ژن دەبێت ژیان بێت

ڕەنگین مەلا سەمەد- ڕۆژنامەنووس و نووسەر

ژن دەبێت شۆڕش بکات لەپێناو مافەکانی، ژنبوونی خۆی بێنێتە مەیدان و ڕووبەڕووی هەموو نالەباریی و ناهەموارییەکان و ئەو بەربەستانەش ببێتەوە کە ڕێگای دەرکەوتن و سەرکەوتنی لێدەگرن.

 

ژنبوون واتە ژیان، ئەم پێناسەیە پڕە لە بەرپرسیارییەتی و قووڵبوونەوە لەنێو هەموو چەمکەکانی پەیوەست بە ڕەوشت،  ئارامیی، بەرخۆدان. 

 

مایەی نیگەرانییە ژنێک ئازادبێ لە کار، بەڵام کاردانەوەی خراپی هەبێ، خاوەن باکگراوندی زانیاری بێت بەڵام لە چۆنییەتی بەکارهێنان و کارپێکردنی نەزانبێت.


پلەو پۆستی باڵای پێدرابێت بەڵام لێپرسراوییەتیەکەی پێشێل بکات و ڕۆحییەتی سەرکردەبوونی نەبێت، سەرباری توانایەکی لە ڕادەبەدەر، کەچی هەستی خۆبەکەمزانینی لە ناخدا هەبێت، ئەمانە ئەو چەمکانەن کە دەبێت لەبەرچاوبگیرێن لە مامەڵەکردندا، کاریان لەسەر بکرێت و بە کردار بەکاربهێندرێن.

 

ژیان بە بوونی ژن دونیایەک مانای هەیەو "پەروەردە، متمانە، ڕاستگۆیی، پێکەوەیی، هاوسەنگیی، هێز" ئەبەخشێتەوە، جوانترین ڕۆڵی پێشکەش بە ژنان کردووە لەو ئەرکە پیرۆزو مەزنەی، کە هیچ نێرێک ناتوانێت بەرجەستەی بکات ئەویش بوونی کارەکتەری (دایکایەتی)یە.

 

کەواتە ژیان بۆ ژنبوونمان دونیایەک دەرفەتی لەبەردەم ڕاخستووین تا تواناکانمانی لەسەر ڕاکشێنین و ئەزموونی لێ بێنینە بوون، ئەم ئەزموونەش بە بێزارنەبوون و خۆبەدەستەوەنەدان و ڕووبەڕووبوونەوە بونیاد دەنرێت.

 

کاروانی ژنان دەبێت پڕو پتەوبێ و هیچ بۆشاییەکی تیانەـێ بۆ داکەوتن و دواکەوتن، چونکە ئەم کاروانە تا پێکانی تەواوی ئامانجەکانی ژنان بەردەوام دەبێت و ناوەستێت، ئەم کاروانەی بە جوانییەکانی ژن بەدەستهاتووە پێویستە بە شکۆوە ژن بیپارێزێت.

 

ژنان دەتوانن کاروانی خەباتیان بەرەو سەرکەوتن لەم ڕێیەوە بەردەوامیی پێبدەن و نەهێڵن هیچ کام لەو بەربەستانەی دەبنە هۆی خراپبوون و تێکشکاندن و ڕووشاندن، بێتە ڕێیان، هێزی بەردەوامیی سەرکەوتنی ژنان لە کەسایەتیی و ئەخلاقییەتیانە، دەستپێوەگرتنیان بەم بەهایە، باڵایان بە باڵاییەکان دەگەیەنێت، ژین بە ژیان دەبەخشن، با ژنان ببنە هۆی ژیان نەک ئازارو ژان.