ڤیتۆ!

دکتۆر نازەنین عوسمان – نوسەر

 

ڤیتۆ!

هەرچەند جارێ گوێمان لە وشەی ڤیتۆ دەبێت یەکسەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانمان دێتە بەر چاو.

ڤیتۆ وشەیەکی لاتینیە بەمانای (من رێگەنادەم) دێت. ڤیتۆ بۆ هەموو دەسەڵاتێک بەکاردێت کە یەکێک یان لایەنێک بەتەنیا رێگر بێت لە هەر بڕیارەک کە لایەنێکیتر یان کەسانێکیتر وەریگرن بە ڕێگەیەکی یاسایی. هەندێ نمونەمان هەیە بۆ بەکار هێنانی ڤیتۆ جگە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک:

ڤیتۆ لای رۆمانی کۆن هەبووە و بەکاریان هێناوە لەلایەن دادوەر و قونسڵ. هەندێ کۆمپانیا هەیە سەرۆکێکی یاخود هەندێ لە خاوەن پشکەکان مافی ڤیتۆیان هەیە بەپێی جۆری دامەزراندنی کۆمپانیاکە لە سەر هەندێ بڕیار کە ئەندامانی بەڕێوەبردن دەری دەکەن.

 

سەرۆکی هیند دەتوانێ ڤیتۆ بەکار بهێنێت دژ بە یاسایەک پەرلەمان دەنگی بۆ دابێ و واژوی نەکا. پەرلەمانی ناوەندی هیند دەتوانێت مافی ڤیتۆ بەکار بینێت لەسەر یاسایەک کە پەرلەمانی یەکێک لەهەرێمەکان دابیتی. لە ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت دەنگ لەسەر یاسایەک نەدا و ڤیتۆ بەکاربێنێت کە کۆنگرێس دەری کردووە و بیگەڕێنێتەوە، بەڵام، کۆنگرێسیش بە دەنگی 2 لەسەر 3ی دەتوانێ ڤیتۆ لەسەر بڕیاری سەرۆک بدا و تێیپەڕێنێت. هەمان سیستەمی ئەمریکا لە فلیپین بەڕێوە دەچێت. لە ئایسلاندا سەرۆک دەتوانێت ڤیتۆ بەکاربینێت بۆ یاسایەک کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە. مەلیکی ئینگلتەرا ئەو مافەی هەیە. زۆربەی وڵات دەسەڵاتی ڤیتۆی نەداوە بە سەرۆکەکانیان بەڵام مافی ئەوەیان پێداون کە داوای هەموارکردنی یاساکان بکەنەوە.

دوای شەڕی جەنگی جیهانی دووەم لە 1945 جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن 51 وڵات واژوو کرا و ساڵ بە ساڵ وڵاتەکان چونە ناو ئەو ڕێکخراوە و ئێستا 193 وڵات بەشدارن و کۆمەڵەی گشتی پێکدێنن، هەمو وڵاتێکی سەربەخۆ دەتونێت بەشدار بێ و خاوەن دەنگ بێ، تەنیا 5 وڵات هەن لە دەرەوەی کۆمەڵی گشتی: ڤاتیکان و فەلەستین ئەندامی چاودێرین بەڵام مافی دەنگدانیان نییە هەرچی تایوان، کۆسۆڤۆ، سەحرای غەربی ئەندام نین و دانیان پێ دانەنراوە.

لەو 193 وڵاتەی ئەندامی کۆمەڵەی گشتی 15 وڵات ئەنجومەنی ئاسایش پێک دێنن لەو 15 وڵاتە 5 وڵات ئەندامی هەمیشەیین و هەر ئەوانەشن کە مافی ڤیتۆیان هەیە ئەوانەش بریتین لە روسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا. 10 وڵاتەکەی تر بۆ 2 سال دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بە هەڵبژاردن لە نێو کۆمەڵەی گشتی هەڵدەبژێردرێن و هەر ساڵەی 5 وڵات دەگۆڕدرێن. بۆ بڕیاردان لەسەر هەر بڕیارێک پێویستیان بە 9 دەنگ هەیە. گەریەکێک لەو 5 وڵاتە دەنگی ڤیتۆی بدا گەر 14 وڵاتەکەی تر دەنگیان بە ئەرێ بۆ دابێت ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە و دەنگی ڤیتۆ بە بێ ئەوەی هیچ هۆیەک و پاساوێك بهێنتەوە، دەیباتەوە.

لە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئەوڕۆ 258 جار ڤیتۆ دراوە و پشکی شێر بەر روسیا کەوتووە و 123 جار بەکاریهێناوە، ئەمریکا 77 جار بەکاریهێناوە و زۆرترینیانی بۆ پارێزگاری ئیسرائیل بووە دواجار لە 2017 بۆ رێگری لەوەی نەیەڵن قودس ببێت بە پایتەختی ئیسرائیل بوو، بەریتانیا 32 جار، فەرەنسا 17 جار و چین 8 جار.

لە 2011 وە روسیا 14 جار ڤیتۆی بەکارهێناوە تەنیا بۆ کاروباری سوریا، دواجار لە 2019 لەسەر ناردنی یارمەتی مرۆڤایەتی بۆ ساڵێک و لە 3 دەرگاوە 2 تورکیا و 1 عیراق، بەڵام، لەبەر ڤیتۆی روسیا یارمەتیەکە بوو بە 6 مانگ و گەیاندنی تەنیا لەڕێی تورکیاوە بوو.

زۆر کات ڤیتۆ بوە بە رێگر لە هەندێ بڕیار کە لەبەرژەوەندی مرۆڤایەتی دابووە، وەکۆ 2017 روسیا ڤیتۆی بەکارهێنا لە بەرژەوەندی سوریا کە چەکی کیمیاوی بەکارنەهێنێت.

فەرەنسا پرۆژەیەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی کرد کە ڤیتۆ قەدەغە بکرێت لە کاتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیدا، بەڵام داواکەی سەری نەگرت. زۆر لە وڵاتانی کۆمەڵەی گشتی داوای لابردنی مافی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن و داوا دەکەن بڕیارەکان بە شێوەی دیموکراتی بدرێت، تاکوو ئێستا سەرینەگرتووە.

وڵاتی میسر داوای کردووە کە ئەفریقیا بە دایمی خاوەنی 2 کورسی بێت لە ئەنجومەنی ئاسایش و مافی ڤیتۆیان هەبێت. بەڵام ئەمەش هەر سەرینەگرتووە.

پێنج هێزی سەرکەوتووی شەری جیهانی دووەم مافی ڤیتۆیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووە گوایە بۆ ئەوەیە رێگا بگرن لە شەری جیهانی سێیەم رووبدا، بەڵام، لە ڕاستیدا وە تاکوو ئێستا زۆربەی کات بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان و دۆستەکانیان بەکاریان هێناوە.

 

ت.پ