ڕەمزییە محەمەد: دەوڵەتی تورک پلانێک بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە دەکات

ڕەمزیە محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی ستار دەربارەی هێرشەکانی سەر ڕێکخراوەکانی ژنان دەڵێت: هۆشیاری دەسەڵاتدار ڕێگەی نەدا ژنان بە ئاسودەیی چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆیان ئەنجام بدەن.

ڕۆژ هۆزان

 

قامیشلۆ- شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان میراتی خەباتی ژنانە و خاوەنی دەستکەوتێکی زۆر بەنرخە، لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەی شۆڕشدا هەمیشە ڕێکخستنەکانی ژنان لە لایەن دوژمنانەوە هێرشی کراوەتە سەر، چونکە بەهێزترین ڕێکخستنە کە لە هەموو جیهاندا دەتوانێت یاسا و ئازادی ژنان بەدەستبخات، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەیەوێت بە کردەوە دڕندانەکانی خۆی زیان بەو ڕێکخستنە و بیروباوەڕی ژنان بۆ بنیادنانی ژیانێکی پارێزراو و ئازاد بگەیەنێت، دەیان ژن لە لایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و لە ئێستادا سەدان ژن لە ناوچە داگیرکراوەکاندا کاری دڕندانەیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت.

 

ڕەمزیە محەمەد، وتەبێژی کۆنگرەی ستار، باسی لە تێکۆشانی ژنان کرد و وتی: لە شۆڕشی ژناندا بە پێشەنگایەتی ژنانی ڕێکخراو هەموو بوارەکانی کۆمەڵگە گۆڕدرا بۆ تێکۆشان، ئەقڵیەتی دەسەڵاتداران ڕێگەی نەدا ژنان بە ئاسوودەیی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆیان ئەنجام بدەن، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە بە خۆشەویستی و بەهێزییەوە بەرخۆدانیان دژی هێرشەکان کرد، ئەم ژنە پێشەنگانە مێژووی دەسەڵاتیان پارچە کرد و مۆری خۆیان لەسەر مێژووی ئازادی ژنان دانا، بۆیە هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێنە ئامانج، بە ئامانجکردنی ژنان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەوە نیشان دەدات کە ڕێگە بە ژنان نادەن چێژ لە ئازادی و دەستکەوتەکانیان وەربگرن، ژنانی شۆڕشگێڕ لە دژی دڕندەیی دەوڵەتی تورک بەردەوام بوون و لە دەوری ڕێکخستنەکەیان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئیرادەیەکی بەهێز هەموو شێوەکانی هێرشی داگیرکاری تێکبشکێنن".

 

"دەسەڵاتداران لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕێکدەکەون"

ڕەمزیە محەمەد، تیشکی خستە سەر ڕێککەوتنی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ سوریا و وتی: ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی تورک و حکومەتی سوریا چەندین ساڵە بوونی هەیە، ڕەنگە هەندێکجار بوەستێنرێن، بەڵام لە کوێ بەرژەوەندییەکانیان یەک بگرێتەوە بەیەک دەگەن و لە دژی خواستی کۆمەڵگە ڕێکدەکەون، پێش شۆڕشی سوریاش ڕژێمی بەعس چەندین شوێنی مێژوویی بە دەوڵەتی تورک فرۆشتووە و دەوڵەتی تورک ئامانج و خەونەکانی لە خاکی سوریا پاراستووە و بە هەڵگیرساندنی شەڕ لە سوریا هەلی بۆ ڕەخساوە ناوچە ستراتیژییەکانی دیکەی سوریا داگیر بکات، لەلایەکی دیکەوە ڕێککەوتننامەی ئەدەنە لەلایەن دەوڵەتی تورک و سوریاوە واژۆ کراوە و دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەر لەوەی کۆتایی بە ڕێککەوتنەکە بێت، سوود وەربگرێت و ناوچەکانی سەر سنوور بە گشتی داگیربکات.

 

هەروەها لەبارەی بێدەنگی حکومەتی سوریا لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و وەڵام نەدانەوەی ئەو هێرشانە، دەڵێت: حکومەتی سوریا ڕەوایەتی بە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەدات، ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک سنوور دەبەزێنێت و بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پێی بڵێت بۆچی ئەو کارە دەکات، ئەمەش دەرخەری ڕێککەوتنی ژێر بەژێری دەوڵەتی تورکیا و سوریایە.

 

"ئەگەر ئیرادەی ژنان بەهێز بێت دوژمن ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر بەهاکان"

ئەو وتەبێژەی کۆنگرەی ستار داوای لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، کە ئیرادەی خۆیان لە دژی هێرشەکان بەهێز بکەن، "ئێمە وەک خەڵکی هەرێم کاتێک هێزمان یەکبخەین، پلانەکە چەندە نێودەوڵەتی بێت، تێکی دەشکێنین، داوا لە هەموو دەزگا و ڕێکخراوە سیاسییەکان دەکەین خاوەنداری لە خۆبەڕێوەبەری ژنان و پێشەنگ بکەن، تا بتوانین پلانەکان پوچەڵ بکەینەوە کە لەسەرمان بەڕێوەدەبرێت، ئیرادەی ژنان بەهێزە و دوژمن ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر بەهاکانی ژنان".