ڕۆژی جیھانی ژنان و مافە‌كانی ژن

ڕۆزا حەمە ساڵح - نووسەر

 ڕۆزا حەمە ساڵح - نووسەر

 

 یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان لەم سەردەمەدا و لە‌ زۆر لە‌ وڵاتان، گرنگی و پیرۆزی خۆی هەیە، لەو ڕۆژەدا ژنان دەتوانن ئازایانە‌ بێنە‌ مە‌یدان و بەربەستەکان تيكبشكێنن و ئاهەنگی سە‌ركە‌وتن بگێڕن و زە‌مینە‌ بۆ ھۆشیاربونە‌وە‌یان بە‌رجە‌ستە‌ بكە‌ن لە‌مە‌ڕ داواکردن و بە‌دە‌ستھێنانی مافەکانیان، گرنگی ئە‌م بۆنەیە لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ پیرۆزکردنی تێكۆشانە‌كانی ژنان و تواناسازی و چنینە‌وە‌ی دەستکەوتە‌كانیان و مسۆگەرکردنی مافی یەکسانی جێندە‌رییە، هەر بۆیە ڕێکخراوەکانی جیهانی وەک یونسکۆ لەو وڵاتانەی کە یەکسانی جیندەری تێیدا بە دەستدێت، لە هەموو بوارەکاندا گرنگییەکی زۆر بە دەستکەوتەکانی ژنان دەدەن. 

 

ئە‌م ڕۆژە‌ چۆن ھاتە‌ كایە‌وە‌: 

له‌ ٨ مارسی ساڵی ١٨٥٧ دا كۆمە‌ڵێك لە‌ ژنانی كرێكار و چالاكی کارگه‌ی ڕستن وچنین لە شاری نیوێورک به‌ دروشمی یه‌کسانی له‌ ماف و ئه‌رکدا و که‌م کردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار هاتنە‌ مه‌یدان و خۆپێشاندانیان ئەنجامدا، به‌ڵام لە سایەی سیسته‌می بۆرژوازیەوە ئاگریان تێبه‌ردان وسوتێنران، ئه‌و چالاکیه‌ی ئه‌وان هه‌ست و سۆزی هه‌موو ژنانی جیهانی هه‌ژاند و ژنانی بە ئاگا هێنایەوە و دوابە دوای ئەوە ژنان هۆشیاربوونەوە و چیتر بێدەنگ نەبوون لە‌ ئاست ئە‌و چە‌وساندنە‌وە‌و بە‌ كە‌م زانینی تواناكانیان و بایە‌خ نە‌دان بە‌ مافە‌كانیان، ئیدی لەو كاتە‌وە‌ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌رز ڕاگیرا.

 

 دواتر لە ١٩ ی مارسی ساڵی ١٩١١ دا، ژنان لە‌ چەند وڵاتێکی وە‌ك ئە‌ڵمانیا، نە‌مسا، دانیمارك، كە‌ بە‌ ھە‌زارە‌ھا ژن دە‌بوون، ڕژانە سەر شه‌قامه‌كان و دە‌ستیان كرد بە‌ خۆپێشاندان، لەئەنجامدا هێزه‌كانی پۆلیس هێرش دەکە‌نە‌ سه‌ریان به‌ لێدان و دەستگیرکردن و توندوتیژی سە‌ركوتیان دە‌كە‌ن بۆ کۆتاییهێنان و بڵاوە‌پيكردنیان، پاش هەموو ئەو هەوڵ و کۆششکردنە‌ی ژنان، لە ساڵی ١٩١٣دا لە لایەن چەند دەزگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕۆشنبیری ژن، ٨ی مارس دەکرێتە‌ ڕۆژی جیهانی تایبەت بە ژنان.

 

 هەروەها لە ساڵی ١٩٤٥نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی واژۆ دە‌كە‌ن، کە تێیدا جەختیان لە سەر بنەمای یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان کردە‌وە‌، لەو کاتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدارە لە پەرەپێدانە ستراتیژی و ستانداردەکان و ئەو ئامانجانەی کە لە سەری ڕێککەوتوون لە پێناو هەڵسانەوەی دۆخی ژنان لە تەواوی جیهاندا. 

 

ژنانی جیهان به‌رده‌وام له‌ تێکۆشاندا بوون بۆ وەگەڕخستنی هێز و توانای خۆیان و پاراستنی بەها مرۆییەکانی ناو کۆمەڵگا و خستنەڕوی ناسنامه‌ی ڕه‌گه‌زی خۆیان، له‌و پێناوه‌شدا قوربانی زۆریان داوه‌. 

 

ئەو مافانە‌ی کە ژنان و کچانی جیهان بۆی تێدە‌كۆشان و خە‌باتیان بۆ دە‌كرد، بریتی بوون لە‌: یاسای پاراستنی کار بۆ ژنان، مافی دەنگدان و بە‌شداری كردن لە‌ ھە‌ڵبژاردنە‌كاندا، مافی یە‌كسانی لە‌ كاردا بە‌ وە‌ی ھە‌شت كاژمێر كاركردن لە‌ ڕۆژێكدا بێت، مافی تەواو لە پاراستنی جەستەیی، سەربەخۆیی، نە‌ھێشتنی توندوتیژی لە‌ بە‌رامبەریان، بەڕێوەبردنی کاروبار لە‌ پلەو پایە گشتییەکاندا، بەستنی گرێبەستە یاساییەکان، مافی یەکسانی و خاوە‌نداريتی لە ھە‌موو بوارە‌كاندا. 

 

ئێستا لە‌ زۆر لە‌ وڵاتانی جیھاندا و بە‌ تایبە‌تی وڵاتە‌ پێشكە‌وتوە‌كان زۆری ئە‌و مافانە‌ بۆ ژن بە‌ دە‌ستھاتووە‌ و بە‌ یاسا كراون، بە‌ڵام ئە‌مە‌ ئە‌وە‌ ناگە‌یە‌نێت کە ھێشتا توندوتیژی بە‌رامبە‌ر ژنان بنبڕكرابێت، ساڵانە‌ ئامارە‌كان ئە‌وە‌ دە‌سە‌لمێنێت كە‌ تاڕادە‌یە‌كی زۆر مافە‌كانیان پێشێل دە‌كرێت. 

 

لە‌ گە‌ڵ ھە‌موو ئاستە‌نگە‌كانیشدا ژنانی جیھان ھێشتا ھە‌ر لە‌ ھە‌وڵ و كۆششدان و جە‌خت لە‌ سە‌ر ماف و ئە‌ركە‌كانیان دە‌كە‌نە‌وە‌ و گۆڕە‌پانی تێكۆشانیان فە‌رامۆش نە‌كردوە‌، بە پێچەوانەوە لە ناو کۆمەڵگا دواكە‌وتوە‌كاندا بە‌ گشتی و كۆمە‌ڵگای خۆشمان بە‌ تایبە‌تی زۆر بە‌ ھە‌ڵە‌ لە‌م ڕۆژە‌ تێگە‌یشتون، بە‌ جۆرێك لە‌م بۆنە‌یە‌ دە‌ڕوانرێت و تە‌نانە‌ت دە‌توانم بڵێم كە‌ بۆتە‌ باوو ساڵانە‌ ھە‌مان شت دە‌بیندرێت، وا دەزانن ئەو ڕۆژە بۆ ئەوە دیاریکراوە کە بەباڵای جەستەی ژنان و لێهاتووییان لە کاری چێشتلینان یان تواناکانیان لە بەخێوکردنی منداڵ و بەڕێوبردنی کاروباری ناوماڵدا بێت، هەتا وەکو بە ژنێکی باش و دایک و خۆشکێكی نموونەیی و دڵسۆز وە‌سف بکرێن، دیارە ڕێزگرتن لەو ژنانە و شانازی كردن پێیانە‌وە‌ لە‌ چوارچێوە‌ی خێزاندا، ئە‌مە‌ جێگای خۆشحاڵییە‌، بەڵام نەک لەبەر ژن بوونیان و نەک لە ژێر ئەو ڕوانینە پیاوسالارانە بێت بۆ ژنێتیان وەک ڕەگەزی مێینە و لە‌ ڕوانگە‌ی بە‌كە‌م تە‌ماشاكردنیانە‌وە‌ بێت.

 

 ژنانی ناو كۆمە‌ڵگای ئێمە‌ لە‌ زۆر لە‌ مافە‌كانیان بێبە‌شكراون و ھە‌میشە‌ وە‌ك پلە‌ دوو ھە‌ژمار دە‌كرێن، بە‌ گشتی ژنی كورد لە‌ ناو خێزانی خۆیدا و لە‌ كاروباری دە‌رە‌وە‌شدا وە‌ك ژنێكی سە‌ربە‌خۆو ئازاد دە‌رناكە‌ون، ھە‌میشە‌ پیاو لە‌و ڕوانە‌وە‌ باڵادە‌ستتر دە‌بینرێت، ڕۆژانە‌ توندوتیژی بە‌رامبە‌ر ژن دە‌بینین، ژن دە‌كوژرێن، ژن خۆی دە‌سوتێنێت و ئە‌وە‌تا لە‌ ئێستادا حاڵە‌تی سوتاندنی ژن دە‌بینین، ژنان لە‌ كاتی كاركردن لە‌ فرۆشگاكاندا مافیان پێشێل دە‌كرێت و پارە‌یە‌كی كە‌میان لە‌ بری كارێكی زۆر پێدە‌درێت و گێجە‌ڵی سێكسییان پێدەكرێت و ناو ناتۆرە‌ی خراپیان بە‌دوا دە‌خرێت، هەروەها زۆر جار ژنان ئە‌گە‌ر جوان و لە‌ش و لارێكی سە‌رنج ڕاكێشیان نە‌بێت ئە‌وا ھە‌ر كاریشیان پێنادرێت، دە‌توانم بڵێم ئە‌مە‌ بۆتە‌ دیاردە‌یە‌كی زۆر مە‌ترسیدار و ڕاستە‌وخۆ ھە‌موو مافێكیان پێشێل دە‌كرێت و داھاتویە‌كی زۆر ترسناك و تاریكتر چاوە‌ڕوانیان دە‌كات. 

 

جا ئە‌گە‌ر بێتو دۆخی ژنان بە‌م شێوە‌یە بمێنێتە‌وە‌ و ژنانیش ئاوا پە‌رش و بڵاوبن و ھە‌ریە‌كە‌و زمانحاڵی حزب و ڕیكخراوێك بێت و لە‌ پێناو بە‌رژە‌وە‌ندیە‌ تایبە‌تیە‌كانیاندا كارەکانیان بکەن، ئە‌وا مە‌ترسی گە‌ورە‌تر ڕوبە‌ڕویان دە‌بێتە‌وە‌ و قە‌بارە‌ی توندوتیژیە‌كانیش چە‌ندین قات بە‌رزتر دە‌بێتە‌وە.‌

 

لە کۆتاییدا داوا لە ژنان دەکەم کە لە ناو ڕێکخراوێكی سە‌رتاسە‌ری بێلایە‌ندا خۆیان ڕێك بخە‌ن و بێنە‌ مە‌یدان و فشاری جدی بخە‌نە‌ سە‌ر دە‌سە‌ڵات و ڕوبە‌ڕوی ئاستە‌نگە‌كان ببنە‌وە‌ و کار بۆ لابردنی ھە‌موو ئەو یاساو ڕێسایانە‌ بکەن کە لە بەرژەوەندی ژناندا نیین، ژنان لە‌ ھە‌ر شوێنێكدا ھە‌بن، ئە‌گە‌ر بێتو هاودەنگبن و بە‌یە‌كگرتویی ھاتنە‌ گۆڕە‌پانە‌وە‌ و پاڵپشتی یە‌كتر بن، ئە‌و كات خۆی لە‌ خۆیدا زە‌مینە‌ی وە‌رچە‌رخان دێتە‌ ئاراوە‌، دۆخێكی وە‌ھاش دە‌خوڵقينێ کە چی دی دە‌سە‌ڵاتداران و ھیچ خاوە‌ن کارو سە‌رمایە‌دارێكیش ناتوانێ بۆ مە‌رامە‌ پیسە‌كانیان ئاڕاستە‌یان بكە‌ن و بە‌كاریان بھێنن و لە‌ دۆخيكی چە‌ق بە‌ستویدا بە پە‌راویز خراوی بیانھێڵنە‌وە‌.