"تورکیا زیانەکانی خۆی پێ قبوڵە بەرامبەر ئەوەی کورد نەگات بە ئامانج"

دەوڵەتی تورکیا هەموو شتێک دەکات لەپێناو لەناوبردن و کپکردنی شۆڕشی کورد و ژنان، ئەندامێکی مەکتەبی کۆمەڵایەتیش دەڵێت: "تورکیا زیانەکانی خۆی پێ قبوڵە بۆ ئەوەی کورد نەگات بە ئامانج.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- گەلی کورد هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری بووەتەوە لە لایەن دوژمنان و نەیارانیەوە، بە تایبەتیش دەوڵەتی تورکیا کە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر سنورەکانی باشووری کوردستان و ئازادیخوازان شەهید دەکات، لەپیناو بەرژەوەندییەکانی خۆی و بۆ ئەوەی  شۆڕشی کورد کپ بکات و نەتوانن ئازادی بەدەستبهێنن، هەروەک چۆن لە ٣ی نیسان فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی داخست و لە ٧ی نیسان هێرشی کردە سەری، ئەمەش گەلی کورد و بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی هێنایە دەنگ و ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کرد.

 

"دوژمنانی کورد ئازادی باشووری کوردستانیان ناوێت"

کەوسەر حەسەن، ئەندام مەکتەب لە مەکتەبی کۆمەڵایەتی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان-یەنەکە ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد هەمیشە تووشی شەڕ و نەهامەتی بووەتەوە و بە ئیرادەیەکی بە هێزەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە و پێشەنگایەتی شۆڕشەکانیان کردووە، ئەمەش وای کردووە دوژمنانی کورد چاویان بەم بەهێزیەی کورد هەڵنەیەت و هەوڵی کپكردن و نەهێشتنی شۆڕشەکانی بدەن، دوژمنان بۆیان دەرکەوتووە کە کورد لەسەر هەقە و داوای مافی خۆی دەکات، هەروەک چۆن ئێستا بە هەوڵ و تێکۆشان باشووری کورستان ئازادیەکی بەدەست هێناوە، ئەمە قبوڵکراو نییە لای نەیاران و دەیانەوێت ئەم ئەزموونە لەناوبەرن.

 

"دەبێت بێ گوێدانە جیاوازی دین و ڕەگەز پارێزگاری لە خاکەکەمان بکەین"

کەوسەر حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، دەوڵەتانی پێشوو کاتێک کوردستانیان کرد بە چوار بەشەوە بۆ ئەوەی کورد بە یەکگرتوویی نەمێنێت و تا ئێستاش چاویان لەسەر باشووری کوردستانە، بۆیە تورکیاش بەردەوامە لە هێرشەکانی و خەڵکی ئازادیخواز شەهید دەکات، ئێمەی ژنانی لایەنە سیاسییەکان  ئیدانەی هەر هێرشێکی لەو جۆرە دەکەین کە دەکرێتە سەر سەروەری خاکەکەمان، پرسی نەتەوایەتی لە پێش هەموو پرسەکانەوەیە و دەبێت هەموو تاکێکی کورد هەست بە بەرپرسیارێتی بکات بە بێ گوێدانە جیاوازای دین و ڕەگەز، چونکە ئەم کوردستانە بە چەندین شۆڕش دروستبووە.

 

وتیشی: یەکگرتنی لایەنە سیاسیەکان و کۆبوونەوەیان ترسێکی گەورە لای دوژمن دروستدەکات، وەک چۆن تورکیا هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و دایخست، ئەمە زیانی گەورەی بۆ تورکیاش هەیە، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی کورد نەگات بە ئامانج زیانەکانی خۆی پێ قبوڵە و دەیانەوێت دووبارە تووشی ئاوارەبوونمان بکەنەوە، زمان و کولتوورمان لەناوببەن و ببینەوە بە ژێر دەستەی دوژمن، بەڵام ئێمە بە یەکگرتن ئەو خەونەی داگیرکەران لەناودەبەین.

 

"پێویستە بە ڕژانە سەر شەقام دڵی دوژمن بلەرزێنین"

کەوسەر حەسەن ڕوونیکردەوە، یەک نەگرتن و پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان خاڵێکی گرنگە بۆ دوژمنان و دەوڵەتی تورکیا سوودی لێوەردەگرن، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەکان بە یەک دەنگ بێنە لای یەک بە دروشمی "یان کوردستان یان نەمان" بۆ چارەسەری کێشەکان، چونکە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر لایەنێک نییە، بەڵکو بۆ سەر هەموو گەلی کوردە، نابێت بێدەنگ بین لە ئاست ئەم هێرشەنەدا، هەرچەندە ڕێپێوان کرا، بەڵام ئەوە کەمە لە ئاسی هێرشەکاندا، هەروەک چۆن خەڵکی کۆدەبنەوە لە مزگەوتەکاندا پێویستە لەگەڵ ئەوەشدا بەشداری بکەن لە ڕێپێوانەکان و ناڕەزایەتی دەرببڕن، چونکە ئەمەش ئەرکێکی نەتەوایەتییە، پێویستە کارێک بکەین بە ڕێپێوان و ڕژانە سەر شەقام دڵی دوژمن بلەرزێنین و ئەوە بە دەوڵەتی تورکیا بڵێن کە، کورد بەهێزە و بە تۆ لەناو ناچێت و هەموو دوژمنانی چواردەورمان ناتوانن لەناومان بەرن.

 

"ژنانی پێشەنگ جێگەی ترسن بۆ دەوڵەتی تورکیا"

کەوسەر حەسەن جەختی کردەوە، ئێمە باوەڕمان بە شۆڕشی ژن هەیە بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی"، هەر ئەم دروشمەیە لە ڕۆژهەڵات بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕش و ئێستاش تەواوی دنیای گرتوەتەوە و ئازادیەک بەدەستهێنراوە، ئەم ئازادیەش بە پێشەنگایەتی ژنان و بە زیندانیکردنی چەندەها ژن و لە سێدارەدانی گەنجان بەدەستهاتووە، بۆیە ژن نیوەی کۆمەڵگەیە و دایکی نیوەکەی ترە و دەتوانێت هەموو پەیامێک بگەیەنێت بە دوژمن و داوای مافی خۆیان بکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێشەنگایەتی ژنان بۆ شۆڕش وایکردووە دەوڵەتی تورکیا و نەیارانی کورد ترسیان لا دروستببێت، نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکانیش بەرژەوەندیان لە هەر شوێنێکدا هەبێت لەوێ دەبن، بۆیە بێدەنگیشن لە ئاست هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد، چونکە نایانەوێت لە برژەوەندی خۆیان بدەن و لەم کاتانەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن و پشتیوانی لە گەلی کورد ناکەن هەرچەندە لەسەر هەق و مافی خۆمان بین.

 

کەوسەر حەسەن لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: پەیامی من ئەوەیە، یەک دەنگ بین لەم پرسانەدا کە هەموومان پێی زەرەرمەندین و دەوڵەتی تورکیا هەوڵی کپ کردن و لە ناوبردنمان دەدات، دەبێت ئەو پلانانە پوچەڵ بکەینەوە کە هەوڵدەدات مێژووی شۆڕشی کورد نەهێڵێت، نابێت بێدەنگ بین لە ئاست داخستنی فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی و هەموومان برژێینە سەر شەقامەکان و بە هەزارەها کەس بەشدار بن و بە دەوڵەتانی داگیرکەر بڵێن ئێمە هەین و کوردستان دەپارێزین.