توندوتیژیی زارەکی و کاریگەریی لەسەر کەسێتی منداڵ

ئەڤین خالید- ماستەر لە کۆمەڵناسیی خێزان

توندوتیژیی زارەکی، یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی توندوتیژی کە لە هەمانکاتدا کەمتر تێبینی دەکرێت و زۆر بە ئاسایی دەبینرێت، سەرەڕای کاریگەریی قووڵ و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر گەشەکردنی کەسێتی  منداڵ. ئەم جۆرە توندوتیژییە چەندین شێوەی هەیە، وەک هاوارکردنی بەردەوام، سووکایەتیکردن، دەربڕینی ناشیاو، گاڵتەکردن، یان بەکارهێنانی نازناوی ئازاربەخش. زۆرجار بەکاربەر وەک (شێوازێکی دیسپلینی) رەوا دەیبینێت، لە کاتێکدا هۆکارێکە بۆ شێواندنی گەشەکردنێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی تەندروست. 

ئەگەر باس لەو کەناڵانە بکەین کە بەشدارن لە پەروەردەکردنی منداڵ، خێزان، باخچەی ساوایان، قوتابخانە، سوشیال میدیا و چەندین دامەزراوەیی تر دەگرێتەوە ئەمانە بەشدارن لە داڕشتنی کەسایەتی منداڵ و بنیاتنانی بەها و سیستمی دەروونی منداڵ، هەموو ئەمانە ئەگەر بە شێوازێکی نەرێنی مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکەن، منداڵ دەخەنە دۆخێکی دژبەیەکەوە لەنێوان ئەوەی لەسەریانە پەروەدەی دروست لە رووی سەلامەتی و رێزگرتنەوە فێری مندال بکەن لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ئەو فشارە دەروونی و زیانە سۆزدارییەی کە لە راستیدا تووشی منداڵی دەکەن، لەجیاتی ئەوەی ببێتە مایەی پشتیوانی و پاڵپشتی، دەبێتە مایەی ترس و هەڕەشە بۆ کەسایەتی منداڵەکە، ئەم دژایەتییە دۆخێکی گرژی و دڵەڕاوکێ دروست دەکات، کە لەوانەیە منداڵەکە کەسایەتییەکەی، لاواز بێت، یان شەرەنگێز دەربچێت،  واتا لە هەردوو کاتەکەدا ببێتە هۆی هەڵەکردن و بەتێپەڕبوونی کات وێنەیەکی نەرێنی بەرجەستە بێت. 

ئازاردانی زارەکی کاریگەریی لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی منداڵ هەیە. منداڵان لە رێگەی لاساییکردنەوە فێر دەبن و کاتێک بەر زمانێکی توند دەکەون، بەرجەستەی دەکەنەوە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانی دیکەدا و زیاتر شەڕەنگێز، یان گاڵتەجاڕ دەبن، یان بە پێچەوانەوە، رەنگە هەندێک لە منداڵان بکشێنەوە بۆ گۆشەگیری، پێیان باشە خۆیان لە کارلێکی کۆمەڵایەتی بەدوور بگرن لە ترسی سەرکوتکردن، یان رەتکردنەوە، لەنێو گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا. 

ئەو فشارەی کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی توندوتیژیی زارەکییەوە دروست دەبێت لەسەر منداڵ، پاڵنەر دەبێت بۆ کەمکردنەوە و ئامادەبوونی خۆیان و باوەڕی خودی و بەرپرسیارێتی و گەشەسەندنی  داهێنەرانە.  

لەم چوارچێوەیەدا: منداڵی تەندروست، واتا یەکەم رۆڵی خێزان وەک هێڵی یەکەمی بەرگری لە پاراستنی منداڵ لە رووی دەروونییەوە، دەبێتە بناغەیەکی سەرەکی، واتا دروستکردنی فەزای سەلامەت بۆ گفتوگۆ، کە منداڵ هەست بە ئاسوودەیی بکات لە دەربڕینی هەست و ئەزموونەکانی رۆژانەی خۆی بە بێ ترس لە سزادان، یان سووکایەتیکردن و گوێگرتنی چالاکانە، پرسیاری کراوە و چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکانی رەفتار هەموو ئەمانە ئامرازن بۆ هاوکاریی دایک و باوک کە تێبگەن منداڵەکەیان بە چیدا تێدەپەڕێت.

خێزان وەک مۆدێلێکی زیندوو کار دەکات لەسەر منداڵ کە لێیەوە فێری تواناکانی پەیوەندییکردن دەبێت لەگەل کەناڵەکانی تر لە ژیانیدا، ئەگەر دەسپێکی پێگەیاندنی رەفتار و گفتاری رێز و تێگەیشتن بوو لەنێو خێزانەکەیدا، هاوکات یارمەتیدەر دەبێت لەسەر توانای منداڵ بۆ ناسینەوە و رەتکردنەوەی رەفتاری نەشیاو لە بەرامبەریدا. واتا لێرەدا پەروەردەکردنی منداڵ تەنیا بە پاراستن سنووردار نییە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ بنیاتنانی هۆشیاریی منداڵ بەرامبەربە ماف و سنوورە کەسییەکانی.

جگە لەوەش زۆر گرنگە لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا هۆشیاری بدرێت سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم جۆرە توندوتیژییە کە بەکار نەهێنرێت، چونکە شوێنەوارەکانی گاریگەریی خراپی دەبێت لە داهاتوودا، هەربۆیە گرنگە دامەزراوەکان هەڵسوکەوت و کارکردنیان لەسەر شێوازگەلێک بێت کە بنەمای بەهێزکردنی پەروەردەی ئەرێنی و پەیوەندیی بنیاتنەر بنیات بنرێت، نەک پەروەردەی ترساندن، چونکە دەبێتە دروستکردنی نەبوونی متمانە و هەستکردنی منداڵ بە بەهای خودی. 

وشەکان دەتوانن تاکێکی متمانەبەخۆ دروست بکەن، یان برینێکی شاراوە بەجێبهێڵن. پەروەردەکردنی منداڵان لەنێوان ئازاردانی زارەکیدا پێویستی بە هۆشیاری و چاودێریی بەردەوامی دایک و باوک هەیە، هەروەها هاوسەنگی لەنێوان پێشکەشکردنی پشتیوانی دەروونی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ژینگەی دەوروبەریان دەبێتە دەروازەی بەرجەستەکردنی هەستکردنی منداڵ بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیان.