ژنانی کوردو داستانی نەتەوەیی

ئاوات عومەر- ڕۆژنامەنووس

زۆرجار رۆژهەڵاتناسان و توێژەران جەختان لەسەر ئەوە کردۆتەوە ژنانی کورد لە ناوچەکەدا نموونەیەکی جیاواز و دەگمەنن  خاوەن کەسایەتی بەهێز و سەربەخۆن کە دەرئەنجامی دەیان ساڵی رووبەڕووبوونەوە و ئاڵنگاری سیاسییە، ئەو بارودۆخە سەختانەی گەلی کورد پێیدا تێپەڕیوە نەک هەر ژنی کوردی بەهێز کردووە، بەڵکو هۆشیاریی و توانای بەرپرسیارێتی لەلا گەورەتر کردووە، تا ژنانی کورد ببنە هاوبەشێکی راستەقینە لە بنیاتنانی ژیاندا، نەک تەنیا پاشکۆیەکی سڕ و بێدەنگ بن.


 ژنی کورد هەمیشە لە ژینگەیەکی نا سەقامگیردا ژیاوە، بۆیە لە تەمەنێکی زووەوە درکی بەوە کردووە مافەکان بە ئاسانی نابەخشرێن و پاراستنی ناسنامە و کولتوور پێویستی بە هۆشیاری و ئارامی و خەباتێکی رۆژانە هەیە، هەر بۆیە بوونی ئەو تەنیا لە چوارچێوەی خێزاندا بەرجەستە ناکرێت هەرچەندە لە پەروەردە و پاراستنی بەهاکاندا رۆڵی جەوهەری هەبووە، هاوکات سنوورەکانی تێپەڕاندووە و چۆتە نێو کایەکانی خوێندن و کار و سیاسەت و راگەیاندن و کایە مەدەنییەکانەوە، ئەو مامۆستا، پزیشک، ئەندازیار، نووسەر و چالاکوان بووە، بەو شێوەیەش بەشدارییەکی کاریگەری لە بونیادنانی کۆمەڵگەی مۆدێرنی کوردیدا کردووە.


لەو ساتە مێژووییە مەترسیدارانەی تیرۆریستانی داعش هەڕەشەیان لە کوردستان و ناوچە کوردییەکانی سووریا دەکرد، ژنی کورد بە وێنەیەکی پۆڵا ئاسا دەرکەوت وەک شەڕڤان و پێشمەرگەیەکی ئازا لە ریزەکانی پێشەوەی جەنگدا بۆ بەرگریکردن لە خاک و کەرامەت.  وێنەکان کە میدیا جیهانییەکان سەبارەت بە ژنی کورد دەیانگواستەوە، دیمەنێکی لەپڕ، یان تەنیا بۆ نمایش نەبوو، بەڵکو درێژە پێدەری سروشتیی کەسایەتییەک بوو کە لەسەر رووبەڕووبوونەوە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی راهاتووە، ئەو سەلماندی بەرگریکردن لە ئازادی تەنیا ئەرکی  پیاوان نییە.


رۆڵی ژنی کورد تەنیا لە مەیدانی سەربازیدا قەتیس نەبووە، بەڵکو لە رووی مرۆیی و کۆمەڵایەتیشەوە پێشەنگ بووە، لە کاتەکانی ئاوارەیی و گەمارۆدا، لە پاڵ خێزانەکەیدا بووە، برینەکانی ساڕێژ دەکردن، کاروباری ژیانی رێکدەخستەوە و هیوای لە دڵی منداڵان و ژناندا دەچاندەوە، ئەو کۆکەرەوەی هێز و میهرەبانی، توندی و دیدگای داهاتوو بوو، بۆ جیهانی سەلماند ئەو دەستەی چەک بۆ پاراستنی گەلەکەی هەڵدەگرێت، دەشتوانێت پەیامی ئاوەدانی و ئاشتی بەرزبکاتەوە.