"دەیانویست خەڵکی گوندی ئوم ئەلکێف بە مووشەکی ئاسمانی ئاوارە بکەن"
سەمەر خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تل تەمر باس لە دوایین هێرشەکانی سەر تل تەمر و گوندەکانی کرد کە کڵێسا و مزگەوتەکانیان کردە ئامانج و بۆردومانەکان دەکات.
سۆرگول شێخۆ
حەسەکە- دەوڵەتی تورکیا بەردەوام لە هێرشەکانیدا ماف و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت چەکی قەدەغەکراو بەکاربهێنێت، ڕۆژی ٤ی حوزەیران لە کاتژمێر ٤:٠٠ بۆ ٩:٠٠ی بەیانی بە زیاتر لە ١٠٠ موشەک بۆردومانی گوندی ئوم ئەلکێفی کرد و یەکەمجارە ئەو جۆرە موشەکە لە تل تەمر و گوندەکانی بەکاربهێنرێت.
سەمەر خەلیل، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تل تەمر، ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە ئێستادا لەسەر تل تەمر بەڕێوەدەچێت بەردەوامی هێرشەکانی داعش و سوپای ڕزگاریخوازی شامە کە بە سوپای ئەلنوسرە ناسراوە، وتی: لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە جەبهەت ئەلنوسرە و چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر هەرێمەکەمان، سەرەڕای هێرشەکانیان بۆ سەر گەلی تل تەمر، بەڵام بە بەرخۆدانی شەو و ڕۆژی گەل، هێرشەکان تێکشکان، ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بەردەوامی بە هێرشەکان دەدەن و هەوڵدەدەن ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام پیلانەکەیان سەرکەوتوو نەبوو، چونکە تل تەمر هەرێمێکە هەموو نەتەوەکان بەبێ جیاوازی و ناکۆکی پێکەوە دەژین و پاراستنی خاکەکەی دەکەن.
"بە بۆردومانکردنی کڵێسا و مزگەوتەکان کۆمەڵکوژی کلتوری و باوەڕی دەکەن"
سەمەر خەلیل وتیشی کە هێرشەکان بۆ سەر کورد، عەرەب و ئاشور و نەتەوەکانی دیکەیە، "دەوڵەتی تورک دەڵێت من هێرش دەکەمە سەر گەلی کورد، بەڵام لە ڕاستیدا هەزاران ساڵە لەگەڵ کورددا، عەرەب و ئاشوری و سریانی و ئێزدی و چەندین نەتەوەیی دیکە لەسەر ئەم خاکە ژیاون، بۆیە هێرشەکان هەموو نەتەوەکان دەگرێتەوە، ئەمڕۆ مزگەوت و کڵێساکانمان بۆردومان دەکرێن و لەناودەبرێن، واتای ئەوەیە کە هەموو گەلان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە، کاتێک دەوڵەتی تورک دەبینێت کە خەڵکەکە ڕێز لە ناوچە ئاینییەکانی خۆیان دەگرن و بەپێی پیرۆزییەکەی هەڵسوکەوت دەکەن، بۆیە مزگەوتی گوندی دردەرە و کەنیسەی مار ساوا لە تیل تەویل دەکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژییەکی کلتوری و ئایینی ئەنجام دەدات".
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ئەندامی ئەنجومەنی تل تەمر ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا نەیتوانی بە ڕێگەی زەوی هیچ یەکێک لە ئامانجەکانی پێکبهێنێت، بۆیە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەستیکرد بە بۆردومان، دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنیت و دەیەوێت خەڵک بترسێنێت و لەسەر خاکەکەیان ئاوارەیان بکات، ئەمجارە لە گوندی ئوم ئەلکێف بۆمبی موشەکی بەکارهێنا، چونکە هەموو کەس دەزانێت کە منداڵ، ژن و پیر دەستبەرداری گوندەکەیان نەبوون و لە خاکەکەیان دەرنەچوون، بۆیە دەوڵەتی تورکیا ئەو هێرشانەی ئەنجامدا تا ئەوان ئاوارە بکات و گوندەکە چۆڵ بکەن.