دوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی گەل... ئایا لەپێشینە بۆ نوێنەرایەتیکردنی سوەیدا یە یان بۆ لێپرسینەوە؟

مەرام قەزمانی، پارێزەر دەڵێت: میکانیزمی دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گەل، لەباتی هەڵبژاردنیان، نوێنەرایەتییەکی گەلی ڕاستەقینە بەدیناهێنێت، کە لە لەپێشینەکانی خەڵکی سوەیدا دوای ڕووداوە خوێناوییەکان زیاتر چڕ بوونەتەوە لەسەر ئاسایش، دادپەروەری و مسۆگەرکردن

رۆشیل جونیور

 

سوەیدا ـ لەگەڵ پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی نوێی ئەنجومەنی گەلی سووریا، کە ماوەی خولی یاسادانان، خولە پارلەمانییەکان، میکانیزمەکانی دەنگدان و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەنجومەن ڕێکدەخات، باسی قۆناغی داهاتووی یاسادانان و نوێنەرایەتیکردنی ناوچە جیاوازەکان لە ناو دەزگای یاساداناندا سەری هەڵداوەوە، بەڵام سوەیدا پرسیاری جیاواز دەوروژێنێت، کە تەنیا پەیوەندی بە دیاریکردنی دوو کەسایەتییەوە نییە بۆ پڕکردنەوەی دوو کورسی لە ئەنجومەنەکەدا وەکو ڕێوشوێنێکی کاتی، بەڵکو پەیوەندی بە شتێکی قووڵترەوە هەیە، لە بەر ئەوەی زۆرێک لە هاوڵاتییانی سوەیدا پێیان وایە لەپێشینەی ئەمڕۆ ئیتر پرسی نوێنەرایەتی سیاسی نییە، بەڵکو لێپرسینەوەیە لە بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانەی تووشی بوون، بەدیهێنانی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی متمانەیە پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ هەر ئەرکێکی سیاسی.

 

دیاریکردن نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بەدیناهێنێت

مەرام قەزمانی، پارێزەر وتی: ئەو شتەی لە سووریا دوای ڕووخانی ڕژێم تێبینی کرا، بڵاوبوونەوەی کولتووری دیاریکردن بوو، جا چ لە دیاریکردنی سەرۆک کۆمار یان لە دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلدا بێت، هەرچەندە ئەنجومەنەکە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە و وا دانراوە کە نوێنەری ئیرادەی گەل بێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتییەوە، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن تاوەکو دەبنە دەنگی ڕاستەقینەیان لە ناو دەزگای یاساداناندا.

 

ڕوونیکردەوە، کە شێوازی پێکهێنانی ئەنجومەنەکە بەو شتە بەدەست ناهێنێت کە سوورییەکان ئاواتیان دەخواست لە دوای ڕووخانی ڕژێم، بەو پێیەی ئەندامان دیاریکرابوون، لەگەڵ ئەوەی هەندێک کورسی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ماوە، بەڵام هێشتا ئەو هەڵبژاردنانە ئەنجام نەدراون، ئەنجومەنەکەش تەنها بۆ ئەندامانی دەستنیشانکراو سنووردار دەمێنێتەوە، هەروەها بوونی دوو کەسایەتی لە سوەیدا لە ناو ئەنجومەنی گەلدا بەو واتایە نییە کە مەرج بێت نوێنەرایەتییەکی سیاسی ڕاستەقینە هەبێت، چونکە ئەم نوێنەرایەتییە دەبێت لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی گەلی ڕاستەقینە بێت، کە ئەمەش لە سایەی نەبوونی هەڵبژاردن و نەبوونی هاوسەنگی کۆمەڵایەتی لەلایەن هاوڵاتیانی سوەیداوە لەسەر ئەو کەسانەی کە دیاریکراون، بەدیناهێنێت.

 

جەستی لەوە کردەوە، کە ئەندامی ئەنجومەنی گەل وا دادەنرێت کە پردی پەیوەندی بێت لە نێوان ئیرادەی گەل و حکومەتدا، داواکارییەکانی هاوڵاتییان و دەنگی ڕاستەقینەیان نەگێڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەو کەسەی بە ڕێگەی دیاریکردن دەگاتە ئەنجومەن، هەمیشە بە پەرۆش دەبێت بۆ پاراستنی ڕەزامەندی ئەو لایەنەی کە دیاری کردووە، زیاتر لەوەی بە پەرۆش بێت بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی گەل بە شێوەیەکی سەربەخۆ، وتیشی: بۆ خەڵکی سوەیدا، کە تووشی ڕووداوی خوێناویی و پێشێلکاری قورس بوون لەسەر بنەمای خێڵەکی، داواکاری مافناسی، یاسایی و سیاسی بەرزتریان هەیە کە کەمترین ئاستی پاراستن بەدیدەهێنن، لەبەر ئەوە پرسیارێکی ڕەوا سەری هەڵداوە کە کێ مافی بەو کەسانە داوە کە بە ناوی ئێمە قسە بکەن؟ ئایا ئەوان بەڕاستی دەتوانن خەمخۆری هاوڵاتیانی سوەیدا هەڵبگرن و بیانگەیەنن وەک خۆی؟ ئایا میکانیزمی دیاریکردن بێلایەن بووە، هەموو چین و دەنگە هەبووەکانی سوەیدای لەخۆ گرتووە؟

 

داواکارییەکان دوای ڕووداوە خوێناوییەکان گۆڕان

مەرام قەزمانی، پارێزەر ئاماژەی بەوەشکرد، کە داواکارییەکانی هاوڵاتیانی سوەیدا دوای ڕووخانی ڕژێم جیاواز نەبوون لە داواکارییەکانی سوورییەکانی تر، چونکە چڕ ببوونەوە لەسەر بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی، دەوڵەتی دامەزراوەکان، بەدیهێنانی بنەمای هاوڵاتیبوون، بەشداری سیاسی، ژیانێکی شایستە و بەدەستهێنانی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئەمانە داواکارییەکانی هاوڵاتیانی سوەیدان دوای ڕووخانی ڕژێم و ئێمە ناتوانین بە قۆناغەکە بڵێین قۆناغی گواستنەوە، بەڵکو قۆناغێکی "هەڕەمەکی"یە، بەڵام وتی: ئەو ڕووداوە خوێناویانەی لە سوەیدا دا شاهیدی دراون، بەتەواوەتی ئەم یەکەمایەتیەیان گۆڕیوە، بەو پێیەی قسەکان چیتر تەنها لەسەر بەشداریی سیاسی نییە، بەڵکو ئێستا هاوڵاتییانی سوەیدا پێش هەموو شتێک داوای مافی ژیان و ئاسایش و دادپەروەری و لێپرسینەوەیان دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕوویدا پێش هەموو شتێک خستوویەتییە قۆناغێکی بەرگریکردن لە بوونی خۆیان.

 

وتیشی: باسی سیاسی ئەمڕۆ لە ناو سوەیدا چەندین ڕوانگەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە لامەرکەزی فراوان، خۆبەڕێوەبەریی، تەنانەت بوونی لایەنەکان کە داوای سەربەخۆیی تەواو دەکەن، بەڵام هەموو ئەم ڕوانگانە لە خاڵێکی هاوبەشدا یەکدەگرن، کە ئەویش دابینکردنی مسۆگەرکردنی ڕاستەقینەیە کە هاوڵاتییانی سوەیدا بپارێزێت و کەرامەت و مافەکانیان هەڵبگرێت.

قەیرانەکە لە کورسییەکانی ئەنجومەنی گەل تێپەڕ دەبێت

 

مەرام قەزمانی، پارێزەر ڕوونیکردەوە،کە ورد نییە ئەوەی کە پرسی سوەیدا کورت بکرێتەوە لە پرسی نوێنەرایەتیکردن لە ناو ئەنجومەنی گەلدا، چونکە کێشەکە ئیتر پەیوەندی بە بوونی پەرلەمانتارێک یان دوو پەرلەمانتار یان تەنانەت زیاتریشەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو ڕووداو و پێشێلکارییانەوە هەیە کە هاوڵاتییانی سوەیدا تووشی بوون و قەیرانێکی متمانەی ڕاستەقینەی لەگەڵ دەسەڵاتدا دروست کرد.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر چارەسەرێکی سیاسی دەبێت بە چارەسەرکردنی ڕەگ و ریشەی کێشەکە دەست پێبکات، لە ڕێگەی گەیشتن بە لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینە و ڕوون لەگەڵ بەرپرسانی پێشێلکارییەکاندا، هەر لایەنێک کە لە پشتیانەوە بێت، ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، پاشان گواستنەوە بۆ گفتوگئردنی نوێنەرایەتی سیاسی و میکانیزمەکانی بەشداریی هاوڵاتییانی سوەیدا لە دامەزراوەکاندا، هەروەها نوێنەرایەتی لەناو دامەزراوەی یاسادانان مافێکە بۆ هاوڵاتیانی سوەیدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە پرسێکی زۆر بەرچاو نییە چونکە یەکەمایوتی بووەتە گەڕاندنەوەی ئاسایش و گەیشتن بە دادپەروەری و دادپەروەری بەرامبەر قوربانیان و بونیادنانی ئەو متمانەیەی کە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە لەدەستچوو.

 

پشتگوێخستنی داواکارییەکان لەناویان نابات

مەرام قەزمانی، پارێزەر لە کۆتایی قسەکانیداجەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی هاوڵاتییانی سوەیدا یان ونکردنیان نابێتە هۆی لەبیرکردنیان، بەڵکو سووربوون لەسەریان زیاتر دەکات، چونکە ئەم داواکارییانە ئیتر کورت نابنەوە لە شێوەی بەڕێوەبردن یان میکانیزمی نوێنەرایەتی سیاسی، بەڵکو بوونەتە پەیوەندیدار بە مافە سەرەتاییەکانەوە، لە سەرووی هەمیشەیانەوە مافی ژیان، ئاسایش، ئازادی، کەرامەت و دادپەروەری، هەر هاوکێشەیەکی سیاسی یان کارگێڕی داهاتوو، چ ناناوەندی بێت یان بە شێوەیەکی تر، دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مافی هاوڵاتییانی سوەیدا بێت بۆ دیاریکردنی داهاتوویان،  دابینکردنی مسۆگەری ڕاستەقینە کە پاراستن و مافەکانیان مسۆگەر بکات، چونکە چارەسەرکردنی ئەو پرسانە دەروازەی هەر قسەیەکی جددییە سەبارەت بە بەشداری سیاسی یان نوێنەرایەتی لەناو ئەنجومەنی گەلدا.