دەنگی ژنان لە بانگەشەکاندا بە هەند وەرناگیرێت
بانگەشەی هەڵبژاردنەکان فراوانتر دەبێت، بەڵام گرنگی بە نیوەی کۆمەڵگا نادرێت کە ژنە، کاندیدەکان لەگەڵ ژناندا کۆنابنەوە، دەڵێن دەنگی ژن و پیاو یەکسانن و جیاوازی ناکەن، بەڵام چالاکوانێک بەپێچەوانەوە دەڵێت بانگەشەی یەکسان بۆ کاتێک دەبێت کە دیموکراسیەتی تەواوەتی هەبێت.
تەرزە تەها
سلێمانی- کەمتر لە هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماوە، بانگەشەی حزب و هاوپەیمانێتییەکان بەردەوام فراوانتر دەبێت، هەر پارت و لایەنێك هەوڵدەدات زۆرترین دەنگ بۆ خۆی کۆبکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا کاندیدەکان چ سەربەخۆ و چ ئەوانەی لەلایەن حزبێکی سیاسی و هاوپەیمانێتییەکەوە پشتگیری دەکرێن، ڕۆژانە بە ناو شەقام، بازاڕ، لای دیوەخانەکان و شوێنە قەرەباڵغەکان کۆدەبنەوە و هەوڵ دەدەن دەنگی هاوڵاتیان بۆ خۆیان بەدەستبهێنن، بەردەوام وێنەی چالاکیەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکەنەوە.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەنێو چالاکی کاندیدەکان و هەوڵی کۆکردنەوەی دەنگەکاندا کەمترین هەوڵ لەلایەن کاندیدەکان بە هەردوو ڕەگەزەوە بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ژنان دەدرێت، ژنان بە ئامانج ناگیرێن تا دەنگیان کۆبکرێتەوە، لە کاتێکدا دەنگی ژنێک لەگەڵ دەنگی پیاودا یەکسانە.
د. نەرمین مەعروف، کاندیدی ژمارە ٣١ی هاوپەیمانی کوردستانی لە بازنەی یەکی شاری سلێمانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوان دەیانەوێت ببنە دەنگی هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، "دەمانەوێت ببینە دەنگی هەموو ئەوانەی تا ئێستا دەنگیان نەگەیشتووەتە پەرلەمان".
وەک کاندیدێک جەخت لەوەدەکاتەوە کە دەنگی ژنان بۆ ئەو وەک کاندیدێک گرنگە، بەڵام ئەوەش دەخاتە ئەستۆی ژنان کەوا دەنگ بە کام کاندید دەدەن، دەڵێت: "ئەوە کەوتووەتە نێوان ژنان خۆیان کە دەنگ بە ژنێک بدەن، نەک وەک ژنێک دەنگ بە کاندیدێکی پیاو بدەن".
د.ڕێبوار کەریم، کاندیدی سەربەخۆ لە بازنەی یەکی سلێمانی، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە ئەوان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کار بۆ گەڕانەوەی مافی هاوڵاتیان دەکەن، جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان لەسەر ئاستی هاوڵاتی کار دەکەن نەک ژن و پیاو، کاتێک کار لەسەر بابەتێک دەکەن، بۆ هەردوو ڕەگەزە بەبێ جیاوازی.
د.ڕێبوار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەستان لەگەڵ ژناندا پێویستی بە ئیرادەی ڕاستگۆی و ئامادەیی هەیە، کە بەرنامە و کاری خۆتی بۆ ڕوونبکەیتەوە، پێی بڵێیت دەتوانت چی بۆ ئەو بکەیت، کۆنەبوونەوەی لەگەڵ ژنان بۆ ئەوە گەڕاندەووە، کە ڕێگای گەیشتن بە ژنان و گفتوگۆکردن لەگەڵیان ئەرکێکی قورسە و ئیرادە و توانایەکی تایبەتی دەوێت.
هەرچەندە کاندیدەکان جەخت لەوەدەکەنەوە، کە ئەوان لەسەر ئاستی هاوڵاتی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان و دەنگدەراندا دەکەن، ڕەگەز جیاناکەنەوە، بەڵام وەک ئەوەی هەر خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکییەکانیان بڵاو دەکەنەوە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا لەناو بازاڕ، کۆڕ و کۆبوونەوەکان، دیوەخان و بارەگا حزبییەکان بەردەوام لەناو پیاواندا دەبیندرێن، لە کەمترین دۆخدا لەگەڵ ژناندا کۆدەبنەوە.
لەم بارەیەوە، سنور کەریم چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان ڕەخنە ئاڕاستەی سەرجەم کاندیدەکان بە هەردوو ڕەگەزەوە دەکات، دەڵێت "جیانەکردنەوەی دوو ڕەگەزەکە بۆ کۆمەڵگایەک دەبێت کە پێوانەکانی دیموکراسی تێدابێت، بۆ نمونە یەکسانی ڕەگەزی هەبێت، بەڵام بۆ کۆمەڵگایەکی لێوان لێو لە نایەکسانی، ناهاوسەنگی، پیاوسالار و شەرەف پارێزی ناتوانیت بڵێیت ئێمە پێویستمان بە جیاکردنەوەی ڕەگەزیی نییە".
سنور کەریم، جەخت لەوەدەکاتەوە هێشتا لە کۆمەڵگای کوردیدا جیاکارییەکی ڕەگەزی تۆخ هەیە کە پێیان وایە ژن توانای بڕیاردانی نییە، کاندیدەکان بە هەردوو ڕەگەزەکەوە گرنگی بە دەنگی ژنان نادەن، هۆکاری سەرەکی ئەمەشی گەڕاندەووە بۆ تێڕوانینی کۆمەڵگا کە پیاو وەک بەرپرسیار لە کۆی خێزان دادەنرێت، بەدەستهێنانی دەنگی پیاوێک واتە بەدەستهێنانی دەنگی تەواوی خێزان.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە کاندیدەکان خۆیان لەمە تێگەیشتوون، کە چوونە لای ژنێک هێز و کاریگەری نییە کە توانای بڕیاردانی خۆی و خێزانەکەی هەبێت، ئەمەشی بۆ زادەی جیاوازی ڕەگەزی لە کۆمەڵگای کوردی گەڕاندەوە کە مێژوویەکی درێژی لە ئەقڵیەتەدا هەیە.
بە بنەما نەگرتنی دەنگی ژنان لای سەرجەم کاندیدەکان، لای سنور کەریم بە مەترسی و ڕەخنەیەکی جدی دادەنرێت، کە لەسەر کاندەیدەکان و بەتایبەتیش ژنان ڕەنگی داوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ژنە خۆی نەیتوانیووە ئەو ئاقڵیەتە تێپەڕێنێت، ئەگەر ئەو ژنانە ئەو مەترسیەیان ببینیایە ئەوا دۆخی ژنان بەم جۆرە نەدەگەیشت، کە پرسی ژنان لە پرسێکی هەنوکەی و قوڵەوە کراوەتە پرسێکی لاوەکی.
لە کۆتایشدا ئەو چالاکوانە بە ئەرکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش دەزانێت، کە دەبێت کاندیدەکان پرسی ژن بوونیان لا گەڵاڵە بکرێت، بە کار و تواناکانیان سەیری ژنان بکرێت، نەک بە سوکایەتی و کەمتر سەیری ژنان بکرێت، ئاواتیش دەخوازێت، کە فلتەرێکی فکری، ئەخلاقی و مرۆیی بەهێز بۆ کاندیدەکان هەبووایە، تا پێش بوون بە پەرلەمانتار پەروەردە بکرانایە دەست لەسەر کێشە جدییەکان دابنرایە، لە پەرلەمان بەهێزانە داوای مافی هاوڵاتیان بکرادایە.
ت.پ