"شکاندنی گۆشەگیری هەنگاوی چارەسەری کێشەی ناوچەکەیە"
بە تێپەڕبوونی کات گۆشەگیری لە دوورگەی ئیمرالی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان توندتر دەبێت و ژنان هەڵوێستی خۆیان دەخەنەڕوو، ڕایانگەیاند، دەوڵەتی تورکیا لە شکستی خۆیدا گۆشەگیری توندتر دەکات.
سلێمانی
بۆ ماوەی ٢٤ ساڵە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیریەکی توند دایە، لە ساڵی ٢٠٢١دا مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیدا لێزەوتکراوە و سەرەڕای فشارەکانی گەلی کورد و ئازادیخوازان، هیچ زانیارییەک لەسەر ڕەوشی زیندان ناخرێتەڕوو، ئەمەش مەترسی پلانگێڕییەکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە.
"گۆشەگیری دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت"
موژدە عەلی، نووسەر و مامۆستا، باسی لە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرد و دەڵێت: لە ئەمڕۆدا دەیبینین کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ناوچە و چیاکانی کوردستان چڕبووەتەوە، ئەم هێرشانە هاوتەریبن لەگەڵ توندترکرنەوەی گۆشەگیری لە دوورگەی ئیمرالی، دەوڵەتی تورکیا شکستی خۆی پێ قبوڵ ناکرێت، لەبەرئەوە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالانی توندتر کردووە و تەنانەت سادەترین مافی وەکو پێدانی ڕۆژنامە و پێنووسێک زەوت کردووە تا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە نەکات.
مژدە عەلی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە شکاندنی گۆشەگیری کۆتاییهاتنی کێشەیە لە ناوچەکەدا و وتی: چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە و بۆ هەنگاوێک بەرەو پێشچوون، پێویستی بە کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە، لەبەر ئەوەش هەموو کوردان دەبێت هەموو هەوڵدانی خۆیان بۆ کۆتایی گۆشەگیری بەکاربهێنن.
گۆشەگیریی ئیمرالی گۆشەگیری سەر نەتەوەیەکە
هاوژین فەخرەدین، چاودێری سیاسی، باسی لەوەکرد کە دەوڵەتی تورکیا بە گۆشەگیری کردن لەسەر ڕێبەر ئۆجالان دەیەوێت کورد پەرتەوازە بکات، بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان پێکنەیت، "کیمیابارانکردنی چیاکانی کوردستان و هێرش بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە بە هۆی گۆڕانکاری سیاسی و هەڵبژاردنەکانە لە تورکیادا.
هاوژین فەخرەدین ڕوونیکردەوە، کە جەنگ لە هەر ناوچەیەک هەبێت لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و گەشەکردنەوە دەبێتە هۆکاری بەرەوپاشچوون، وتیشی: سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ گۆشەگیریکردن لەسەر ڕێبەر ئۆجالان هەڵەیە، هەموو گەلانی جیهانیش و بە تایبەت کورد دەبێت ڕۆڵی خۆیان بۆ شکاندنی گۆشەگیری ببینن، تا پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکە دەستپێبکات.
عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە ساڵی ١٩٩٩ لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لەژێر گۆشەگیرییەکی توند دایە و لە ساڵی ٢٠٢١ مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ پارێزەر و خێزاندا لێ زەوتکراوە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە.