”بەهێزکردنی ژنان پێویستی بە تێپەڕین لە کۆتا و دڵنیابوونە لە بەشداریکردنیان لە پۆستەکانی بڕیاردان”

چالاکوان و توێژەرانی عێراق داوای فراوانکردنی بەشداریی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردانی جێبەجێکردن دەکەن، بۆ ئەوەی یەکسانی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا ببێتە پراکتیکی ڕاستەقینە.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

بەغدا- دانانی شەش جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پۆرتفۆلیۆی وەزاری دیکە لە عێراق کە هەموویان پیاون، گفتوگۆی لێکەوتەوە سەبارەت بە نەبوونی ژنان لە پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتی و تا چەند هێزە سیاسییەکان پابەندن بە بنەماکانی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان و بەرەوپێشبردنی بەشداری سیاسی ژنان.

 

ئەم دامەزراندنە سەرنجێکی نوێ دەهێنێتە سەر ڕاستی نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستە بڕیاردەرەکان و ڕۆڵی پارت و بلۆکە سیاسییەکان لە پشتیوانیکردن لە ئامادەبوونیان، بەتایبەتی لە پۆستە جێبەجێکارەکاندا کە نوێنەرایەتی ژنان بە سنووردار دەمێنێتەوە.

 

زاڵبوونی پشکی حیزب و پیاوسالاری

 

دکتۆر نەدا جەبوری، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و ڕاوێژکاری سیاسی و سەرۆکی ڕێکخراوی ژنان و ئایندەی عێراق باسی لە دانانی چوار جێگری سەرۆک وەزیران و دوو جێگری سەرۆک کۆماری کرد، بەمەش کۆی گشتی ئەو پۆستانە گەیشتە شەش پۆست، بەبێ ئەوەی یەک ژن بۆ هیچ کام لەو پۆستانە کاندید بکرێت.

 

ڕوونیکردەوە، بلۆکە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دەیانتوانی لانی کەم ژنێک بۆ یەکێک لەو پۆستانە کاندید بکەن، وتی: داواکارییەکەی ئەوە نییە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەو پۆستە بە ژنان بدرێت، بەڵکو دەرفەتی کاندیدکردنیان پێبدرێت، لەگەڵ ئەوەی دواتر لە ڕێگەی دەنگدانەوە، قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوە، ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە.

 

هۆکاری ئەم نەبوونەشی بۆ ئایدۆلۆژیای سیاسی باو لەناو حزبەکاندا گەڕاندەوە کە لەسەر بنەمای پشکی حزبی دامەزراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم میکانیزمە لە هەندێک حاڵەتدا بووەتە هۆی ئەوەی پۆست و وەزارەتەکان بۆ ئەو کەسانە دیاری بکرێت کە بڕوانامەی پێویستیان نییە، هەروەها شێوازێکی تری سیستەمی پشک هەیە، ئەویش پشکی پیاوانە، کە دەرفەتەکانی ژنان بۆ گەیشتن بە پۆستی بڕیاردان سنووردار دەکات، سەرەڕای پەسەندکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن عێراقەوە، کە جەخت لەسەر گرنگی بەشداریکردنی ژنان دەکاتەوە لە بڕیاردانی سیاسی لە ئاستە جیاوازەکاندا.

 

ڕوونیکردەوە، نابێت بەشداریی ژنان تەنها لە بوارە پیشەییەکانی وەک پزیشکی و ئەندازیاریدا، یان بە ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا سنوردار نەبێت، بەڵکو پێویستە بگرێتەوە بۆ سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ماددەی ٣٩ی دەستوور بەپێی لێکدانەوەکان، نابێت تەنها لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەو پۆستانەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرچاوە دەگرن بگرێتەوە.

 

هەروەها ڕەخنەی لە ڕێژەی ٢٥٪ی نوێنەرایەتی گرت کە بە ڕێژەی ژنان ناسراوە، سەرەڕای ئەوەی لە دەقی دەستووردا هاتووە کە ئەم ڕێژەیە نابێت لە چارەکێک کەمتر بێت، وتی: مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕێژەیە وەک سەقفێکی کۆتایی، بنەمای زیادبوونی بەشداریکردن بێواتا دەکات.

 

نەدا جەبوری جەختی لەوە کردەوە، کە تەنها شەرمەزارکردنی ئەم ڕاستیە بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی، هیوای خۆی دەربڕی کە بلۆکێکی پەرلەمانی هەڵوێستێکی جددی بگرێتەبەر و بابەتەکە ئاراستەی دەزگایەکی دادوەری کارامە بکات، ڕەنگە هەندێک لە بلۆکەکان دوودڵ بن لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بەهۆی بەستنەوەی هەڵوێستەکانیان بە کارنامەی حزبەکانیانەوە، ئەمەش ئەگەری فشاری سیاسی کاریگەر بۆ گۆڕینی ئەم ڕاستیە لاواز دەکات.

 

نەدا جەبوری جەختی لە بەردەوامی پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ژنانی عێراق و بەرگریکردنیان لە مافە سیاسییەکان کردەوە، لەسەر بنەمای باوەڕ بە یەکسانی و دەرفەتی یەکسان، بانگەشە بۆ نوێنەرایەتی ٥٠٪ دەکات لەبری ئەوەی ئێستا کە لە ٢٥٪، وتی: ئەنجامی سەرژمێری عێراق پشتڕاستی دەکاتەوە کە ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، کە ئەمەش پێویستی بەوەیە ئەم ڕاستیە لە دەرفەتەکانی بەشداریکردن لە بوارە جیاوازەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەدیهێنانی ئەمە لە ڕێگەی داکۆکیکردن، هەڵمەتی هۆشیاری، پەروەردە و دەستپێشخەرییەکانی بەهێزکردنی ژنان.

 

باسی لەو ئاڵەنگاریانە کرد، کە هاوڕێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٥ بوون و ئاماژەی بە هەندێک نموونەی گەندەڵی کرد کە پەیوەندییان بە کڕینی دەنگەکانەوە هەیە، هەروەها ئەم کارانە تەنها لە دەنگدەرانی ژندا سنووردار نین بەڵکو دەنگدەرانی پیاویش دەگرێتەوە.

 

 

هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی ئەم دیاردانە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و ئۆرگانەکانی بڕیاردان، ئاماژەی بەوەشکرد، گرتنەبەری ڕێوشوێنی جددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی گەندەڵی، کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەنگدەرانی ژن و کاندیدی ژن و براوەی ژن دەبێت، هەروەها ئنەبوونی دەرفەتی یەکسان، بەتایبەتی لە وەرگرتنی پۆستی جێبەجێکردندا، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ژنان بە بەردەوامی بەشداریکردنیان لە کاری سیاسیدا بچنەوە.

 

گرنگی بەرزکردنەوەی بەشداریی کارگێڕی ژنان

 

دکتۆر فاتمە سەلومی باسی لە ڕاستی بەشداری ژنانی عێراق کرد لە ژیانی سیاسیدا، وتی: ئاوڕدانەوەیەک بۆ ساڵی ٢٠٠٥ بەتایبەتی دەستووری عێراق ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەشداریی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا لە ڕێگەی سیستمی پشکەوە ڕێکخراوە کە نوێنەرایەتیان لە ٢٥٪ دانابوو.

ڕوونیکردەوە، کە ئەم سیستەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێگەی بە ژنان داوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەن، بەشداریی لە قەتیسکردنی ئامادەبوونیان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا هەبووە و مەرج نییە بەشداری سیاسی فراوان و کاریگەری بەدەستبهێنێت، هەروەها ئامادەبوونی ژنان لە دامەزراوە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی کە لە ٢٧٥ ئەندام پێکهاتبوو، ژنانیش بەشێک بوون لە پێکهاتەکەی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداری ژنان لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن... نوێنەرایەتی ژنان لە خوار ئاستی پێویستەوە دەمێنێتەوە، بەهۆی تێڕوانینێکەوە کە ڕۆڵی سیاسییان کەمدەکاتەوە و هەندێکجار تەنها وەک دەنگدانەوەی دەنگی ئەوانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، نەک وەک بریکارە چالاکەکان کە توانای کاریگەرییان هەبێت و بڕیار بدەن.

 

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەستڕاگەیشتن بە پۆستە سیاسییەکانی ژنان بەستراوەتەوە بە سیستەمی پشکی حزبی، کە دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان هێزە سیاسییەکان دیاری دەکات و کاریگەری لەسەر دەرفەتی ژنان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی جێبەجێکردن هەیە.

 

وەک نموونە، هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتێکی تایبەت بە کاروباری ژنانی هێنایەوە، ئەم هەنگاوەی بە ڕەنگدانەوەی دابەزینی گرنگیدانی دامەزراوەیی بە پرسەکانی ژنان زانی، ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا ژنان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١دا هەندێک پۆستی کارگێڕییان وەرگرتووە، لەوانەش وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کۆچبەران، بەڵام ئامادەبوونیان لە بوارەکانی دیکەدا سنووردار ماوەتەوە، لەنێویاندا هەندێک پۆستی ڕاوێژکاری پەیوەست بە کاروباری ژنان، کە ڕەنگە تەنها یەک کەس بێت.

 

فاتمە سەلومی داوای گۆڕینی لە گفتوگۆی تیۆری سەبارەت بە بەهێزکردنی ژنانەوە کرد بۆ بەرەوپێشبردنی چالاکانە لە ئامادەبوونیان لە پۆستەکانی بڕیاردان، جەختی لە گرنگی دامەزراندنی بەشداری سیاسی وەک مافێکی بنەڕەتی بۆ ژنان کردەوە، نەک هەوڵێک بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ پیاوان یان زاڵبوون بەسەر پیاواندا، وەک ئەوەی هەندێک لێکبدەنەوە.

 

جەختی لە پێویستی یاسا و یاسای نوێ کردەوە بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکان بۆ ژنانی عێراقی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا، نەک بەشداریکردنیان لە کایەی یاسادانان سنووردار بکرێت یان قەتیسیان بکات لە پشکی دیاریکراو لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا.

 

پێویستی گواستنەوە لە نوێنەرایەتی ژمارەییەوە بۆ بەشداریکردنی ڕاستەقینە

 

شیرین جاف، توێژەری سیاسی لە دوو ڕوانگەی تەواوکەرەوە باسی لە پرسی نەبوونی ژنان لە پۆستە جێبەجێکارەکاندا کرد، یەکەمیان دەستووری و یاسایی بوو، ئەوی دیکەشیان سیاسییە، کە پەیوەندی بەو ڕادەیە هەیە کە بەشداری ڕاستەقینەی ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان.

سەبارەت بە سیستمی پشکەکان، شیرین جاف وتی:قۆناغی داهاتوو پێویستی بە پەرەپێدانی ئەم سیستەمە هەیە بۆ ئەوەی گرنگی بە تەنها ژمارە و ڕێژەی سەدی ناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان نەبێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەشداریکردنی ژنان لە پۆستە جێبەجێکارەکاندا کە ڕێگەیان پێدەدات ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی حکومەت هەبێت.

 

جەختی لە گرنگی دانانی دەقی یاسایی ڕون کردەوە، کە ڕێژەی ژنان لەم پۆستانەدا دیاری بکات، بەمەش دەرفەتەکانیان بۆ گەیشتن بە پۆستە بەرپرسیارییەکان بەرزتر دەبێتەوە، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی پشتگیریکردن لە ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە داکۆکیکردن و بەشداریکردن لە گەیشتن بەم ئامانجە کردەوە.

 

شیرین جاف زیاتر جیاوازی لە نێوان نوێنەرایەتی پێناسەکەر و ڕاستەقینەی ژناندا کرد و ڕوونیکردەوە، کە تەنها بوونی ژنان لەناو دامەزراوەکاندا جۆرێک لە نوێنەرایەتی پێناسەکەر پێکدەهێنێت، لەکاتێکدا نوێنەرایەتی ڕاستەقینە کاتێک بەدەست دێت کە ژنان پۆستێکیان هەبێت کە ڕێگەیان پێدەدات بەشداری بکەن لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان و دانانی یەکەمایەتیەکانی نیشتمانی و کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەت.

 

شیرین جاف لە کۆتایی قسەکانیدا، دووپاتی کردەوە، کە دیموکراتیکی ڕاستەقینە سنووردار نییە بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدان، بەڵکو نوێنەرایەتی ژنان لە حکومەتەکان و ئۆرگانە جێبەجێکارەکانیشیدا دەگرێتەوە، کە ئەمەش بەشداری چالاکانەیان لە بڕیاردانی سیاسیدا مسۆگەر دەکات و بنەماکانی یەکسانی و بەهێزکردنی ژنان لە دروشمی تەنهاوە بۆ پراکتیکی کۆنکرێتی لەناو دامەزراوەکانی حکومەتدا دەگۆڕێت.