ئەندامێکی فەوجی ژنان: وێنەی شەهید ناگیهانم لەسەر دڵم داناوە و بەردەوامی بە ڕێبازی دەدەین
شەهید ناگیهان ئاکارسەل لە شاری سلێمانی دەبێتە پەڵەیەکی مێژووی و ژنان لەبارەی شەهیدکردنییەوە ئاماژەیان بەوەدا کە زیان بوو لە تێکۆشانی ژنان، بەڵام خاوەن لە ڕێبازەکەی ناگیهان ئاکارسەل دەردەکەون و درێژەی پێدەدەن.
سلێمانی
ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ی تشرینی یەکەمدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆرکرا و دوێنێ، باڵیۆزی تورکیا لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دانی بەوەدا نا کە ناگیهان ئاکارسەلیان تیرۆر کردووە، ژنانی چالاکوانان، ڕێکخراوەکان ئازادیخوازان، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و توێژە جیاوازەکان بەشدارییان لە مەراسیمی ماڵئاوایی لە ناگیهان ئاکارسەل کرد و لەسەر شانی ژنان بەرەو زێدی خۆی لە کۆنیای وڵاتی تورکیا بەڕێکرا.
"دەبێت ژنان چەک بە شان یان قەڵەم بەدەست بن"
نەسرین سەید، ئەندامێکی فەوجی ژنانە لە شاری سلێمانی، لە مەراسیمی ماڵئاوایی لە شەهید ناگیهان ئاکارسەل، باسی لە ناگیهان و ڕۆڵی لە بەرگری کردنی ژنان و کوردستاندا کرد و وتی: شەهیدکردنی ناگیهان تەنها لەسەر ژنان نەبوو، بەڵکو لەسەر خاک و وەتەنیش بووە، من ئەم شەهیدکردنە بە مێژوویەکی تۆمارکراو دەزانم، دەبێت هەموو ژنانی ئێمە چەک بە شان بن یان قەڵەم بەدەست بن، دەبێت بەرگری لە ژنان و بەرگری لە خاکی خۆیان بکەن و بەرگری لە هەر چوار پارچەی کوردستان بکەن، من وێنەی شەهید ناگیهانم لەسەر دڵم داناوە و شەهید ناگیهان کچی منە".
"ناهێڵم خوێنی شەهید ناگیهان بەفیڕۆ بچێت"
١١ی تشرینی یەکەم، ٨ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی نەقیب "ڕەنگین یوسف" تێپەڕی، کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە سەنگەری بەرگری دژ بە تیرۆرستانی داعشدا لە میحوەری جەلەولا برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ گیانی لەدەستدا، نەسرین سەید، دایکی شەهید ڕەنگینە و ئەندامی فەوجی ژنانە، باسی لەوەکرد چەندە شەهید هەبن ئێمە سورترین لەسەر داواکەمان، دەشڵێت: من کچێکم ٨ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ خۆمدا بوو کە شەهید بوو، سڵناکەمەوە لەوەی کچم شەهید بووە یان خوشکم شەهید بووە تا ئیتر وازبێنم و بترسم، من لەمەودوا چەکی خۆم و قەڵەمی خۆم هەڵدەگرم، بەرگری لە ژن و لە خاکی کوردستان دەکەم، من بۆ شەهید ناگیهان قەت ناڵێم ژنێکم لێ شەهید بووە، دەڵێم شێرێکم لێ شەهید بووە، کە بەرگری لە هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە، من بۆ ئەوە ناگریم کە کچەکەم شەهید بووە، بۆ ئەوە دەگریم کە کوردستانم لێ داگیرکراوە".
" لەبەر ئەوەی کوردین شەهید دەکرێین"
نەسرین سەید لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەزاران ژنمان شەهید بووە، هەزاران برامان شەهید بووە بەبێ تاوان کە تا ئێستاش نازانین گۆڕەکانیان لە کوێیە، تەنها لەبەرئەوەی کوردین، ئێمە لەسەر کوردایەتی شەهید دەبین، نابێت واز لە خەبات و تێکۆشان بهێنین، دەبێت دەقە بە دەقە خوێنمان بکوڵێت و بیسەلمێنین کە چوار پارچەی کوردستان هەر یەک کوردستانە، دوژمنان ئێمەیان پارچە پارچە کردووە بۆ ئەوەی بمان بترسێنن، بەڵام ئێمە سڵناکەینەوە لە کوشتن و بڕین و ماڵ سووتان، ئێمە کوردین و چاومان لەسەر ماڵی کەس نییە و ڕۆژ بە ڕۆژ ورەم بەرزتر دەبێت، هیوادارم کوردستان ئازاد بێت".