"بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی پلاتفۆرمێک پێویست بوو"

ڕاحلە تارانی پێی وایە ئەو چاوەڕوانییانەی لەم بزووتنەوەیە هەبوو، ئەوە بوو کە یەکسەر دەگۆڕێت بۆ شۆڕش و ڕووخساری وڵات دەگۆڕێت، بەڵام ئەم چاوەڕوانییە ناڕاستەقینە بوو، چونکە بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی پلاتفۆرمێک پێویست بوو کە دابین نەکرا.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ- ڕاحلە تارانی، دەروونناس و چالاکی سیاسی، سەبارەت بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕایگەیاند: بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا توانی هەندێک ڕووخساری کۆمەڵگە بگۆڕێت، ژنان پێشەنگایەتییان کرد و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە شەڕی دژی داعش بەکارهێنرا، جێگیر بوو.

 

ڕاحلە باسی لەوەکرد، کە گوشارەکانی دەیان ساڵی سەر ژنان و خەڵکی ئێران یەکێک لە هۆکارەکانی پێکهێنانی بزووتنەوەکە بوو، وتیشی: پێم وایە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی زیاتر سروشتییە و لە فشارێکەوەیە کە سنووری لێبوردەیی تێپەڕاندبێت، ساڵانێکە گوشار لەسەر ژنان دروست بووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرەو خراپتر دەچێت، گەل لە بزووتنەوەکانی ساڵانی ڕابردوودا ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دابوو و بەڵام دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ئەم ناڕەزایەتییانە تەشەنەی سەند و بووە توڕەیییەکی سروشتی کە گەنجان و ژنانمان بە داواکاری ڕەوا هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دا.

 

"هەندێک سوودیان لەم دۆخە وەرگرتووە"

ڕاحلە تارانی ئاماژەی بەوەدا، هەندێک کەس سودیان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" وەرگرتووە و دەڵێت: کاتێک بزووتنەوەیەک بە کوشتنی تاوانکاری دەست پێدەکات، سۆزی زیاتری هەیە و بەو پێیەی زۆربەی خۆپیشاندەرانی سەر شەقامەکان منداڵ و گەنجان و ژنان بوون، دەبوو هێزە بەرژەوەندیخوازەکان هەرزوو کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن و بەڕای من هەندێک کەس سوودیان لەم دۆخە وەرگرت، دەسەڵاتی خۆسەپێن و کۆنەپەرستانە نەیاندەویست ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن کە چل ساڵ هەوڵدان بۆ زاڵبوون بەسەر کولتووری گەلدا شکستی هێناوە و نەیانویستووە گەشەی ژنان و هۆشیاریی مافەکانیان قبوڵ بکەن و تێنەگەشتن کە کچانی جاران گەورە بوون و مل بۆ فشار دانانێن، هەر بۆیەش پەنایان بۆ توندوتیژی برد.

 

هەروەها وتیشی: چ لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا بێت یان لە پەیوەندی لەگەڵ هەلومەرجی تاکەکەسیدا، ئەگەر ئامانج و چاوەڕوانییەکان لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی یان ئەو تاکەدا نەگونجێن، ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، چاوەڕوانییەکانی ئەم هەنگاوە ئەوە بوو کە یەکسەر بگۆڕێت بۆ شۆڕش و ڕوخساری وڵات بگۆڕێت، ئەم چاوەڕوانییە ناڕاستەقینە بوو، چونکە پلاتفۆرمێک پێویست بوو بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، بەڵام دابین نەکرا و هیچ پێشەکییەکی نەبوو، هەرچەندە پرسی خەبات بۆ مافەکانی ژنان وروژێنرا، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری لە وڵاتی ئێمەدا شەڕی چینایەتی و ڕەگەزییە و ئەوەی ئێمە شاهیدی دەبین، ستەمی سەرەکی چەوساندنەوەی چینەکان و هێزی پێش گۆرانکارییە کە یارمەتی خەڵک دەدات زیاتر لەم بابەتە تێبگەن، لە ڕاستیدا هیچ هێزێکی پێش گۆڕان نەبوو کە بتوانێت هاودەنگی لەسەر بنەمای ڕێکخراوە جەماوەریەکان دروست بکات و ڕاستییەکەش ئەوەیە کە شۆڕشێکی گەورە بە هاتنە سەر شەقامەکان ئەنجام نەدرا، ئەو هێزانەی کە گەنجانیان هان دەدا بۆ توندوتیژی لە شەقامەکاندا، ئەمەیان دەزانی، بەڵام لەم دیوی دونیادا خەریکی پلاندانان بوون بۆ خۆیان و بە وەکالەت و وەرگرتنی یارمەتی لە هێزە ئیمپریالیستەکان بۆ هاتنە سەر دەسەڵات بۆ ئەوەی چەوساندنەوەی چینایەتی بەردەوام بێت و ئەمەش بوو لەگەڵ بەڵێنەکانی وەک ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان، بەڵام لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکی ستەمکاری چینایەتی بوو.

 

"کۆبوونەوەی بەرگری لە لەیلا حسێن زادە جێگەی شانازی بوو، بەڵام هەندێک کەسی دڵتەنگ کرد"

ڕاحیلە تارانی جەختی لەسەر زیاتر لە ٤ دەیە خەباتی خەڵک لە دژی ڕژێمی ئێران کردەوە و وتی: دوای شۆڕش شاهیدی کودەتایەکی فەرهەنگی بووین و ناویان ناوە شۆڕشی فەرهەنگی و سروشتییە کە هەر حکومەتێک بە کولتوورێکەوە بەسەر خەڵکدا زاڵ بێت کە گەرەنتی سەقامگیرییەکەی دەکات. بەڵام تێکۆشانی گەل بەردەوام بووە لەم هەموو ساڵەدا و بە تایبەتی لە سەردەمی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، خوێندکاران ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە نیشاندانی ئەوەی کە وەرگر نین بەرامبەر بە کولتوورێکی کۆنەپەرستانە و پاوانخوازانە و دەیانەوێت ڕۆڵیان هەبێت لە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەدا.

 

ناوبراو لەیلا حوسێن زادە بە ژنێکی هۆشیار و شۆڕشگێر ناو برد و لەسەر چالاکییەکانی وتی: چالاکی بەرگری لەیلا حسێن زادە نموونەیەکی باشی هەوڵەکانی کچێک بوو کە لە بزووتنەوەی کرێکاریدا دەسبەسەر دەکرێت و زۆر هەوڵیاندا بێدەنگی بکەن، بەڵام ئەو دەرفەتی بۆ خۆی دروستکرد کە بێتە هۆڵی زانکۆ بۆ بەرگریکردن لە تێزەکەی بە جلوبەرگی دڵخوازی خۆی و ئەمەش جێگەی شانازی بوو، بەڵام هەندێک کەسی دڵتەنگ کرد و ویستیان لەمەوە ئامرازێک دروست بکەن بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە مافی خۆمانە بۆ سەرکوتکردنیان و بە جوداخواز و هێزی سەر بە یەک ناویان بردن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: ژنانی وەک لەیلا حوسێن زادە کە ئاگاداری مافەکانیانن و سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و فشارە دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، ئەوەی دەتوانێت کاریگەری لەسەریان دروست بکات، دروستکردنی ڕۆحی نائومێدییە، ئەو فشارەی کە لە لایەن هێزە ڕاستڕەوە بیانییەکان و پاشایەتیخوازەکان یان هێزە ناوخۆییەکانەوە دەکرێت بۆ لاوازکردنیان، پێم وایە سەرکەتوو نەبووە و کەسانی وەک لەیلا بەردەوامن لە چالاکییەکانیان.

 

"ئەگەر ڕێگە بدەن ئەم بزووتنەوەیە ڕێڕەوی سروشتی خۆی بگرێتەبەر، ڕەنگە بگۆڕێت بۆ شۆڕشێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

ڕاحیلە تارانی، چالاکوانی سیاسی جەختی لە هەوڵی هەندێ ئۆپۆزسیۆن و بیرۆکەکانی دەرەوەی ئێران و هێزەکانی ڕژێم  بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کردەوە و وتی: دۆزینەوەکانی زانستە دەروونناسیەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە کەی کەشێکی ترس و تیرۆر دروست دەبێت بیکە، خەڵک کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بە دۆخەکان و دەتوانیت شتەکانیان بۆ هان بدەیت و داوای کاردانەوەیان لێبکەیت کە کاردانەوەیەکی بێ بیرکردنەوەیە، چونکە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن شیکاری بکەن، دەبێت کەشێک هەبێت کە ترسی زۆری تێدا نەبێت، ڕاستییەکە ئەوەیە حکومەت دەزانێت کە چەندە خەڵک بترسێنن، دەتوانن زنجیرەیەک کاردانەوە لە خەڵک وەربگرن و ڕێگە نەدەن خەڵک بیربکاتەوە، هێزە ئیمپریالیستەکان و بەشێک لە میدیاکانی سەر بە ئێران لە بەرژەوەندی گەلدا نین، دەشزانن بۆ ئەوەی بەسەر ڕێگەچارەسەرییەکانی گەلدا زاڵ بن، دەبێت دۆخەکە گرژ بکەن و کەشێکی توندوتیژی و ترس دروست بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک کاردانەوەی هەبێت.

 

"نائومێدی و توڕەیی پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە"

ڕاحیلە تارانی سەرەتای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ی بە سەرەتای خوڵقاندنی ئومێد و جوانی لە کۆمەڵگەدا پێناسەکرد و وتی: لە سەرەتای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا خولیایەکی جوان لە کۆمەڵگەدا دروست بوو و هیوای بەخشی کە ئەگەر بەردەوام بێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا، بەڵام بە شکستهێنانی دەرفەت و سەپاندنی داواکارییەکان بۆ بزووتنەوەیەک کە هێشتا دەسەڵاتی بەدەست نەهێنابوو، ڕووبەڕووی شکست بووەوە و ڕۆحی شکست زاڵ بوو، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی خۆکوشتن و کوشتن، بەتایبەتی کوشتنی ژنان، بەجۆرێک لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ١٠ حاڵەتی ژنان کوشتن و خۆکوشتن تۆمار کراوە، هەروەها کۆچبەری زیادی کردووە و ئەم تێچوونە گەورەیەی کە دراوە و کێشراوەتەوە بۆ دواوە، کاتێکی دەوێت بۆ ڕاستکردنەوە، نائومێدی و توڕەیی پەیوەندییەکی نزیکیان هەیە؛ کاتێک نائومێدی هاتە ناوەوە، هەندێک کەس ئازاری خۆیان دەدەن و هەندێک کەس توڕە دەبن و ئازاری کەسانی تر دەدەن و ئەم ڕۆحی شکستە کەشێکی زۆر ژەهراوی دروست دەکات کە کاتێکی دەوێت تا چاک دەبێتەوە، پێویستە لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت کە سەپاندنی داواکاریی هەڵە بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا، کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بوو، چۆن کاریگەری هەبووە و کێ ئەم ڕۆحی نائومێدییەی خوڵقاندووە.