ڕۆڵی ڕاگەیاندن له‌ کۆنترۆڵکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی

بەناز حەمە ڕەشید – مامۆستای زانکۆ بەشی ڕاگەیاندن

هه‌رچه‌نده‌ کاریگه‌رییه‌کانی ڕاگەیاندن زۆرن، به‌ڵام یه‌کێک له‌و کاریگه‌ریانه‌ی ‌ڕاگەیاندن له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر دروستی ده‌کات کۆنترۆڵکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه،‌ که‌ ره‌گه‌زێکی گرنگه‌ بۆ پاراستنی سیستم و سه‌قامگیری هه‌رکۆمه‌ڵگا‌یه‌ک، مه‌به‌ست لێی ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ نه‌بینراوه‌یه‌ که ‌تاک حسابی بۆ ده‌کات، واتا له‌به‌رچاوی ده‌گرێت و به‌پێی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وت‌ ده‌کات له‌ناو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی تیایدا ده‌ژی، رایسمان سێ جۆر کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی جیاکردووەته‌وه‌: یه‌که‌میان: لەڕێی ره‌چاوکردنی ئه‌و به‌هاو عورفانه‌و‌‌ه‌ یه‌ته‌دی که‌ کۆمه‌ڵ به‌پێی مێژوو قبوڵیکردووه‌ و په‌یوه‌ندی به‌و‌ عورف و دابونه‌ریته‌وه‌ هه‌یه‌ که‌‌ له‌ کۆمه‌ڵدا پیاده‌ ده‌کرێت، دووه‌میان: ناوخۆییه ‌و په‌یوه‌ندی به‌ قه‌ناعه‌ت و به‌های که‌سه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و پێوه‌ر و به‌هایانه ‌دایه‌ که‌ له‌ خودی تاک خۆیدایه‌ وه‌کو: خۆبه‌زلزانی و خاکیبون و رێزگرتن و هتد، سێیه‌میان: ده‌ره‌کییه ‌و په‌یوه‌ندی به‌ قبوڵکردن و رازیبوونی که‌سانی دیکه‌وه‌‌ هه‌یه له‌ رێی پابه‌ندبوونی تاک به‌ هه‌مان هه‌ڵسوکه‌وتی خه‌ڵکانی تره‌وه واتا ده‌بێت وه‌ک خه‌ڵکی هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌یت.

 

ڕاگەیاندنیش گرنگترین ئامرازی کۆنترۆڵکردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه، بۆچی؟ ‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامرازێکی جه‌ماوه‌رییه، په‌یامه‌کانی ده‌گاته‌ زۆرترین که‌س که ‌ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له ‌خاسیه‌ته‌ گرنگه‌کانی،‌ هه‌روه‌ها خه‌ڵک بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری وه‌ک سه‌رچاوه‌ پشتی پێده‌به‌ستێت و تاراده‌یه‌کیش بیروباوه‌ر و جۆری ژیانیان دیاریده‌کات، هه‌روه‌ها ڕاگەیاندن له‌ رێی ریکلامکردن بیرورا و بیری دیاریکراو ده‌کاته‌ عورف و دواتر جه‌ماوه‌ر قبوڵی ده‌کات، رۆڵی ڕاگەیاندن له‌ پرۆسه‌ی کۆنترۆڵکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کخستنی خه‌ڵکه‌ له‌سه‌ر (ڕۆشنبیر)یه‌ک که ‌ده‌رچوون لێی قورسه‌، جۆری ڕه‌فتاره‌کانیش که‌ خه‌ڵک له‌ ڕاگەیاندنه‌وه‌ فێری ده‌بێت به‌پێی تێپەڕبوونی کات لای زۆرینه‌ی خه‌ڵک ده‌بێته‌ عورف و لاساییکردنه‌وه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵ، بێگومان ڕاگەیاندن ده‌توانێت به‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنی کار له‌سه‌ر دروستکردنی ئه‌م کاریگه‌رییه‌ بکات، واتا ئه‌گه‌ر ڕاگەیاندنێک بییه‌وێت کار له‌سه‌ر بابه‌تێکی ناباو به‌ کۆمه‌ڵگه‌ بکات و مه‌به‌ستی بێت بیکاته‌ باو جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر ڕابهێنێت ئه‌وا لەڕێی کارکردن له‌سه‌ری ده‌توانێت بیکات وه‌ک ئه‌وه‌ی‌ له هه‌ندێک ‌ڕاگەیاندنی کوردیدا ده‌یبینین..

 

پێشتر زۆر نامۆ بوو ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌ت بکرایه، به‌ڵام ئێستا کار له‌سه‌ر به ‌باوکردنی هه‌ندێک بابه‌ت و ره‌فتار ده‌کات، چونکه‌ بیرمان نه‌چێت فێربوون و لاسایکر‌دنه‌وه‌ هه‌یه و دواتریش ئاسایی ده‌بێته‌وه‌ لای وه‌رگر و ئه‌گه‌ری دووباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌یه،‌ چونکه‌ بینه‌ره‌کان جیاوازن له‌ ئاستی ڕۆشنبیری ئاست نزم تا ئاست به‌رز، ئه‌گه‌ر ڕاگەیاندنێکیش بیه‌وێت کار له‌سه‌ر ڕاهاتنی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تێکی ئه‌رێنی وه‌ک به‌ها جوانه‌کان بکات، ئه‌وا ده‌توانێت کاری له‌سه‌ر بکات و له‌ مێشکی جه‌ماوه‌ردا بیچه‌سپینێت و بیکاته‌ عورف و به‌شێک له‌ ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵ، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕاگەیاندن زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامدا بکات.