سۆز عەبدولقادر: درێژکردنەوەی پەرلەمان کەموکورتییەکانی پەرلەمانی چارەسەر نەکردووە
هەرچەندە پەرلەمان بەو ئامانجە درێژکرایەوە کە کەموکورتییەکانی چارەسەر بکات، بەڵام وەک سۆز سۆز عەبدولقادر دەڵێت: "هەموو ئەگەرەکان کراوەن بە ئەگەری دووبارە درێژکردنەوەی پەرلەمانیشەوە، چونکە تا ئێستا کەموکرتییەکانیش چارەسەر نەکراوە.
شنیار بایز
سلێمانی- هەڵبژاردن یەکێکە لە پڕۆسە دیموکراسییەکان، لە بوونی گومانێک لە هەڵبژاردندا هاوڵاتیان بێ ئومێد دەبن، هاوڵاتیانی باشووری کوردستان چەندین ساڵە بەهۆی بوونی حکومەتێکی گەندەڵ و بەرژەوەندخواز کە کار دەکات لەپێناو بەرژەوەندی حزبدا بێ ئومێد بووە، جگە لەوە، لە ئێستادا پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا جێبەجێ ناکرێت، ئەمەش ناڕوونییەک لە پڕۆسەی دیموکراتیدا دەردەخات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوەی ساڵێک درێژکرایەوە، ماوەی چوار مانگیش لە ساڵەکەدا تێپەڕبووە، ئەگەرچی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ١٨ی تشرینی دووەم دیاریکرا وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام تا ئێستا نە حزبەکان، نە حکومەت و پەرلەمان ئەو کەموکورتیانەی بڕیاربوو لە ماوەی ئەم ساڵدا پڕیبکەنەوە،بە هەڵپەسێردراوی هێشتوویانەتەوە.
"پەرلەمانی کوردستان ئەزموونی لە چەند ساڵەی هەبوونی و پەرلەمانی وڵاتانی دیکە وەرنەگرتووە"
سۆز عەبدولقادر، پەرلەمانتار، دەربارەی دواکەوتنی پەرلەمان و نەبوونی دەنگۆی هەڵبژاردنەکان ڕوونیکردەوە، خودی پەرلەمان چوار ساڵ جارێکە وەک میساقێکی نیشتیمانی وایە لە نێوان هاوڵاتی و حکومەتدا، بەڵام لە پەرلەمانی کوردستاندا بووەتە نەریت و ماوەی ساڵێک پەرلەمان درێژە دەکرێتەوە، وتیشی چەندین هۆکار هەن بۆ درێژکردنەوەی پەرلەمان.
باسی لەوەکرد لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ، کاتێک پەرلەمان یەکەم دانیشتنی دەکات و دەستدەکات بە کار و چالاکییەکانی، پێویستە حزبەکان بیر لەوە بکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چۆن خۆیانی بۆ ئامادە بکەن، دەشڵێت: پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان خاوەن مێژوویەکی تازەیە و ئەزموونی وەرنەگرتووە لەو چەند ساڵەی تێی پەڕاندووە یاخود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە.
"لەگەڵ درێژکردنەوەی پەرلەمان بەڵام هێشتا ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە"
سۆز عەبدولقادر دەڵێت: هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان مێژوویەکی نوێی هەیە، بەڵام ئەمە بەهانە نییە بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردنەکان ئەنجام نەدرێت، لەگەڵ ئەوەشی لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدراوە، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵێک ئەرک هەیە جێبەجێی نەکراوە لەکاتێکدا دەبوو لە میانەی خولەکەی خۆیدا بکرایە، وەک چالاک کردن و گۆڕینی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هەمووارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بوو.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ماوەی ساڵێک پەرلەمان درێژکراوەتەوە، لەو ساڵەش چوار مانگ تێپەڕیوە بەڵام تا ئێستا ئەرکەکان جێبەجێنەکراون و وەک خۆی ماوەتەوە، ئەو ئەرکانە پەیوەستکراون بەو دانوستانانەی لە نێوان حزبەکاندا هەن، ڕاستە کاری سیاسی و حزبی لە پەرلەماندا ئەنجام دەدرێت بەڵام نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ پەکخستنی ئەرکی ڕاستەقینەی، ئێستاش کات ماوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ئەگەر بە جدی کاری بۆ بکرێت.
"حزب و دەسەڵات لە باشوور بۆ بەرژەوەندی خۆیان پڕۆسەی هەڵبژاردن پەکدەخەن"
دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی تایبەت بە پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتدایە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی ئەرکی پەرلەمانە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: وەک چۆن پەرلەمان ماوە بەسەرچووە، بەهەمان شێوەش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش ماوە بەسەرچووە، بۆیە پێویستە بە یاسایەک ئەم کۆمسیۆنە نوێبکرێتەوە و دووبارە چالاک بکرێت، چەندین دەنگۆ هەن بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام هیچی بە یاسایی لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر نەدراوە و نەبووەتە یاسایەک، دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەی پەرلەمان بەرژەوەندی بۆ حکومەت نییە، بەڵکو بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا لەناو خۆیاندا دانوستانیان نەکردووە، بۆیە بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە هەڵبژاردنەکان چۆن و بە چ شێوازێک بکرێت.
"حکومەتی هەرێم حکومەتێک نییە لە سەدا سەد کار بکات بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سۆز عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەکرد، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراتیەت بریتییە لە هەڵبژاردن، بۆیە کاتێک هەڵبژاردن دەکەوێتە ژێر پرسیار و گومانەوە لای هاوڵاتیان، متمانە لەدەستدەدات، هاوڵاتیان بۆیە دەنگ دەدەن بە لایەنە جیاوازەکان بەو ئامانجەیە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەو جۆرە حکومڕانی ناکرێت و حزب و دەسەڵات بووەتە بڕیاردەر.
لە کۆتاییدا دەڵێت: پێویستە هەمووان ئاگاداربن کە ئەگەرەکان کراوەن، ئەگەری دووبارە دواکەوتنی پەرلەمان هەیە، یاخود ئەگەری دیاریکردنی ڕۆژی پەرلەمانیش هەیە، چونکە حکومەتی هەرێم کەوتووەتە ژێر فشاری نێودەوڵەتییەوە، هەندێک لە حزبەکان پێویستە ببنە فشار بۆ سەر سەرۆکایەتی پەرلەمان لەپێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانی، هەروەها میدیاکانیش بۆ خۆیان دەتوانن فشاری هاوڵاتیان بگەیەننە جێگەی مەبەست و بە گشتی کار بکرێت بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان، چونکە هاوڵاتیان باوەڕیان بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراتی نەماوە لە هەرێمی کوردستاندا.