گەشە دارا: دەبێت پیاو و کۆمەڵگە بزانن کە پێویستە ژنان بەشداری کارایان لەهەموو بوارەکاندا هەبێت
گەشە دارا، بەڕێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوون، دەڵێت: دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو جوڵە و کارانەی ژنان ناکات کە وایان لێدەکات بەرەو پێشەوە بچن، بە تایبەتی لە بواری سیاسیدا.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی- لە ئێستادا بەشداری ژنان لە سیاسەتدا بۆتە پرسێکی هەرە گرنگ و لە کۆمەڵگەشدا گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت، هەربۆیە بەشداری نەکردنی ژنان لە سیاسەتدا ڕادەی دواکەوتوویی و کولتووری پیاوسالاری ئەو کۆمەڵگەیە دەردەخات، بۆیە بەشداری کردنی ژنان لە کاروباری سیاسی و سوود وەرگرتن لە تواناکانیان، وادەکات بەسەر ئەو ئەقڵییەتەدا زاڵبن کە ژنان بە پلە دوو دەزانن لە کۆمەڵگەدا.
بە درێژایی مێژوو لە ھەر جێگایەکی ئەم جیهانەدا کەم تا زۆر ژنان بە شدارییان لە سیاسەتدا کردووە، بەڵام ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە سیاسەتدا بۆ دوای شۆڕشی فەڕەنسای ساڵی ''١٧٨٩ـ ١٧٩٩'' دەگەڕێتەوە، کە لە سەروبەندی شۆڕشدا کۆمەڵێک ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان بۆ داکۆکردن لە مافەکانیان دامەزرا، کە دەیانویست ژنان لە بواری سیاسیدا بەشداری بکەن، هەروەها ژنانێکی زۆریش لە دەوری ئەو ڕێکخراوانەدا کۆبوونەوە و بە مافەکانی خۆیان ئاشنا کران، کە تێێدا لایەنگران و خوازیارانی ئازادی ژنان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ھەڵاواردنی ڕەگەزی و ئەوەی کە ژنان مافی چونە ناو پەرلەمانیان نیە، نامەیەکی ناڕەزایەتییان بۆ پەرلەمان نووسی، کە داواکارییان ئەوەبوو ژنانیش مافی ئەوەیان پێبدرێت بچنە پەرلەمانەوە، تاوەکو بەرگری لە مافەکانیان بکەن.
''ژنان لە باشووری کوردستان ئەزموونێکی باشیان هەیە''
گەشە دارا، بەڕێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوون، وتی: بە شێوەیەکی گشتی ژنان لە باشووری کوردستان ئەزموونێکی باشیان هەیە، هەروەها لە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١وە، خەڵکی کوردستان حکومەتی خۆی دروستکرد و پەرلەمانی خۆی هەڵبژارد، بۆیە مێژوو شایەتی ئەو ڕاستییەیە کە ژنان بەشداریان لە سیاستەدا کردووە، بەڵام بە شێوازی تاک بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ ژنان بۆئەوەی بەردەوام لە بەرەی ئازادی و گەلدابن، هەروەها لە ساڵی ١٩٣٠یەوە ژنان لە ڕێکخراوە جیاوازەکاندا کاریان کردووە، وەک حەپسەخانی نەقیب کە ڕێکخراوێکی دامەزراندوە، بۆیە ئەمانە هەمووی هۆشیاری ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە دەردەخەن، کە بە پێویستیان زانیوە ژنان لە سیاسەتدا بەشداری بکەن، چونکە بەشداری سیاسی ژنان بە واتای بەشداریکردنی ژنانە لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، بەرەومەدەنییەت بوون، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و گەیشتن بەو ئاستەی کە هەموو مرۆڤەکان وەکو یەک سەیربکرێت، هەروەها کاتێکیش کە حکومەت و پەرلەمان پێکهات ژنان تاڕادەیەک بەشداریان هەبووە، بەڵام لێرەو لەوێ ئێمە ڕەخنەمان هەبووە، من وەکو خۆم کە گەشتوومەتە ئاستی ناوەندی بڕیار و پێشتر پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بووم، یەکەم کەس لە خۆمەوە دەست پێ دەکەم کە ڕەنگە وەک پێویست نەبووبم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارم بۆکردووە و هەنگاوی باشم بۆناوە.
''دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو جوڵە و کارانەی ژنان ناکات کە وایان لێدەکات بەرەو پێشەوە بچن''
ئاماژەی بەوەشدا، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو جوڵە و کارانەی ژنان ناکات کە وایان لێدەکات بەرەو پێشەوە بچن، هەروەها لە سەردەمانێکدا کە ئێمە لە پەرلەماندا بووین ئیرادەی ئێمەی ژنانی پەرلەمانتار بەو شێوەیەبوو کە دەمانویست گۆڕانکاری لە یاساکان و داموزراوەکانی تری حکومەتدا بکەین و بەشداری ژنانیش لە سیاسەتدا زیاتر کارا بکەین، دەسەڵاتیش تاڕادەیەک پاڵپشتی ئەم پرسەی کرد و پێی وابوو ئەمە پرسێکی گرنگە و پێویستە هەبێت، هەروەها ڕۆڵی ناوەندە نێودەوڵەتی و سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و کوردستانیشدا جیاوازبوو لەوەی کە ئێستا هەیە، چونکە ئەوکاتە بەردەوام بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و حوکمەتی مەدەنیان دەکرد، بەڵام لە ئێستا باسی ناکەن، بۆیە دەسەلاتیش ئەوکاتە زیاتر بەرەو ڕووی ئەو پرسە دەچوو، هەروەها پشتیوانی دەرچوونی ئەو بڕیارانەی دەکرد کە لە بەرژەوەندی ژنانبوو.
''دەبێت ژن پێش هەموو شتێک بە ئەقڵیەتی مرۆڤ بوونەوە کار بکات''
گەشە دارا، بەڕێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوون، وتی: دەبێت ژن پێش هەموو شتێک بە ئەقڵیەتی مرۆڤ بوونەوە کار بکات و خۆی وەک مرۆڤێک ببینێت، چونکە کاتێک خۆی وەک مرۆڤێک بینی، ئەوکاتە خۆی لە ئاستێکی یەکسانی پیاودا دەبینێت، بۆیە پێویستە ژن هەست بە بوونی خۆی بکات وەک مرۆڤ، هەروەها مافەکانیان بۆ دەسەبەر بکرێت ئەویش لە پێناو خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەدا، بۆیە ئەم هۆشیارییە زۆر گرنگە، بابەتی نێوان ژن و پیاویش مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام دەبێت کۆمەڵگە تێبگەیەنرێت کە ئەم پرسە پرسی کۆمەڵگەیە و لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵگەدایە، هەروەها ویستی من وەک ژنێک وەرگرتنی ئەو دەسەڵاتە نییە کە ئێستا ئەو هەیەتی و پێی دەوترێت دەسەڵاتی پیاوسالاری، بەڵکو یەکسان کردنی مافەکانمانە لە هەموو بوارەکاندا، وەکو بەشداریکردن لە دەسەڵات و سیاسەتدا، ئەمەش بەو مانایە نا کە ژن بیەوێت ململانێ بکات بۆ ئەوەی دەسەڵات لە پیاو وەربگرێتەوە، نەخێر دەسەڵات لە پیاو وەرناگیرێتەوە، چونکە ئەویش بەشێکی گرنگە لە کۆمەڵگەدا، بەڵام دەبێت پیاو و کۆمەڵگە بزانن کە ئێمە مەبەستمان ئەوەیە لە پێناو ژیانێکی باشتر پێویستە ژنان بەشداریان کارایان هەبێت لەهەموو بوارەکاندا.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا، وتی: بە بۆچوونی من هێشتا سیستەمی کۆتا کۆتایی نەهاتووە و هەڵبژاردنەکانیش پێویستی بە سیستمی کۆتا هەیە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا نەگەشتۆتە ئەو ئاستەی کە بزانێت بەشداری ژنان لە سیاستدا چەند گرنە، بۆیە پێویستە سیستمی کۆتا جارێ هەبێت، تاوەکو دۆخی ژنان و بەشداری سیاسی ژنان باشتربێت، هەروەها پێویستە ئەو ژنانەی کە دەچنە ناوەندی بڕیاردان بە شێوەیەک بن کە ئەزموون و تێکەڵاوییان لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەبێت، بەجۆرێک توانایی خۆیان ئەوەندە بەرزکردبێتەوە کە ببنە نموونەیەکی باش لە پەیڕەوکردنی ئەدایەکی باشدا کە پیشانی خەڵک و کۆمەڵگەی بدەن، ئەگەر توانای ژن لە هی پیاو زیاتر نەبێت ئەوا کەمترنییە، هەربۆیە ئەزموونی ئەو ژنانە زۆر گرنگە کە دەچنە ناوەندەکانی بڕیاردان، هەروەها پێویستە متمانە دروست بکەن لە ناو خەڵکدا و بیسەلمێنن کە بەشداری سیاسی ژنان چەندە گرنگە بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە.