شادیە بەکر، چەکی کیمیایی چەکێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییە
بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی جیهان لەگەڵ وڵاتانی دیکتاتۆری وەک تورکیا، بووەتە هۆکاری بێدەنگبوونیان لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازان.
شنیار بایز
سلێمانی- دەوڵەتی تورکیا لە میانەی هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و ناوچە سنورییەکانی، لەگەڵ بەکارهێنانی چەک و درۆنە جیاوازەکانی کەوتووەتە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، کە مەترسیدارترین چەکە لە جیهاندا و چەکێکی کۆمەڵکوژییە، بەپێی نوێترین ئامار، کە لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن هەپەگەوە بڵاوکرایەوە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەلایەنیکەمەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٢ هەزار ٤٧٦ جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.
چەکی کیمیایی تەنها چەکێک نییە بۆ مرۆڤ بێت بەڵکو بۆ تەواوی سروشتە بە مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەکانی ناویەوە ئەمەش مەترسی درێژخایەن دروست دەکات بۆسەر سروشت و قڕکردنی بوونەوەرەکانی ناوی، کاریگەری درێژخایەن جێدەهێڵێت ئەمەش وایکردووە یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغەی بکەن بەڵام هیچ یاسا و دەستوورێک نایەتە دەنگ لە بەرامبەر بەکارهێنانی ئەو چەکە بە ڕووی گەلی کورددا.
"چەکی کیمیایی مەترسیدارترین چەکە لە جیهاندا"
شادیە بەکر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی، دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئاماژەی بەوەکرد، چەکی کیمیایی مەترسیدارترین چەکە لە جیهان چونکە تەنها ئاڕاستەی کەسێک و چەند کەسێک ناکرێت بەڵکو کاتێک بەکاردەهێنرێت ڕەچاوی ژینگە و ئەو کۆمەڵگەیە ناکرێت کەلەچی پێکهاتووە، چەکێکە زیاتر کۆمەڵکوژی پێئەنجام دەدرێت، نەک تەنها بۆمرۆڤەکان بەڵکو سروشت و زیندەوەری ئەو ناوچانە لەناودەبات، کاریگەری چەندین ساڵە لە پاش خۆی جێدەهێڵێت.
وەک ئاشکرایە، چەکێکە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە قەدەغەکراوە بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنامەی جنێف و ڕێککەوتنامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی کە هەردووکیان قەدەغەی ئەو چەکانەیان کردووە، ئەمەش بەم نزیکانە نەکراوە بەڵکو لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانەوە قەدەغەی ئەم چەکە کراوە.
"یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆسەر کوردان بێدەنگە"
شادیە بەکر، باسی لەوەکرد، هیچ ماددەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی نییە کە ڕێگە بە بەکارهێنانی ئەم چەکە بدات لە هیچ حاڵەتێکدا، چونکە خودی خۆی هەڵگیرساندنی جەنگ و شەڕ شتێکی بێزراوە، جۆرێکە لە پێشێلکردن ئەگەر چەکی کیمیایی تێدا بەکاربهێنرێت دوو ئەوەندە پێشێلکاری دروست دەکات.
مێژووی کورد لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داگیرکەر و دوژمنانەوە مێژوویەکی تازە نییە، لە مێژوودا ئاشكرایە کە چەندین جار لە باشوور و ڕۆژهەڵات بۆ سەر سەردەشتییەکان بەکارهێنراوە و کۆمەڵکوژی کوردانی پێکراوە، هەموو کاتیش لەکاتی بەکارهێنانیدا یاسا نێودەوڵەتییەکان بێدەنگیان لێکردووە، ئەمەش جۆرێکە لە ستەمکردن لە کوردەکان، وتی "ئەوەندەی دۆزەکە سیاسییە یاسایی نییە چونکە لە حاڵەتی لەم شێوەیەدا دەبوو یاسا حکومەتە دیکتاتۆرەکانی بەکارهێنەرانی چەکی کیمیایی سزا بدایە نەک بێدەنگی لێبکات.
ئەوەشی خستەڕوو لە پڕۆتۆکۆڵی جنێف لە بەرواری ١٧ی تەمووزی ١٩٢٥دا هاتووە بە هەموو شێوەیەک چەکی کیمیایی، گازی خنکێنەر، چەکی بایۆلۆجی و بەکتریۆلۆجی قەدەغەیە تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٢پشتڕاستی کردووەتەوە، ساڵی ١٩٨٤جارێکی دیکە باسکراوەتەوە و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری دەرکرد ئەو وڵاتانەی واژوویان لەسەر قەدەغەکردنی کردووە، پێویستە لە ناوخۆی خۆیاندا پەیڕەوی بکەن.
"دەوڵەتی تورکیا نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵە چەکی کیمیایی لەسەر بەکاردەهێنرێت"
ئەو مامۆستای زانکۆیە ڕوونیکردەوە، سیستمی سەرمایەداری و بەرژەوەندییەکی ئابووری و سیاسی لە نێوان ئەو دەوڵەتانەدا هەیە، بەشێوەیەکی سەرزارەکی دەڵێن کە لێپێچینەوە لە بەکارهێنەرانی چەکی کیمیایی دەکەین بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەم کەیسانە کاریان لەسەر ناکرێت، نەک تەنها تورکیا و عێراق لە دژی کورد بەکاریان هێناوە بەڵکو ڕووسیا لەسەر چیچان بەکاری هێناوە هەروەها بەرامبەر بە سوریاش بەکارهێنراوە، بەڵام هیچیان نەگەیشتوون بەو تاقیکردنەوانەی لەسەر کورد تاقی دەکەنەوە، چونکە کورد نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵە چەکی کیمیایی لەسەر بەکاردەهێنرێت.
بۆچی هەمووان لە ئاست بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی کورد بێدەنگن؟
لە باشووری کوردستان، دەوڵەتی تورکیا وەک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر دژی هێزەکانی ئازادیخوازی گەلی کورد چەکی کیمیایی و چەندین جۆری دیکە چەک بەکار دەهێنێت بەڵام هیچکام لە یاسای نێودەوڵەتی، یاسای مرۆڤ، دەسەڵاتی باشووری کوردستان و عێراق نایەنە دەنگ لە کاتێکدا چەکێکە لە تەواوی جیهاندا قەدەغەکراوە.
شادیە بەکر ڕوونیکردەوە کە سێ هۆکار هەن لە بێدەنگبوون بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، یاسا نێودەوڵەتییەکان بەجۆرێکن لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، ڕووسیا و یەکێتی ئەوروپا کۆنتڕۆڵکراون و بەکاردەهێنرێن، بەو ئامانجەی بازاڕی چەکی خۆیان ساغ بکەنەوە، بەرژەوەندی ئەوانە لەو لایەنەوە، هەروەها بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە لایەنە ئابوورییەکەیانەوە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کە نایانەوێت بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، هەر بۆیە لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد بێدەنگن.
تورکیا بۆ خۆی وەک حکومەتی عێراق چەکی کیمیایی بەکارناهێنێت بەڵکو بە شێوەیەکی کەم کەم بەکاریدەهێنێت تا لە ڕووی نێودەولەتییەوە هەستی پێنەکرێت، لەلایەکی دیکەوە پارتە کوردستانییەکان بە گشتی و پەدەکە بەتایبەت دەوڵەتی تورکیای پەلکێشکردووەتە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە، ئەمەش لە پێناو بەرژەوەندییەکانی نێوانیان و مانەوەی لەسەر دەسەڵات.
"گەلی کورد پێویستی بە خاباتی زیاتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنان"
لە کۆتاییدا مامۆستا شادییە، باسی لەوەکرد، هیچ وەڵامێک بۆ هەوڵەکانی گەل نادرێتەوە، وەک دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و چەندین داواکاری دیکەی گەل هەیە کە بێ وەڵام ماوەتەوە بۆ ئەو مەبەستەش گەلی کورد پێویستی بە خەباتی زیاترە، دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک هیچ لایەنێک نییە گوێ بۆ داواکارییەکانی گەلی کورد بگریت تەنها لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، کورد لەم دۆخەدا پەرراوێزخراوە.
بە پێویستی دەزانێت کەسانی ئازادیخواز، ڕۆشنبیران هەڵوێست وەربگرن هیچ کات لە چاوەڕوانی هاتنەدەنگی حکومەتی هەرێمدا نەبن، دەنگیان بکەنە یەک، پشتڕاستی بکەنەوە کە دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی دژی نەتەوەی کورد بەکارهێناوە.