ترساندنی ژن لە لانەوازبوون
وەردە رەشید - نووسەر
هاندانی کەسانی تر بۆ بنیاتنانی ژیانێکی نوێ و دابەشکردنی ژیان لەگەڵ رەگەزی بەرامبەردا ناڕەوا نییە و سادەترین ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە هەمیشە لە خەمی هاودروستکراوەکانیدا بێت و رێگەی ژیانێکی شایستەیان نیشان بدات، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە رێگەی فشار خستنەسەر لایەنی دەروونی کیژۆڵەکان ئەو ئامانجە دەپێکن، ئەمەش رێنوێنییەکە لە ئامانجە پیرۆزەکەی دەترازێنێت، بریتییە لە هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی خانمەکە بۆ هەنگاونان بەرەو دروستکردنی خێزان، کاتێک بە کیژۆڵەیەک دەوترێت پێویستە بچیتە ژیانی هاوسەرییەوە، ئەگەرنا دواجار لانەواز دەبیت، جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ لای ئەو خانمە دروست دەبێت، گوزارشتێکی ناخهەژێن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا باوە، کە بریتییە لە وتنی ئەو دەستەواژەیەی«دایکت تاسەر بۆتۆ نامێنێت» دیارە زەنگی ئەم رستە خەمئامێزە، کاتێک بەرگوێی خانمێک دەکەوێت، راستەوخۆ و خۆنەویستانە، گورزێک لە دڵی ئەو خانمە دەهاوێت، بە بێدارکردنەوەی لەوەی ئازیزترین کەسی تۆ ژیان ئاواییت لێ دەکات، پێم وانییە لە تیغی ئەو رستەیە تیژتر هەبێت لە کاتێکدا بێئاگایانە ئاراستەی خانمان دەکرێت، ئایا لە یاسای خوداییدا مەرجە هەمیشە خۆری دایکان پێش کیژەکانیان ئاوا ببێت؟ بێگومان نەخێر، کەواتە بۆچی ترسێکی بێ بنەما لە دڵی خانماندا بچێنین؟ زۆرجاریش هۆشداریدان بەوەی ئەگەر لەکاتی خۆیدا هاوسەرگیری نەکەیت، هەرگیز ناتوانیت منداڵ بخەیتەوە، یاخود نەوەی ناتەندروست دێنیتە بەرهەم، هێندەی تر کیژان لە گێژاوی بیرکردنەوەی نەرێنیدا دەخولێنێتەوە، هەمیشە پێموایە منداڵێکی ناتەندروست، کاتێک ژینگەیەکی خێزانیی لەباری بۆ بڕەخسێت، کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و بە باوەڕەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە بنیاتنرابێت، بەختیارترە لە منداڵێکی تەندروست، کاتێک ژینگەی خێزانیی نالەبار و دژوارە، لەسەر بنەمای ناچاریی و ترس لە داهاتوو دروستکراوە.
گومان لەوەدانییە بەکارهێنانی دەستەواژەی ترسئامێز جگە لە دروستکردنی پشێوی دەروونی، دەبێتە هۆی وێناکردنی ژیانی هاوسەرگیری بەوەی پرۆسەیەکی ئیجبارییە، بەو پێودانگەی تۆ دەبێت بچیتە نێو پرۆسەکە، نەک لەبەرئەوەی دەرگای ژیانێکی ئارامتر و سەقامگیرتر بەڕووتدا بکرێتەوە، بەڵکو گەر زیندانیش بێت ناچاری بخزێیتە نێو ژوورە تاریکەکانی ئەو زیندانەوە، دیارە ئامانجی بەندە ساردکردنەوەی هیچ کەس نییە لە پرۆسەکە، بەڵکو گۆڕینی شێوازی هاندانی مرۆڤەکانە لەو پێناوەدا، دەکرێت لەبری بەکارهێنانی دەستەواژەی ترسێنەر، بە رستەی وزەبەخش ئەو ئامانجە بپێکین، بۆ نموونە ئەگەر بچیتە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری رەنگە ژیانێکی شایستەتر پێشوازیت لێ بکات، جۆرێک لە ئاسوودەیی باڵ بەسەر رۆحتدا بکێشێت، دابەشکردنی ژیان لەگەڵ کەسی باش و شایستە، دوور نییە ببێتە هۆی بەدیهێنانی زۆرێک لەخەونەکانت.