد لەم ساڵدا شکستهێنانە بە دەسەڵاتی ئێستا و مانەوەیانە لەسەر خاکی خۆیان، بۆیه گەلی کورد به ئامادەکارییەکی زۆرەوه دەچنە سەر سندووقەکان.

 

ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار، سەرەتا سڵاوی لە بەرخۆدانی مێژوویی گەلی باکووری کوردستان کرد و سڵاو شۆڕشی ژنانی بۆ هەموو دایکان و ژنان نارد و وتی: بە ناوی هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە، سڵاو لە بەرخۆدانی مێژوویی گەلی باکووری کوردستان دەکەین و سڵاو و خۆشەویستی شۆڕشی ژن بۆ هەموو دایکان و ژنان و خێزانەکان دەنێرین کە سات بە سات لەناو بەرخۆداندان و بۆ ئازادی دەجەنگن، بەو ڕۆحەی کە شۆڕش دەستیپێکردووە، خەباتی ئازادی چەندین ساڵە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت، پێمانوایە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار لە تورکیا بە پێشەنگایەتی ژنان ئازادی دەهێنێت.

 

"هەڵبژاردنەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە"

ڕیحان لۆقۆ تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بەتایبەتی دژی ناسنامەی ژنی ئازاد و وتی: هەڵبژاردنی تورکیا نەک تەنها بۆ گەلی باکووری کوردستان بەڵکو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش گرنگ دەبێت، ماوەیەکی زۆرە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکان، خاک، ناسنامە و خواستی ژنی ئازاد، لەم ساڵانەی دواییدا، لێدان و هێرشی زۆر توندی لە دژی گەلی کورد ئەنجام داوە، لە هێرشەکاندا منداڵان، ژنان، گەنجان و پێشەنگانی شۆڕش کرانە ئامانج، ئەم هێرشانە نەک تەنها لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو لە هەر لایەکی کوردستان ئەنجام دراون، بۆچی هێرشی کرد؟ لەبەر ئەوەی نایەوێت خواستی ژنێکی ئازاد گەشە بکات و ژنان پێشەنگایەتی کۆمەڵگەکەیان بکەن، هەروەها نایەوێت پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک، کە لەسەر بنەمای یەکسانی گەلان دامەزراوە، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبەرئەوە هێرشی جۆراوجۆر دەکاتە سەر گەلی کورد و دەستکەوتەکانی.

 

"سیاسەتی دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی سەرەکی دژی ژنانە"

ڕیحان لۆقۆ تیشکی خستەسەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باکووری کوردستان و وتی: لە باکووری کوردستان، هەموو ڕۆژێک دەبینین ژنێک کە خاوەنداری لە ناسنامەو ئیرادەی خۆی دەکات چۆن دەستبەجێ دەخرێتە زیندانەوە، ژنێک کە بۆ هەموو ژنان کارو خەبات دەکات هێرشی دەکرێتەسەر و سزای گەورە دەدرێت، سەدان ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان لەژێر سیاسەتی ئەردۆغاندا زیندانی کراون، ژنانی ڕۆشنبیر، سۆشیالیست، نووسەر، سیاسەتمەدار هەتا ئەو پەرلەمانتارانەی کە بە خواستی خەڵک هەڵبژێردراون کرانە ئامانج، بۆچی دەستگیرکران؟ لەبەر هۆکاری ئازادی، ناسنامە، بوون و یەکسانی کۆمەڵگە، ئەوان ئێستا بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن، بەڵام تا ئێستا ئەو ژنانەی داوای ئازادی و یەکسانی دەکەن ئازاد نەکراون، ئەم ژنانە مافی ئەوەیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، دەنگ بەو کەسانە بدەن کە نوێنەرایەتیان دەکەن، بەڵام پێکنەهاتووە واتە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ژنانە.

 

هێرش بۆ سەر خەڵکی هەرێم

ڕیحان لۆقۆ تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: دەوڵەتی تورک و مێشکە داگیرکەرەکەی زیاتر لە ١٠ ساڵە هێرش دەکاتە سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەڕی گەورە لە دژی گەل و شۆڕش دەکەن، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و سیاسەتمەداران لەو هێرشانەدا کرانە ئامانج، ئەمە لە باشووری کوردستانیش دەبینرێت، کە نموونەکەی ناگیهان ئاکارسەل بوو، کە بۆ یەکسانی و زانستی ژنان کاری دەکرد، دەوڵەتی تورکیا هەموو تەکنیک و ئامڕازەکانی جەنگی تایبەتی لە دژی خەڵک و ناسنامە و ئیرادەی ژنان و خاکی کوردستان جێبەجێ کرد، لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە لە دژی هێرشەکان دەتوانین بڵێین ئیتر بەسەو ڕێگە نەدەین فاشیزم جارێکی دیکە سەرکەوتوو بێت.

 

"تا کۆتایی لەگەڵتانین"

ڕیحان لۆقۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: چۆن ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیامان بە خەبات و بەرخۆدانمان ئاشکرا کرد کە دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەرە، بەو تێکۆشان و بەرخۆدانە ڕێگە نادەین جارێکی دیکە ئەردۆغان سەرکەوتوو بێت، ئێمە بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆمان ئەم ڕاستییە بۆ هەموو جیهان ئاشکرا دەکەین، بە ناوی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە، ئێمە بە ڕۆح و دڵ لەگەڵ گەلی باکووری کوردستان و تورکیاین دەنگیان بە ڕاستی بدەن.