ئێمەی ژنان و کچان ناترسین

کەوسەر حەسەن - چالاکوانی ژنان

 
گەر بمانەوێت خوێندنەوە بۆ واقعی ئێستەی ژن بکەین لەبەردەم پیشکەوتن و دنیای دیجیتاڵ و ژمارە و کۆددا،  ئەوا دەبینین ژن جارێکی تر دەبێتەوە بە کاڵا و دەکەوێتەوە بەر مەترسی بە تایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەتی تر لە هەرێمی کوردستاندا،  لەبەرئەوەی ژن پێش ئەم کورتبوونەوەی پەیوەندییە نەگەشتوتە ئەوەی بتوانێت بەقەد تێکەڵبونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دنیای دیجیتاڵ و گلوبالدا ئازا بێت ..
بە مانایەکی تر ئەو ئامادەگیە نەبووە ژن بتوانێت هێندە ئازاد بێت کاتێک لێشاوی خێرای تێکەڵ بوون لە تۆڕە کۆمەڵایتەیەکان و سۆشیال میدیادا ڕوودەدات حاڵەتێکی نۆرماڵ بێت،  بە پێچەوانەوە ژن جارێکی تر ئەم هۆکارانە دەبنە هەڕەشە لەسەری  ..
 
من بۆ خۆم بە حوکمی کارەکەم دەیان دۆسیەم لایە بەس لە ترسی بڵاوبوونەوەی وێنەیان،  توشی دەیان نەخۆشی نەفسی بونەتەوە، ئەم کەمپینە هەڵگری دیوێکی شاراوەی ئەکتیڤە بۆ سەرەتای تەحەداکردنی ژنی کورد لەبەردەم تێکەڵبوونی خێرای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، هەڵگری هێزێکی شاراوەی ئازایەتییە کە دەتوانم بڵێم وەک سەرەتای شۆڕشێکی ژنانە دژ بە عەقڵی باو، بە مانایەکی تر جۆرێکە لە دژە باوی سەردەمیانە، کە ژن دەتوانێت بڵێ دەتانەوێت لە ڕێی وێنەکانمەوە ئینسانی بوونم لێسێننەوە، فەرموو ئەو وێنەی من چی دەکەن بیکەن، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ژن سەرەتای تێکشکاندنی ئەو دیوارە لە ترسی دەست پێکردوە، دەبێتە سەرەتایەکیش بۆ ژینگە خۆش کردن بۆ کۆی ئەو ژنانەی تا ئێستاش دەترسن لە بەشدارییان لە تۆڕە کۆمەڵایتەیەکاندا ..
 
ئەم کەمپینە پێویستە بەردەوامی هەبێت، تا دەگاتە ئەو ئاستەی ژنی کورد بڵێت ئەوە منم ئینسانی بونی خۆم دەسەلمێنم، ئەوە منم وەک ژنە گەریلا تەواوی دنیا سەرسام دەکەم، ئەوە ژنی کوردە لە ناو یەپەژەدا شەقامی دنیای ی مۆدێرن سەرسام کردوە، دەبێت بڵێت ئەوە منم  دێمە ناو هەمو کایەکانی ژیانەوە و دەبمە بەشێکی زیندوی سۆشیال میدیا و ناترسم و خۆم خاوەنی خۆمم ئازادم.