ژینگە؛ نیشتمانی بێ بەرگری و بەرپرسیارێتی هەمووان
شنە بابەعەلی- ڕۆژنامەنووس
یادکردنەوەی ڕۆژی ژینگە بۆ ئێمە نابێت تەنها یادکردنەوەیەکی ڕواڵەتی بێت. لە کاتێکدا جیهان بەرەو کارەساتی کەشوهەوا هەنگاو دەنێت، ئێمە لە نێوان بێباکی تاك و کەمتەرخەمی دەسەڵات دا، سییەکانمان بە دووکەڵ و خاکمان بە پلاستیک دەخنکێنین .
پەیامێک بۆ ویژدانی هەر تاکێک:
ژینگەپارێزی (مۆدێل و پۆز ) نییە، بەڵکو ئەخلاق و شارستانییەتە.
• سروشت تەنها هی تۆ نییە: کاتێک پاشماوەکانت لە ناو سروشتدا جێ دەهێڵیت، تۆ تەنها خاکەکە پیس ناکەیت، بەڵکو خیانەت لە مافی ئەو نەوەیانە دەکەیت کە هێشتا لەدایک نەبوون.
• گۆڕینی ڕەفتار : پێویستە تێبگەین کە پاراستنی ژینگە لە شۆردنی حەوشە و ئۆتۆمبێل بە سۆندە، و بەکارهێنانی بێشوماری پلاستیکەوە دەست پێناکات. ماڵەکەت چەند خاوێن بێت، ئەگەر گەڕەک و شارەکەت پیس بێت، تۆ هێشتا لەناو مەترسیدایت.
داواکارییەکی ڕاستەوخۆ و شەفاف لە حکومەت:
چیتر بەڵێنی سەر کاغەز و دروشمی سەوز باوەڕپێکراو نین !!دەسەڵات دەبێت بە کردەیی بیسەلمێنێت کە ژینگە لە پێشینەی کارەکانیەتی:
١/ ڕاگرتنی تیرۆری ژینگەیی: ئەو کارگانەی بێ فلتەر کار دەکەن و ئەو پڕۆژانەی لەسەر حیسابی دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکرێن، دەبێت ڕانەگیرێن، بەڵکو سزا بدرێن. نابێت وەبەرهێنان ببێتە مۆڵەتنامە بۆ وێرانکردنی سروشت.
٢/شۆڕشی وزە و ئاو: حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی جێگرەوەی زانستی بۆ وزە و سیستەمی ئاودێری مۆدێرن. ناکرێت داوای دەستگرتن بە ئاوەوە لە هاووڵاتی بکرێت، لە کاتێکدا سیستەمی ئاوەڕۆ و بەفیڕۆچوونی ئاو لە ئاستی گشتیدا لە لێواری کارەساتدایە.
٣/ پەروەردەی ژینگەیی: پێویستە پاراستنی ژینگە ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆگرامی خوێندن ، نەوەیەک پێبگەیەنرێت کە دارچاندن بە ئەرک و پیسکردنی ژینگە بە شەرمەزاری بزانێت.
وتەی کۆتایی:
ئێمە خاکمان لە باو و باپیرمانەوە بۆ نەماوەتەوە، بەڵکو لە منداڵەکانمانەوە بە قەرز وەرگرتووە. با ئەو قەرزە بە وێرانکراوی نەگەڕێنینەوە.
ژینگەیەک کە نەتپارێزێت، ناتوانێت بتژێنێت.