کاریگەریی جەنگ لەسەر پرۆسەی خوێندن

دێرین جەمال - نووسەر

 لە تێکچوونی ئێستاوە بۆ قەیرانی داهاتوو، جەنگ تەنیا تێکچوونی خاک و بیناکان نییە، جەنگ تێکچوونی مێشک و هیوای مرۆڤەکانیشە، لەناو ئەو ئاڵۆزییەدا، یەکێک لە یەکەم قوربانییەکان پرۆسەی خوێندنە، ئەو پرۆسەیەی کە بنەمای دروستبوونی داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەکە. کاتێک دەنگی فیشەک و فڕۆکە بەسەر دەنگی وانەدا زاڵ دەبێت، خوێندن دەبێتە هەڵبژاردەی دووەم و لەوانەیە بەتەواوی ون ببێت.

 

ئێستا کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر خوێندن تەنیا لە داخستنی قوتابخانەکاندا ناوەستێت، بەڵکو لە بنەڕەتدا شێوەی فێربوون دەگۆڕێت، قوتابخانە کە پێویستە شوێنی ئارامی و هیوابێت، دەگۆڕێت بۆ شوێنی ترس و هەڕەشە. منداڵێک کە دەبێت بیر لە وانە و خەونەکانی داهاتووی بکاتەوە بە ناچاری بیر لە پاراستنی ژیانی خۆی دەکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییە دەروونییە، زیاتر لە هەر وێرانکارییەکی ماددی، کاریگەری هەیە، لەبەرئەوەی مێشکی خەمبار و ترساو ناتوانێت زانیاری وەربگرێت.


جەنگ پەیوەندییە گرنگەکانی ناو پرۆسەی خوێندن دەشکێنێت وەک پەیوەندیی نێوان مامۆستا و خوێندکار، نێوان خوێندکار و هاوڕێکانی و نێوان خوێندن و ژیان. کاتێک جەنگ درێژە دەکێشێت، ئێمە تەنیا بینای قوتابخانەکان لە دەست نادەین، بەڵکو مێشکەکانیش لە دەست دەدەین. مامۆستا و پسپۆڕە لێهاتووەکان یان دەبنە قوربانی یان ناچار بە کۆچکردن دەبن. کۆچی ئەم مێشکانە وادەکات تەنانەت دوای کۆتایهاتنی جەنگیش، پرۆسەی فێربوون بەبێ رۆح بمێنێتەوە، چونکە ئاوەدانکردنەوەی بینایەک ئاسانە، بەڵام قەرەبووکردنەوەی مامۆستایەکی بە ئەزموون چەندین ساڵی دەوێت.


لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، جەنگ نایەکسانییەکان زیاددەکات، ئەو خێزانانەی توانایان هەیە، رێگەی جێگرەوەی خوێندن بۆ منداڵەکانیان دەدۆزنەوە وەک خوێندنی تایبەتی یان ئۆنلاین، بەڵام زۆربەی خێزانە هەژارەکان ئەم دەرفەتەیان نییە. بەمشێوەیە جەنگ نەک تەنیا خوێندن دەوەستێنێت، بەڵکو کۆمەڵگە بەسەر دوو چیندا دابەش دەکات: ئەوانەی بەردەوام دەبن و ئەوانەی لە دواوە دەکەون.


لە داهاتوودا، کاریگەرییەکانی جەنگ زۆرتر لەوە دەردەکەون کە ئێستا دەبینرێن، نەوەیەک کە لە کاتی گرنگی گەشەی مێشکی و کەسایەتیدا لە خوێندن دابڕاوە، لە داهاتوودا بە کەمبوونی لێهاتوویی، کەمبوونی بیرکردنەوەی رەخنەیی و کەمبوونی توانای چارەسەرکردنی کێشەکان دەردەکەوێت، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر گەشەی ئابووری و سیاسی و کەلتوری کۆمەڵگە هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارترە، بریتییە لە "نەوەی ون بوو" نەوەیەک کە نەک تەنیا لە خوێندن، بەڵکو لە باوەڕ بە داهاتووش دابڕاوە. کاتێک مرۆڤ باوەڕی بە داهاتوو لە دەست دەدات، هەوڵدان بۆ فێربوونیش بێمانا دەبێت. لەم دۆخەدا، جەنگ تەنیا ساڵەکان لە مرۆڤ ناگرێت، بەڵکو هیوای ساڵانی داهاتووش دەکوژێت، لەگەڵ ئەم تاریکییەدا، هیوایەکی بچووک هەمیشە هەیە. لە دنیای ئەمڕۆدا، تەکنۆلۆژیا دەتوانێت ببێتە ئەو "پردە لەرزیوە"ی کە نەوەیەک لە غەرقبوون دەپارێزێت. گۆڕینی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ئامرازی هەواڵی جەنگەوە بۆ ئامرازی فێربوونی دیجیتاڵی، دەبێتە جۆرێکی نوێ لە بەرگریی دژی وێرانکاری. مێژوو نیشانیداوە هەندێک کۆمەڵگە دەتوانن لە دوای جەنگ، بە پشتبەستن بە خوێندن، خۆیان نوێ بکەنەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە پلانی درێژخایەن، پشتگیریی دەروونی بۆ خوێندکاران و دابینکردنی دەرفەتی یەکسانە.


لە کۆتاییدا، جەنگ و خوێندن دوو رێگەی دژ بە یەکن: یەکێکیان ژیان تێکدەدات، ئەوی دیکە دروستی دەکات. کۆمەڵگەیەک کە لەناو جەنگیشدا خوێندن دەپارێزێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە داهاتووی خۆی دەپارێزێت. چونکە لە کۆتایی هەموو جەنگێکدا ئەوەی دەمێنێتەوە، ئەو مێشکانەن کە توانای دروستکردنی ژیانێکی نوێیان هەیە.