گەلی کورد و ژنان لە ئاییندەدا لە سووریایەکی چۆندا دەژین؟

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەڵێت: پێویستە بە دڵ و گیان شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزین و بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتانە کەمتەرخەم نەبین.

سلێمانی

 

بەرفراوانبوونی هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژانە دەبینین لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا دیسان گەلی کورد، بەتایبەتی ژنان و منداڵان چۆن دەبنە ئامانجی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا.

 

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای کوردستان کردو وتی: کەوتنی هەر دیکتاتۆرێک لە ڕۆژهەڵاتنی  ناوەڕاستدا زۆر گرنگە، چونکە گوزارەیە لە ئەقلییەتی پیاوسالاری کە هەزاران ساڵە خۆی لە سەر کۆیلەکردنی ژن دروست کردووە، کەوتنی دیکتاتۆرێکی وەک بەشار ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ بونیاتنانی ئاییندەیەکی گەش و دیموکراتیکی گەلانی هەرێم زۆر گرنگە.

 

گەلی کورد و ژنان، لە ئاییندەدا لە سووریایەکی چۆندا دەژین؟

نەجیبە قەرەداغی لە درێژی قسەکانیدا ئاماژەی بەو ڕووداوانە کرد کە لە ناوچەکە دروست دەبن و وتی: پێویستە لەم بارودۆخەدا مەترسی و دەرفەتەکان پێکەوە ببینین، هەروەها زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت، لە قۆناغی داهاتوودا مەترسییەکان لە سەر گەلان و بەتایبەت ژنان چی دەبن؟ بینیمان کە چەتەکانی سەر بە دەوڵتی تورکیا، لە مەنبج هێرش دەکەنە سەر ژنان و لە ئەنجامیشدا کوژراو و بریندار هەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە سەدان هەزار کەس بۆ جاری دووەم لە عەفرینەوە بۆ شەهبا و لە شەهبا بۆ شارەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان کۆچبەر دەبن، هەموو ئەمانە وامان لێ دەکات کە سەدان جار بیر بکەینەوە کە وەک گەلی کورد، گەلی بندەست و پەراوێزخراو و بەتایبەت ژنان، لە ئاییندەدا لە سووریایەکی چۆندا دەژین؟.

 

نەجیبە قەرەداغی تیشکی خستەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و پاراستنی ئەم دەستکەوتانە لە پڕۆسەی داهاتووی سووریادا و وتی:   مەترسیەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەنها لە لایەن گروپە جیهادییەکان کە لە ئێستادا لە سوریا هاتوونەتە سەر دەسەڵات نییە، بەڵکو مەترسی لە لایەن دەوڵەتانی دەرەوە وەک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاشەوە هەیە، مەترسییەکی تر ئەوەیە گەلی کورد و گەلە پەراوێز خراوەکانی سووریا کە بوونیان دانی پێدانەندراوە، لە سووریای پێشەڕۆژی ئێمەدا لە کوێ جێی خۆیان دەگرن و چۆن لە پڕۆسە سیاسیەکاندا بەشدار دەبن.

 

"سیستمێکی دیموکراتیک ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵ لە ڕۆژئاوایە"

نەجیبە قەرەداغی ئاماژەی بەوەکرد، گەل لە سووریا بۆ دروست کردنی ئاییندەیەکی دیموکراتیک لە سفرەوە دەست پێناکەن، لەوێ پرۆژەیەک هەیە کە زیاتر لە ١٢ ساڵە، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، وتی: بنەماکانی ئەم پڕرۆژەیە؛ پاراستنی ژینەگە، دیموکراسی بوون، کە بە شێوەیێکی ڕاستۆخۆ گەل تێیایدا بەشدارە و ئازادی ژن و هەموو ئەو گەلانەیە کە پێشتر پەراوێزخراون.

 

پێکەوەژیانی نەتەوە جیاوازەکان لە تەبقا، ڕەقوە، مەنبج  و هەڕێمە عەرەب نشینەکان وەک دەسکەوتێکی شۆرش بە ناو کردو وتی: ئەم نموونانە نیشاندەری ئەوەن کە گەل چۆن دەتوانێت بە ئیرادەی خۆی دەسکەوتەکانی شۆڕش بپارێزێت و پەرەی پێ بدات.

 

"پشتیوانی کردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ئەرکی ژنانە"

نەجیبە قەرەداغی ئیلهام وەرگرتن و پشتیوانی کردن لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئەرکی ژنان دەزانێت و وتی: بەتایبەتی ئێمەی  ژنانی باشووری کوردستان لە باری ماددی و مەعنەوییەوە، پێویستە بە دڵ و گیان ئەم شۆرشە بپارێزین و بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتانە کەمتەرخەمی نەکەین، شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان تەنها دەسکەوتی گەلی کورد و گەلی پەراوێزخراو نییە، بەڵکو شۆڕشێکە، کە تایبەتمەندی گەردوونی هەیە، هەروەها ڕۆحی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کە ڕەگ و ڕیشەی لە کۆمەڵگەی دایکان و کۆمەڵگەی ئەخلاقی وسیاسی وەرگرتووە، بە شێوەیەکی بەرجستە لەم شۆڕشەدا دەبینرێت.

 

نەجیبە قەرەداغی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە پیشتیوانی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و بەتایبەتی ژنان بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کردو وتی: پێویست ناکات چاوەڕوان بین کە داهاتووی سووریا چۆن دەبێت، بەڵکو پێویستە بێ وەستان لە هەر بوارێکدا خاوەنداری لە بەها و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین.