تووشبوون بە بەکتریای گەدە لە جیهاندا باوە
پزیشک نهرمین ساڵح ئهحمهد -مامۆستا و توێژەر لە دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی
هەموو کەسێک لە قۆناغێکی ژیانیدا تووشی ئازاری گەدە دەبێت. زۆرجار هۆکارە سەرەکییەکە دەگەڕێنینەوە بۆ خواردنی ناتەندروست، یاخود ناڕێکی لە ژەمەکاندا، بەڵام زۆر کەس درک بەوەناکات کە بەکتریایەکی بچووک و نەبینراو لە گەدەدا دەژی، رەنگە هۆکاری راستەقینەی ئازارەکە بێت. ئەم زیندەوەرە بێدەنگە پێیدەوترێت هێلیکۆبەکتەر پایلۆری (Helicobacter pylori)، و نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان هەڵگری ئەم بەکتریایەن و زۆربەی کات هیچ نیشانەیەکی نییە.
بەکتریای گەدە، جۆرێکە لە میکرۆب کە لە گەدەدا دەژی. ساڵی ١٩٨٢ دۆزرایەوە، ئێستا بە یەکێک لە هۆکارە باوەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی گەدە لە جیهاندا ناسراوە. ئەم بەکتریایە هۆکاری سەرەکییە بۆ هەوکردنی درێژخایەنی گەدە و برینی گەدە، هەروەها پەیوەندیی بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجەی گەدە و شێرپەنجەیەکی دەگمەنی خانەکانی بەرگری گەدەوە هەیە کە پێیدەوترێت لیمفۆما. هەرلەبەر ئەم هۆکارەیە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەم بەکتریایەی وەک هۆکاری سەرەکیی بۆ شێرپەنجەی گەدە پۆلێن کردووە.
بەکتریای گەدە، بەشێوەیەکی سەرەکی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە. باوترین رێگەی گواستنەوە لەڕێگەی لیکەوە دەبێت بە هاوبەشکردنی کەلوپەلی نانخواردن، یان لەڕێگەی بەرکەوتنی نزیک لەناو خێزانەکاندا و لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە لەڕێگەی بەرکەوتن لەگەڵ رشانەوەی کەسی تووشبوو بەم بەکتریایەوە بێت. رەنگە لەڕێگەی خۆراک و ئاوی پیسەوە بگوێزرێتەوە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە رەچاوی پاکوخاوێنی ناکرێت. هەروەها ژیان لە ماڵە قەرەباڵغەکان و هەبوونی خێزانێکی گەورە و کەم داهات و رەچاونەکردنی پاکوخاوێنی، مەترسیی تووشبوون بە بەکتریای گەدە زۆر زیاد دەکات بە تایبەتی لەنێو منداڵاندا.
تووشبوون بە بەکتریای گەدە لە سەرتاسەری جیهاندا زۆر باوە، بەڵام رێژەکەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازییەکی زۆری هەیە. بەرزترین رێژەی تووشبوون لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین دەبینرێت، کە زیاتر لە ٦٠-٧٠ %ی خەڵک لەوانەیە تووشی بەکتریای گەدە ببن. لەبەرامبەردا رێژەی زۆر کەمتر لە ئەوروپای رۆژئاوا و ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا دەبینرێت. ئەو وڵاتانەی کە سیستمی تەندروستی و ژینگەییان خراپە، رێژەی تووشبوونیان زیاترە. هەرچەندە لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو ژمارەی تووشبووان کەمیکردووە، بەڵام هێشتا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و ئەوانەش کە داهاتیان مامناوەندە ئەم بەکتریایە زۆر باوە.
لە عیراقدا، بەکتریای گەدە وەک کێشەیەکی تەندروستی بەربڵاو ماوەتەوە، توێژینەوەکان دەریدەخەن کە نزیکەی ٤٠ % بۆ زیاتر لە ٥٥ %ی خەڵک بەتایبەتی ئەوانەی نیشانەکانی ئازاری گەدەیان هەیە، هەڵگرن.
سەبارەت بە سوڕی ژیانی ئەم بەکتریایە، مرۆڤ خانەخوێی سەرەکی بەکتریای گەدەیە و بەشێوەیەکی سەرەکی لە گەدەدا دەژی. لەناوپۆشی گەدەدا جێگیر دەبێت، بەتایبەتی لە بەشی خوارەوە و ناوەڕاستی گەدەدا، لەوێدا لەژێر چینە لینجەکەی ناو رووپۆشی گەدەدا خۆی دەشارێتەوە. هەرچەندە هەندێکجار لە ناو دەم، یان پیساییدا هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکیی تەنها لە گەدەدا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەمێنێتەوە. گەدە شوێنێکی زۆر ترشە، بەڵام ئەم زیندەوەرە وردە رێگەی تایبەتی هەیە بۆ مانەوەی لەوێ. ئەنزیمێک بەرهەمدەهێنێت کە ماددەی (یوریا) لە گەدەدا دەگۆڕێت بۆ (ئامۆنیا)، ئەم ئامۆنیایە یارمەتی دوورخستنەوەی ترشە بەهێزەکەی گەدە دەدات لە دەوری بەکتریاکە و دەیپارێزێت لە کوشتن، هەروەها بەکتریاکە دەتوانێت بە بەکارهێنانی کلکی بچووک کە پێی دەوترێت (فلاجێلا)، بجووڵێت ئەمەش رێگەی پێدەدات لە ترشە بەهێزەکەی ناو گەدە دوور بکەوێتەوە بەرەو ناوپۆشی گەدە کە ترشەکە لاوازترە. جگە لەوەش دەتوانێت چینێکی پارێزەر دروستبکات کە پێی دەوترێت (بایۆفیلم)، ئەمەش یارمەتی دەدات بەرگری لە ترش و زەرداو و هەندێک دەرمان بکات. ئەم میکرۆبە بە توندی بە دیواری گەدەوە دەلکێت و دەتوانێت هەندێک ماددە دەربدات کە زیان بە خانەکانی گەدە دەگەیەنێت و گەشەی ئاساییان تێکبدات و بەرگریی لەش لاواز بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەوکردنی گەدە. ئەگەرچی زۆربەی ئەو کەسانەی کە تووشبوون بە بەکتریای گەدە هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام هەندێک کەس هەست بە سووتانەوە، ئازارێکی تیژ، سکچوون، رشانەوە، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، ئاوسانی گەدە، هەستکردن بە تێری، یان هەرسنەکردنی خواردن دەکەن، یان هەندێکجار هەست بە بوونی خوێن دەکەن لەگەڵ رشانەوە، یان پیسایدا.
بە تێپەڕبوونی کات ئەم هەوکردنە درێژخایەنە ئەگەر چارەسەرنەکرێت دەبێتە هۆی داخورانی بەردەوام و برینداربوونی ناوپۆشی گەدە، ئەمەش دەبێتە هۆی برینی گەدە و ریخۆڵە لای نزیکەی ١٠-٢٠ % کەسانی هەڵگری ئەم زیندەوەرە و لە ١-٢ % هەڵگران مەترسی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی گەدەیان هەیە.
ئەو زیانانەی بەهۆی ئەم میکرۆبەوە تووشیدەبن تەنها بەندنییە بە بەکتریاکەوە، بەڵکو خووی رۆژانە و شێوازی ژیان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. بۆ نموونە خۆراکی سوێر و گۆشتی برژاو، سروشتی گەدە لاواز دەکەن و یارمەتی بەکتریا دەدەن ببنەهۆی برینداربوونی قووڵتر، هەروەها کەمخواردنی سەوزە و میوەکان توانای لەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن کەمدەکەنەوە. جگە لەمانەش، جگەرەکێشان ترشەڵۆکی گەدە زیاد دەکات و چاکبوونەوە خاودەکاتەوە و ئەگەری تووشبوون بە برینی گەدە و شێرپەنجە لە کەسانی تووشبوودا زۆر بەرزدەکاتەوە. هۆکارێکی تر خواردنەوەی ماددە کحولییەکانە کە راستەوخۆ ناوپۆشی گەدە دادەخورێنێت و هەوکردنەکە خراپتر دەکات. جگە لەوەش ئەو کەسانەی بەرگریی لەشیان لاوازە، یان نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، تووشی زیانێکی توندتر و درێژخایەنی گەدە دەبن. ئەم هۆکارانە پێکەوە بڕیار دەدەن کە ئایا هەوکردنەکە بە سوکیی دەمێنێتەوە، یان دەگۆڕێت بۆ نەخۆشییەکی جددی و مەترسی دەبێت لەسەر ژیان.
بەکتریای گەدە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت لەڕێگەی پشکنینی هەناسە، پشکنینی پیسایی و پشکنینی خوێن.
پشکنینی هەناسە دەریدەخات کە ئایا بەکتریاکان لە گەدەدا چالاکن یان نا، لەکاتێکدا پشکنینی پیسایی راستەوخۆ بوونی میکرۆبەکە دەستنیشان دەکات. پشکنینی خوێن دەتوانێت دەریبخات کە ئایا کەسێک بەرکەوتەی بەکتریاکە بووە، بەڵام ئایا بەکتریاکە هێشتا چالاکە یان نا، رەنگە ئەوە بەپێی جۆری دژەلەشەکە دیاریبکرێت. لەو نەخۆشانەی کە نیشانەیان تێدا دەردەکەوێت، پشکنینی گەدەیان لەڕێگەی هەناوبینینەوە بۆ دەکرێت، کامێرایەکی بچووک دەگوازرێتەوە بۆ ناو گەدە بۆ بینینی هەر گۆڕانکارییەک کە هەبێت لە ناوپۆشی گەدە، لەهەمان کاتدا نموونەی شانەکان وەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی میکرۆبەکە بەڕێگەی شانەزانی، یان بەڕێگەی مایکرۆبایۆلۆجی.
پاش دەستنیشانکردنی بەکتریاکە، هەوکردنەکە چارەسەردەکرێت لەڕێگەی وەرگرتنی تێکەڵەیەک لە دژە زیندەییەکان (antibiotics) و دەرمانی کەمکردنەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٤ رۆژ. کاتێک چارەسەرەکە بە دروستی وەربگیرێت، ئەوا لە زۆربەی نەخۆشەکاندا هەوکردنەکە چارەسەردەبێت، بەڵام رەنگە هەندێک کەس پێویستیان بە خولی دووەمی چارەسەرکردن هەبێت ئەگەر بەکتریاکان بەرگرییان هەبێت بەرامبەر بە دەرمانی یەکەم. پاش ماوەیەک لە وەرگرتنی چارەسەرەکان، پێویستە پشکنین بکرێتەوە بۆ هەبوونی بەکتریاکە، بەمەش نەخۆشەکە دڵنیا دەکرێتەوە کە هەوکردنەکە بە تەواوی چارەسەرکراوە.
لەکۆتاییدا، دەبێت وەزارەتی تەندروستی رۆڵی سەرەکی هەبێت لە کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی بەکتریای گەدە و پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگە. ئەمەش دەتوانرێت لەڕێگەی بەهێزکردن و باشترکردنی سیستمی تەندروستی بەتایبەتی لە ماڵ و قوتابخانە و چێشتخانەکاندا، هەروەها پشتگیریکردن لە دەستنیشانکردنی پێشوەختە لەڕێگەی پشکنینی گونجاو و دڵنیابوون لە بەردەستبوونی چارەسەری کاریگەر لە نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییە سەرەتاییەکان زۆر گرنگە. جگە لەوەش، هەڵمەتەکانی رۆشنبیریی تەندروستی لەڕێگەی تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا و قوتابخانە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەتوانن خەڵک فێری ئەوە بکەن کە چۆن بەکتریای گەدە بڵاودەبێتەوە و چۆن رێگری لێبکەن. کەواتە بە خۆپاراستن و پشکنینی پێشوەختە و وەرگرتنی چارەسەری دروست و پەروەردەی گشتی، دەتوانرێت بڵاوبوونەوەی ئەم میکرۆبە زۆر کەمبکرێتەوە و دەتوانرێت رێگریی لە هەوکردنی گەدە بکرێت.