لە سیستمی هاوسەرۆکایەتیدا هێزی ژنان کۆمەڵگە بە ڕێکخستن دەکات

سیستمی هاوسەرۆکایەتی ئامانج لێی چەسپاندنی بنەمای یەکسانی و هاوسەنگی ڕەگەزی و دیموکراتییە، تیایدا ژنان درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان دەدەن و کاروبارەکانی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن، توێژە جیاوازەکان بە ڕێکخستن و پەروەردە دەکەن، ڕۆڵ و پێگەی ژنان بەهێز دەکات.

سلێمانی

 

سیستمی هاوسەرۆکایەتی، لەپێناو بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی و هاوسەنگی و دیموکراتیە بۆ ژن لە پۆستەکانی بەڕێوەبردندا، لە ئێستادا ئەو سیستمە لە کوردستاندا لەناو پارتە سیاسییەکانی هەڵگری بیرۆکەی ئازادی و پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکن پەیڕەو دەکرێت.

 

وشەی "هاو-سەرۆکی"  گوزارشتە لە بەڕێوەبردنی دەزگایەک، دامەزراوەیەک، پارتێک و تا دەگاتە وڵاتێک، لەلایەن ژنێک و پیاوێکەوە، کە ئامانج لێی چەسپاندنی بنەمای یەکسانی و هاوسەنگی ڕەگەزی و دیموکراتییە، لە ئێستادا سیستمی هاوسەرۆکایەتی بووەتە مۆدێلێک و لە ئەوروپادا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جگە لە خۆبەڕێوەبەری شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، هەندێک پارتی سیاسی هەڵگری فەلسەفەی ئازادی پەیڕەوی دەکەن، ئەمەش بە پێشەنگایەتی و تێکۆشانی ژنان بەدەستهاتووە.

 

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە باشووری کوردستان ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و لەسەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی کارەکانی بەڕێوەدەبات، یەکێک لە بنەماکانی خەباتی ئەو تەڤگەرە تێکۆشانە لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی ڕەگەزی، لەم سیستمەشدا ژنان زیاتر بەرپرسیارێتیان هەیە، چونکە بە گشتی هاوسەرۆکایەتی بەرپرسیارێتی گشتی ڕێکخستن دەگرێتە ئەستۆ.

 

بە درێژایی مێژوو بونیاتی کۆمەڵگە و شارستانییەت بەدەستی ژنان بەدیهێنراوە

لەیلا مەجید، ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە هەرێمی کەرکوک، باسی لە گرنگی سیستمی هاوسەرۆکایەتی بەدەستهێنانی یەکسانییە بۆ ژنان کرد و وتی: سیستمی هاوسەرۆکایەتی سیستمێکی سەرکەوتووە ئەگەر پەیڕەو بکرێت، چونکە تیایدا ژنان یەکسانن و درێژە بەکار و خەباتی خۆیان دەدەن و زیاتر بە ڕێکخستن دەکرێن تیایدا و ئەوەتا لە ئێستادا ژنان لە ڕیزی پێشەوەدا بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن."

 

هەروەها لەیلا مەجید ئاماژەی بەوەشکرد کە لە تەڤگەری ئازادی کوردستان سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو دەکات و ژنان ڕۆڵیان تێیدا هەیە، "ژنان لە ناو ڕێکخستندا ڕۆڵێکی کاریگەرییان هەیە و دەتوانن پەروەردەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکەن، چونکە لەسەرەتاشەوە بونیادی کۆمەڵگە و شارستانییەت لەسەر دەستی ژنان بەدەستهێنراوە."

 

هێز و توانای ژنان کۆمەڵگە بە ڕێکخستن دەکات

سێوە خدر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی لە هەرێمی ڕاپەڕین، باسی لەوەکرد کە لە باشوری کوردستاندا لەناو ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکاندا سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو ناکرێت، بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی کۆنەپارێزی و دەسەڵاتی پیاوسالاری، هەر بۆیە دەبێت ژنان هەست بە گرنگی هێز و توانای خۆیان بکەن.

 

سێوە لە قسەکانیدا وتی: "زۆر بە پێویستی دەزانم کە ژنان بجەنگن بۆ ئەوەی بەشدار بن لە کاروبارەکانی ڕێکخستندا، هەرچەندە لە عێراقدا سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو ناکرێت، بەڵام لە تەڤگەری ئازادی کوردستاندا سیستمی هاوسەرۆکایەتی لەپێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی و  یەکسانی ژن و پیاودا پەیڕەودەکرێت، چونکە پێویستە پێگەی ژنان بەهێز بکرێت تا چیتر ژنان نەترسن و بتوانن ڕۆڵێکی بەهێز و کاریگەرییان لە بە ڕێکخستنی کۆمەڵگەدا هەبێت".

 

ڕۆژی هەینی، ١٥ تەمموز، سێیەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بە بەشداری ڕێژەیەکی زۆری ژنان و بە دروشمی "بە پەروەردە و ڕێکخستنی کۆمەڵگە کوردستانێکی ئازاد و عێراقێکی دیموکرات بونیاد دەنێین" لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، هەریەک لە تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا وەک هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران.