گەشە نەخشین حەفید: کابینەی نۆ زیاتر لە حکومڕانیەکی پۆلیسی دەچێت خەڵک چاو ترسێن دەکات
گەشە نەخشین حەفید پارێزەر و چالاکوان دەربارەی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "کابینەی نۆ زیاتر لە حکومڕانیەکی پۆلیسی دەچێت و لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکانە بۆ چاو ترساندنی خەڵکە، دیموکراسی پێشێل کراوە".
گەشە نەخشین حەفید پارێزەر و چالاکوان دەربارەی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "کابینەی نۆ زیاتر لە حکومڕانیەکی پۆلیسی دەچێت و لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکانە بۆ چاو ترساندنی خەڵکە، دیموکراسی پێشێل کراوە".
لاڤە کوردە
سلێمانی- لە زنجیرە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نوژنها دەربارەی ڕەوشی زیندانیان لە هەرێمی کوردستان و ماوەی یاسایی ڕاگرتنیان ئەوە ڕوون بووەوە کە سەدان ژن لەناو چاکسازیەکانی هەرێمدان بە بێ ئەوەی دادگایی بکرێن یاخود پارێزەرەکانیان بیانبینێت، پێشتر هەریەک لە بەدریە ئیسماعیل، بریاردەری لیژنهى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكى كردن له مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕوپاک ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ نوژنها ئاماژەیان بەوەکرد کە چەندین ژن لەسەر بیروڕای ئازاد دەستگیرکراون و بە بێ ئەوەی دادگایی بکرێن لەناو زیندانن، هەروەها ڕاگرتنیان ماوەی یاسایی تێپەڕاندوە و بارودۆخیان لەناو چاکسازیەکان لەپەڕی خراپیدایە.
دەربارەی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕێکخروەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ جەختکردنەوە لە ئازادی، گەشە نەخشین حەفید پارێزەر و چالاکوان بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
"دەبێت ئازادی ڕادەربڕین ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا"
گەشە نەخشین حەفید لە سەرەتای قسەکانی ئاماژەی بەوەکرد کە هەر تاکێک پەیوەندی بە جۆری پەروەردەی خۆیەوە هەیە لەناو کۆمەڵگە و خێزاندا کە چۆن پەروەردە کراوە، ئایا ئەو کەسێکی ئازاد پەروەردە کراوە ئایا کلتوری ئازاد هەبوە لەو خێزانەدا کە ئەوەی پێ پەروەردە کراوە، بۆیە دەرەنجام ئەو کەسایەتییەی لێ دروست دەبێت کە پەروەردەکەی بەرامبەری ئەنجامی داوە.
وتیشی: "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرینەی پەروەردەیەکی دیموکراسی نەبووە لەناو خێزانەکاندا کە تاکێکی ئازاد و سەربەخۆ دروستبکات و بتوانێت کەسایەتی خۆی و بیروڕاکانی خۆی بە ئازادانە وەک پێویست دەرببڕێت، بەڵام ئەو کەمە ئازادییەی کە هەبووە لە دوای ئازادبوونمان لە باشوری کوردستان توانیویەتی خەڵکانێک پێبگەیەنێت کە ئەو ئازادی ڕادەربڕینە تا ڕادەیەکی کەم هەبێت، بەڵام ئەویش وەک پێویست نییە، دەبێت بپرسین ئایا ئازادی تاکەکان ئەگەر هەبێت بۆ گۆڕانکاری دروست نەکردووە؟ بە پێچەوانەوە کۆمەڵگەی ئێمە ئێستا لە ڕووی تێڕوانینی بەرامبەر بە مافەکانی ژن و کەسانی بەرامبەر و مافەکانی منداڵ وەک پێویست بەرەو پێشەوە نەچووە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئازادی ڕادەربڕین نەبووەتە هۆی گۆڕانکاری و دروستبوونی ڕای گشتی لەسەر کۆی بابەتەکان کە پرسی کۆمەڵگەیە تا بتوانێت ئەو گۆڕانکاریە باشە دروست بکات کە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیمان لێ بەرهەم بێت کە تاک و خێزان تێیدا خۆشگوزەران بن".
"لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ژن دووجار کەموکورتی هەیە"
گەشە نەخشین حەفید وتی: "بۆ ژن دووجار لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەموکورتی هەیە، واتە ئەگەر ئازادی و دیموکراسی و پەروەردەیەکی دروست بۆ نێرینە نەبووبێت بۆ ژن چەند جار نەبووە، واتە ئەو جیاوازی ڕەگەزییە کە لە پەروەردەی خێزانەکاندا هەبووە بەرامبەر بە ژن ئەنجامدراوە بووەتە هۆکارێک ژن کەمتر ئازادبێت لە دەربڕینی بیروبۆچوونی خۆیدا و هەست کردن بە مافەکانی خۆی و داخوازی لەسەر مافەکانی خۆی، بۆیە زۆر گرنگە کە ژن هەست بەو کەموکوردتی و ستەم و زوڵمە بکات کە لە کۆمەڵگەدا بەرامبەری دەکرێت و دەری ببڕێت بۆ ئەوەی ڕای گشتی لەسەری بجوڵێندرێت".
جەختی لەوەشکردەوە کە خەباتێک پێویستە ژن تێیدا جێگە بگرێت و کەسانی ئازاد و مەدەنیخواز پاڵپشتی داخوازییەکانی ژنان بن، ئەوەشی بە گرنگ پێناسە کرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکان، وەک پارێزەرێک باس لەوەدەکات کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە چوارچێوەی بۆ ئازادی ڕادەربڕین داناوە، کە ماددەی ٣٨ی دەستوری عێراقە باس ئازادی ڕادەربڕین و چاپ و چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە دەکات، "لە ڕەشنوسی دەستوری هەرێمیشدا بە هەمان شێوە باسی ئازادی ڕادەربڕین دەکات، ئێمە کە باسی حکومرانیەکی دیموکراسی دەکەین بەبێ ئازادی ڕەدەربڕین باسکردنی شتێکی بێ مانایە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەر چین و توێژێک لە کۆمەڵگەدا پێویستی بە دەربڕین هەیە لەوەی کە پێویستیەتی پێی بگاتە ئامانج بۆ پشتیوانیکردنی کۆمەڵگە.
"کابینەی نۆ زیاتر لە حکومڕانیەکی پۆلیسی دەچێت"
گەشە نەخشین حەفید ئاماژەی بەوەکرد کە حکومڕانیەکی پۆلیسی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت و وتی: "بەداخەوە ئەگەر پێشتر جۆرێک باسی ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین، دیموکراسیەت و مافی تاک کرابێت، لە کابینەی نۆدا ناکرێت، ئەم کابینەیە زیاتر لە حکومڕانیەکی پۆلیسی دەچێت بەدەر لەو یاسایەیە کە پەیڕەوی دەکات، یەکێک لەوانە ئەو هەموو ناحەقیەی بەرامبەر ئازادیخوازانی بادینان و ڕۆژنامەنوسەکان کراوە ئەمە پێشێلکاریە، دۆزینەوە و لێکدانەوەی هەر یاسایەک بەپێی ئەوەی کە خۆت بتەوێت ئەمە پێشێلکردنی دیموکراسیەتە".
"دەبێت ڕێکخراوەکان یەکبگرن و کار بۆ ئازادی ڕادەربرین بکەن"
دەربارەی کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی گەشە نەخشین حەفید ئاماژەی بەوەدا بە گشتی پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کار لەسەر ئازادی ڕادەربڕین بکەن بۆ دروستبوونی ڕای گشتی لەسەر ئەو بابەتانەی کە جێگەی گرنگی پێدانیانە.
وتیشی: "وەک دەبینین ڕۆژانە ڕۆژنامەنوس ئازار دەدرێت و دەخرێتە زیندان لەسەر ئەوەی باسی ناحەقیەکی دەسەڵاتی کردووە، باسی پێشێلکاری مافی خەڵکی کردووە، ئەمە بەڕێوەبردنێکی پۆلیسیە لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکانە و بۆ چاو ترساندنی خەڵکە بۆ ئەوەی تۆش نەتوانی ئەوەی کە ئازادانە هەستی پێ دەکەی دەری ببڕی، هەروەها ئەوەی خۆی دەیەوێت لەو پێشێلکاریەو لەو جۆرە حکومڕانیەی دەیکات لە بابەتەکانی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە دارایی و داهات و چۆنیەتی خەرج کردن یان هەر بابەتێکی دیکەی کۆمەڵگە کەس نەبێت کە قسەی لەسەر بکات و کەموکورتیەکان دەربخات، بەڵێ پیشێلکاری کراوە و پیموایە بەردەوامیش دەبێت لەبەرئەوەی بیدەنگی هەیە و تا ڕادەیەک خەڵک ترسێنراوە، هەر گرتن و ڕاوەدونان و ئازاردانی خەڵکانی ئازادیخواز بۆ چاوترساندنی خەڵکانی ترە، پێموایە ئەو جۆرە سیاسەتەیان دەرەنجامی هەبووە و بە دراسەکراوی کردویانە بەڵام ئەمە تا سەر نابێت، چونکە مرۆڤ هەست و نەستە دەبیت دەرببرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەرچەند فشار بخرێتە سەر تاک ڕۆژێک دەبێت بێدەنگی بشکێنێت، لە کۆتای قسەکانیدا گەشە نەخشین حەفید ئەوەی خستەڕوو کە پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و ڕۆشنبیران و کەسانی ئازادیخواز زیاتر پەیوەندیان هەبێت و ئاگاداری کارەکانی یەکتربن و یەکدەنگ بن لەسەر کۆی بابەتەکان کە پەیوندی بە بەرژەوەندی گشتیەوە هەیە، وتیشی: "ئەو تۆڕانەی کە دروستکراون تۆڕی هاوبەشی ڕیکخراوەکانە یان کۆبەندە بەداخەوە وەک پێویست نییە و هەماهەنگی و کۆدەنگ نییە ئەوەش پەیوەندی بەو کەرتبوونەی کۆمەڵگەوە هەیە کە کەرتبوونێکی حزبیە، کەرتبوونی زۆنی سەوز و زەردە و ناوچەییە لە نێوان بادینان و سۆران، هەولێر و سلێمانی، ئەم کەرتبوونە سیاسیە حزبیە بووەتە هۆی پچڕانی شیرازەی کۆمەڵگە کە نەتوانێت هاودەنگ بێت بۆ ئەو بابەتە ژیاریانەی پەیوەندی بە ژیانی خۆیەوە هەیە".
ت.پ