ژنان دەتوانن لە وێنە چەقبەستووەکان دەربچن؟
ڕۆزا دڵشاز مەریوانی - نووسەر

«هەرکاتێک کەپڵەکەم داوام لێبکات، دەبێت واز لە کارەکەم بێنم» ئەمە وتەی کچێکە کە خاوەن کار و داهاتی سەربەخۆی خۆیەتی و بێ منەت دەتوانێت بەو کارەی بژی، نەک چاوەڕێی دەستی پیاوێک ناکات، بەڵکو دەتوانێت لە بژێوی خێزانەکەیدا بەشدار بێت، بەڵام ئەوەی بەداخەوە تا ئێستا لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی لە دنیادا روویداوە و روودەدەن، تەنانەت لەم وڵاتەشدا دەبینین رۆژانە ژنان دەگەنە ئاست و پلەی باڵای وەزیفی و ئەکادیمی، بەڵام هێشتا ئەقڵییەتی کۆمەڵگەکەمان و بەداخەوە بەشێکی زۆری ژنان و کچان دواکەوتووە و خۆیان لە قاڵب و وێنە چەقبەستووەکاندا قەتیس کردووە و ناتوانن لێی دەربچن.
ژیانی بە کەسێکەوە دەبەستێتەوە
کاتێک خوێندکاری ئامادەیی و زانکۆ بووم ئەو وتەیەم لە کچان دەبیست «کەپڵەکەم رێگەم پێنادات بچم بۆ فڵانە بۆنە یان سەیران یاخود دەبێت پرسی پێبکەم» ئەو کاتەش ئەو بیرکردنەوانەم بەلاوە سەیر بوو کە کچێک بەو جۆرە خۆی لە قاڵب بدات و ژیان و ئازادی خۆی بە کوڕێکەوە ببەستێتەوە، لەکاتێکدا تۆ خێزانێکت هەیە و پێویستە تەنیا قسە و راوبۆچوونی ئەوان وەربگریت، تەنانەت ئەگەر کوڕیش بیت دەبێت بە هەمانشێوە بێت، بێگومان ئەمە دوور لەوەی بە رای من زۆربەی زۆری پەیوەندییەکانی زانکۆ پرۆسەیەکی شکستخواردوون، بەتایبەتی کاتێک هێشتا زۆر منداڵیت و سەرەتای زانکۆتە و یەکەم بەرکەوتنت بە دنیای گەورەکان و دەرەوە ژینگەی زانکۆیە و هیچی وا دەربارەی ژیان نازانیت، بۆیە بیستنی ئەو رستەیە لە دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەکدا بەلامەوە کارەساتە ئەم نەوەیە بەو شێوەیە بیربکەنەوە، کاتێک کچێکی گەنجیت و بێ منەتی لەوەی پیاوێک بەخێوت بکات، بەڵام ئامادە بیت تەنیا بە ئاماژەیەکی ئەو واز لە هەموو ئەوەی بنیادت ناوە بهێنیت، بۆ چ شتێک ئەویش شووکردن یان وەرگرتنی رەزامەندیی پیاوێک بێت، تەنانەت ئەگەر مێردەکەت لە رووی ماددییەوە توانای ئەوەی هەبێت بە باشترین شێوە بەخێوت بکات، بەڵام تۆ کار و پیشەکەت خۆشدەوێت و زۆر ماندوو بویت بەوەی پێی گەیشتوویت، لەو کاتەدا تاوانە وازیلێبهێنیت و لەماڵەوە بێ کار دابنیشیت.
ناتوانن لەو قاڵبە دەربچن
زۆرجار کێشەی ژنی ئەم وڵاتە و زۆربەی وڵاتە دواکەوتووەکان ئەوەیە ژنان و کچان خۆیان ناتوانن لەو قاڵب و وێنە چەقبەستووەی سەدان ساڵە لەلایەن کۆمەڵگەی پیاوسالارییەوە بۆیان دانراوە دەربچن، تەنانەت لەگەڵ پێشکەوتنی دنیادا و رەخساندنی هەلی باش بۆ ژنان، هێشتا ناتوانن وێنەی ژنێک کە تەنیا دایک و هاوسەر بێت و لە ماڵەوە خزمەتی منداڵ و مێرد و بگرە ماڵە خەزورانی بکات رەتبکەنەوە و کارەکەیان دەکەنە قوربانیی، لەکاتێکدا دەکرێت خودی خۆیان بسەلمێنن و لە بەڕێوەبردنی خەرجی ماڵیشدا هاوکار و پاڵپشتی هاوسەرەکانیان بن، لە هەمان کاتدا لە رێگەی کار و داهێنانەکانیانەوە وەک مرۆڤێک هەست بە بەهای خۆیان بکەن، بزانن بەسوودن تەنانەت ئەگەر دایک یان هاوسەریش نەبن، بەڵام دواجار هێشتا پەروەردە و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە و تەنانەت وتاری هەندێک لە پسپۆران کە بە دەمڕاستی کۆمەڵگە و خێزان لەم سەردەمەدا هەژمار دەکرێن، بە جۆرێکن وا دەکەن بیرکردنەوەی کچان و ژنان و پاشان کۆی کۆمەڵگە بە رێیەکدا بچێت، نەتوانن لە وێنە چەقبەستوو و دواکەوتووەکان دەربچن و ژنان وەک هاوبەشێکی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بڕیاردەری ژیان و کاری خۆیان بن.