ئەو خوێنەی سنوورە دەستکردەکان کاڵ دەکاتەوە

سوعاد مەلا سەعید- سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

شەهیدبوون تەنها کۆتاییهاتنی ژیانی بایۆلۆژیی مرۆڤێک نییە، بەڵکو لەدایکبوونەوەی فەلسەفەیەکی زیندووە کە لە دەمارەکانی نەتەوەیەکدا دەگەڕێت. کاتێک گەنجێکی وەک شەهید ئەحمەد، لە دڵی کەرکوکەوە، ئەو شارەی کە ناسنامەی خۆڕاگرییە، جانتای سەفەر بەرەو «رۆژئاوا» دەپێچێتەوە و دەڕوات، ئەمە تەنها گەشتێکی جوگرافی ناکات، بەڵکو پەیامێکی مێژوویی دەنووسێتەوە: «کوردستان یەک جەستەیە و هەر جێگەیەکی بژاکێت، دڵەکەی تری لە شوێنێکی ترەوە بۆی لێ دەدات.»
 
نیشتمان، کەرامەتە نەک تەنها جوگرافیا
بۆ شەهید ئەحمەد و هاوڕێکانی، نیشتمان تەنها ئەو پارچە زەوییە نەبوو کە لێی لەدایک ببوون، بەڵکو چەمکێکی پیرۆزتر بوو کە لە «کەرامەت» و «ئازادی» پێکهاتبوو. شەهید فێری کردین کە سنوورەکان تەنها هێڵگەلێکی سەر کاغەزن و ناتوانن رێگری لە هاوسۆزیی نەتەوەیی بکەن. کاتێک ئەو لە کەرکوکەوە دەچێت بۆ پاراستنی خاک لە رۆژئاوا، پێمان دەڵێت کە پاراستنی قامیشلۆ و کۆبانی، پاراستنی قەڵای کەرکوک و شەقامەکانی هەولێر و سلێمانییە. نیشتمان لای شەهید شوناسە، و مرۆڤی بێ نیشتمانیش، نامۆیە لەسەر خاکی خۆی، ئەگەر ئازاد نەبێت.


 لە جیهانێکی پڕ لە بەرژەوەندیی تایبەت و ماتریالیزمدا، قوربانیدانی گەنجێکی وەک ئەحمەد مۆدێلێکی جیاواز لە «سەرمایە» پێشکەش دەکات. ئەو "ژیان"ی بەخشی کە گەورەترین دارایی مرۆڤە، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پاداشت و ستایشێکی ماددی بێت. 


سەربەخۆیی راستەقینەی گەلێک بەوە ناپێورێت کە چەندمان لە نیشتمان وەرگرتووە، بەڵکو بەوەیە کە چی پێ دەبەخشین؟ شەهید ئەو باجە قورسەیە کە ئازاکان دەیدەن تا ترسنۆکەکان و بێدەنگەکان بتوانن لە ئارامیدا بژین.


بەرگریکردن لە خاک، پێویستی بە بوێرییەک هەیە کە لە سنووری مرۆڤی ئاسایی تێدەپەڕێت، شەهید ئەحمەد بەربەستی ترسی شکاند، ئەو ترسەی کە کۆت و بەند دەخاتە دەست و پێی گەنجان بۆ داواکردنی مافەکانیان. 


ئازایەتی ئەوە نییە کە نەترسیت، بەڵکو ئەوەیە کە سەرەڕای بوونی مەترسی، لەپێناوی دادپەروەرییدا هەنگاو بنێیت. ئەو بە خوێنی خۆی پردێکی دروست کرد تا نەوەکانی داهاتوو پێیدا تێپەڕ بن بەرەو کەناری ئازادی.


یەکێک لە گرنگترین وانەکانی شەهیدبوونی ئەحمەد، رەهەندی «یەکپارچەیی»یە. خوێنی شەهید وەک ئەو «پێو» و چەسپە وایە کە پارچە جیاوازەکانی نەتەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک ئەحمەد لە رۆژئاوا شەهید دەبێت، سنوورە سیاسییەکان دەڕوخێن و رۆحی یەکێتیی نەتەوەیی زیندوو دەبێتەوە. ئەو بۆ حزبێک، مەزهەبێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو نەجەنگا، بەڵکو بۆ «شکۆی مرۆڤی کورد» بوو. کەواتە هێزی ئێمە، تەنها لە یەکڕیزیماندایە و دوژمنمان یەکێکە، هەرچەندە رەنگی بگۆڕێت.


شەهیدبوونی ئەحمەد، پێمان دەڵێت کە ئازادی دیارییەک نییە پێمان ببەخشرێت، بەڵکو مافێکە دەبێت بە قوربانیدان بەدەستبهێنرێت. ئەو نیشتمانانەی بە خوێنی گەنجە ئازاکانیان ئاو دەدرێن، هەرگیز وشک نابن. 


شکۆی نەتەوەیەک لەوێوە دەستپێدەکات کە گەنجەکانی ئامادەبن لەپێناوی ئامانجە باڵاکانیاندا، خۆیان فیدا بکەن.


ئەمڕۆ، ناوی ئەحمەد مەشخەڵێکە لە تاریکیی مێژووی ئەم ناوچەیەدا، ئەو فێری کردین کە کەرکوک دڵی کوردستانە و رۆژئاواش سییەکانیەتی، مرۆڤیش بێ دڵ و بێ سییەکان، ناتوانێت هەناسەی ئازادی هەڵمژێت.