"زەرەمەندی یەکەم لە پەیماننامەی لۆزاندا کوردە"

گەلی کورد هەمیشە لەلایەن نەیار و داگیرکەرانەوە هێرشی کراوەتەسەر و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەکەی دراوە، بە تایبەتی دوای بەستنی پەیماننامەی لۆزان، ئەندامێکی کەنەکەش دەڵێت: کورد زەرەرمەندی یەکەمە لە پەیماننامەی لۆزاندا.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی دێرینی میزۆپۆتامیا لەلایەن داگیرکەران و دەوڵە هەژمونخوازەکانەوە هەوڵی کپکردن و لەناوبردنی شوناسی دراوە، بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا کە تا ئێستاش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر جەرگەی خاکی کوردان و بە سەدان کەسی شەهید کردووە و دەیان گوند بەهۆی هێرشەکانەوە چۆڵکراون.

 

لە ٢٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٢٣ لە شاری لۆزان، پەیمانی لۆزان بەسترا بۆ ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ تورکیادا و وەک شوێنگرەوەی پەیمانی سیڤەر،لەوە پەیماننامەیەدا بێ ئەوەی ناوی کوردستان ببرێت، باسی کورد و کوردستان نەکرا، بەڵام خاکەکەی چوار پارچە کرا، ئەم پەیماننامەیە زەبرێکی گەورەی لە دۆزی کورد دا و نەیهیشت کورد بگات بەو ئامانجانەی لە پەیماننامەی سیڤەردا باس کرابوو، بۆیە کورد تا ئیستا نەیتوانیوە سەربەخۆ بێت.

 

"پەیماننامەی لۆزان پارچەبوونی کوردی لێکەوتەوە"

مەهاباد شێخ حەمەئەمین، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە باشووری کوردستان،  ئاماژەی بەوەکرد، سەد ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا و ئەم پەیماننامەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاری خۆی کردووە، بەڵام بەداخەوە زەرەمەندی یەکەم تیایدا کورد بووە، بابەتی کوردبوون لەو ساڵانەدا پەراوێز خرابوو، لە ئەنجامی بەستنی ئەو پەیماننامەیە پارچەبوونی کوردستانی لێکەوتەوە، ئەوەی جێگەی داخە، ئەوەیە دوای سەد ساڵ ئەم پەیماننامەیە هیچ هەموارکردنەوەیەکی بەسەردا نەهاتووە و ئەو ماددانەی پێویست بووە کاری لەسەر بکرێت وەکو خۆی ماوەتەوە.

 

"کەمتەرخەمی لایەنێکی سیاسی وایکردووە کورد یەک ڕیز نەبێت"

مەهاباد شێخ حەمەئەمین ڕوونی کردەوە، جێگەی داخە وڵاتە زلهێزەکان و لەسەر ئاستی جیهانیش کاری جدیان لەسەر پەیماننامەی لۆزان و دۆزی کورد نەکردووە، گەلی کورد کە زیاتر لە ٥٠ ملیۆنە نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی قەوارەی خۆی و نەگەشووە بە ئازادی، بەهۆی دەست تێوەردانی دەوڵەتە زلهێزەکانیشەوە کورد پارچە پارچە کراوە و تا ئێستا دۆزی کورد یەکلا نەکراوەتەوە، هەرچەندە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەوڵی یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستانی داوە، بەڵام بەداخەوە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی ئامادە نییە لەپێناو یەکڕیزی و یەکدەنگی گەلی کورددا هیچ قوربانیەک بدات.

 

"دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان کاریگەری نەرێنی لەسەر کورد دەبێت"

مەهاباد شێخ حەمەئەمین ئەوەشی خستەڕوو، دوای ٣٢ ساڵ حوکمڕانی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، کورد هێشتا نەگەشتووە بە مافە سەرەتاییەکانی خۆی و مافی چارەی خۆنووسین، ئەو دۆخە خراپ و بڵاوەی لە پەرلەمانی عێراقدا دەبینرێت ئەنجامی ئەو سیاسەتەیە، ئەگەر کەمتەرخەمی لایەنە سیاسییەکان نەبوایە نەدەگەشتینە ئەم دۆخەی ئێستا.

 

وتیشی: دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانیش بۆ سەرۆکی تورکیا کاریگەرییەکی نەرێنی دەبیت لەسەر کورد و ڕێگری دەکات لە بەرەوپێشچوونی کورد، چونکە دیسانەوە ئەردۆغان دەتوانێت داگیرکارییەکانی بەرامبەر بە کورد ئەنجام بداتەوە.

 

"بە فرە لایەنی هیچ بەرهەمێکمان نابێت"

مەهاباد شێخ حەمەئەمین ئاماژەی بەوەشکرد، کورد دەبێت خۆی ڕێکبخات و هەوڵبدات دەنگی خۆی بگەیەنێتە جیهان و هەوڵی گۆڕینی ماددەکانی ناو پەیماننامەی لۆزان بدات لە بەرژەوەندی کورد و دۆزی کورد بەتایبەتی لە تورکیادا، دەبێت هەڵوێستێکی نێودەوڵەتی نیشان بدەن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد، چونکە بەم پەرتبوون و فرە لایەنییە هیچ بەرهەمێکمان نابێت، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش پێویستە لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت تا مافی چارەی گەلەکەمان دەستەبەر بکەین.