"پارتە دەسەڵاتدارەکانی عێراق باوەڕیان بە پرسی ژنان نییە"

پارێزەر ڕێزان شێخ دلێر دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای زیادبوونی نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانی عێراق بۆ خولی ئێستای عێراق کە ٩٧ نوێنەری ژنە، بەڵام کاریگەرییان بە لاوازی ماوەتەوە و هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ژنان نەکراوە و هیچ هەوڵێکیش نەدراوە بۆ دانانی یاسای تایبەت

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

بەغدا- سەرەڕای بوونی ژمارەیەک لە نوێنەری ژن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە خستنەڕووی هیچ دەستکەوتێک، یان باشتر بڵێین ڕێگایان پێنەدرا و سەرۆک و لایەنە سیاسییەکان زاڵبوون بەسەر بڕیار و بزووتنەوەکانی ژناندا، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم لایەنانە بە مەبەست پێکهێنانی بلۆکی کاریگەرانەی ژنانیان لەناوبرد.

 

ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لە ئەزموونی خۆی وەک ئەندام پەرلەمان کرد و وتی: لە ماوەی کارکردنمدا وەک ئەندامی لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی دوو دانیشتندا، کە کارەکانی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای یاسادانان و هەموارکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە ژنانە، هەوڵماندا هەندێک پڕۆژە تەواو بکەین، لەوانەش ڕەشنووسی یاسای دژە توندوتیژی خێزانی، بەڵام نەمانتوانی بە یاسای بکەین، سەرەڕای ئەمەش توانیمان بە توندی ڕووبەڕووی هەموارکردنەوەی هەندێک یاسا ببینەوە کە نادادپەروەرن بەرامبەر بە ژنان، لەوانەش پێشنیاری هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی سەبارەت بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە، هەروەها ڕووبەڕووی پێشنیاری هەموارکردنەوەی مادەی ٥٧ی یاسای باری کەسی بووینەوە سەبارەت بە سەرپەرشتی و چاودێریکردنی منداڵ.

 

"کەمترین بەشداری بە ژنان دەکرێت"

ڕێزان شێخ دلێر وتیشی: بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی هیچ یاسایەکی گرنگ بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و ژنانی عێراقی دابنێین تەنها لە ساڵی ٢٠١٥دا توانیمان یاسای کار بەپێی مادەی (٤٠) کە پەیوەندی بە هەندێک بڕگەی پەیوەندیدار بە ژنانی کرێکارەوە هەیە و پێشتر لەناو بابەتدا نەبووە، ئامادە بکەین، پێویستە بڵێین، سەرەڕای زیادبوونی بەشداری ژنان لە دوایین خولی هەڵبژاردنەکاندا بە ٩٧ نوێنەری ژن، هێشتا ژنان بەدەست توندوتیژی و پەراوێزخستن و نادادپەروەری لە مافەکانیان و دەرفەتی نایەکسان و لاوازی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە حکومەت و خزمەتگوزارییەکاندا دەناڵێنن، باسی کەمیی ژنانیش ناکەم لە دەستڕاگەیشتن و نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە سێ سەرۆکایەتییەکەدا، وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان، پۆستی جێگری سەرۆکی کۆمار، یان جێگری سەرۆک وەزیران، یان نوێنەرایەتیکردنی عێراق لە دەرەوە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕێزان شێخ دلێر باسی لەوەکرد، ئەنجومەنی نوێنەران بە هەژموونی دەسەڵاتی پیاوانە دەناسرێتەوە، لە چوارچێوەی ئەنجوومەنیشدا ئاستەنگی زۆر هەیە، بە تایبەتی ئەگەر کار لەسەر پرسێکی پەیوەندیدار بە ژنانەوە بکات، سەرەڕای ئەمەش توانیمان ڕووبەڕووی ئەمە ببینەوە، زۆر پڕۆژە پەسەند کران، لەوانە بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ کە وەڵامدەرەوەی ڕەگەزیی بوو، بەڵام پێشکەشی بودجەی دواتر کرا.

 

پێویستە یاسای گرنگ بۆ ژنان دابڕێژرێت

ئەو پارێزەرە باسی لەوەکرد، کە پێویستە یاسای گرنگ بۆ ژنان دابڕێژرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو بوارەکاندا بەشداری بکەن، لەوانەش بەشداریکردن لە ناوەندە سیاسییەکان و پرۆسەی بڕیاردان، دەشڵێت: پێویستمان بە هەموارکردنەوە هەیە بۆ کۆمەڵێک بڕگە لە چوارچێوەی یاسای سزادان و یاساکانی دیکەش بە هەمان شێوە، حکومەت پلانێکی نیشتمانی هەبوو بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە بەشداریکردنی سیاسی لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٨، بەڵام ئێمە هیچ هەوڵێکی حکومەتی ئێستامان نەبینی بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە و کارکردنی جددی بۆ بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ یان وەزارەتێکی سەربەخۆ بۆ ژنان هەبێت، چونکە لە ئێستادا ڕۆڵ و کاری ژنان تەنها ڕەمزییە و بە شێوەیەکی جددی بەرجەستە نەکراوە.

 

هەراسانکردن دیاردەیەکی بەربڵاوە لە عێراقدا و پەرلەمانیش چەند حاڵەتێکی تۆمار کردووە

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەکرد، بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ١٩٠، کە تیایدا نەهێشتنی توندوتیژی و هەراسانکردن لە بواری کاردا دیاری کراوە، هەروەها ڕێککەوتننامەیەکی زۆر گرنگە و زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیوەندییان پێوە کردووە، دەبێت ژنان بپارێزرێن لە هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی و تەنانەت توندوتیژی جەستەیی، واتە توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە لە شوێنی کاردا ئەم ڕێککەوتنە گەیشتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و بۆ دەنگدان لە ئەنجومەنی نوێنەران نێردرا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بە فەرمی باسی لێوە نەکراوە.

 

هەروەها وتیشی: من زۆر قسەم لەسەر هەراسانکردن کردوە، ئاماژەم بەوە کرد کە هەراسانکردن لە جیهاندا هەیە، هەروەها ئەنجومەنی نوێنەران دوور نییە لەو ڕەفتارانە، بۆیە دەبێت کاربکەین بۆ یاسادانان بۆ ڕێگریکردن لە هەراسانکردن، گرنگی بەم بابەتە بدەین و سکاڵا لەسەر ئەو کەسانەی ناو ئەنجومەن تۆمار بکرێت کە هەراسانکردن ئەنجام دەدەن.

 

لە کۆتاییدا ڕێزان شێخ دلێر وتی: پێویستە لایەن و قەوارە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگەی ئێمە باوەڕییان بە پرسی ژنان و بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسیدا هەبێت، لەناو حزبی سیاسیدا جێگەیان پێبدەن و پشتیوانیان بکەن، هەروەها هەڵبژاردنی ژنانی شیاو و شایستە بۆ کارکردن لە ئەنجومەن لە نوێنەران و ئاسانکارییەکانی حکومەت بوونی هەبێت، ئەگەر لایەنە دەسەڵاتدارەکان باوەڕیان بە پرسی ژنان نەبێت، ئەوا هەر بە لاوازی و پەراوێزخراو دەمێننەوە.