ژنکوشتن بەرهەمی عەقڵیەتی ڕاگەیاندن و خێزان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە

ناسک واحید - بەرپرسی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ

سوتاندنی ئەو ژنەی کەرکوک لە لایەن خەسووەکەیەوە، ژنکوژیی نیە بەدەستی پیاو، بەڵکو ژنکوژییە بەدەستی زۆرینەی کۆمەڵگە، ئەم تاوانە بەرھەمی ئەو ڕاگەیاندن و پەیامنێرانەیە کە کەسانی وەک "باوەلێ" دەھێننە سەر شاشەکان و دەیانەوێت بیکەن بە ڕێنیشاندەری کۆمەڵگە، ڕاستە کە دەرکەوتنی قسەکەرێکی وەک ئەو ژنە ماوەیەکی زۆر نیە و ژنکوژی مێژوویەکی زیاتری ھەیە، بەڵام دەستخۆشیکردن لەم عەقڵیەتە کۆنانەی بوک و خەسوو، ئەم تاوانە درێژە پێدەدات، ھەموان دژی عەقڵی نوێ و ژیانی نوێن، دژی شێوازی ژیانی ژنی ئێستان، لێگەڕن مرۆڤ تەنھا بۆ خۆی و منداڵ و هاوژینی خۆی بژی نەک دڵی ھەمووتان، ئێوە کێن تا ژنی باش و ژنی خراپ ھەڵبسەنگێنن، بەرھەمی ئەو پیاوە کۆمێنت نوسانەیە کە دەستخۆشی لە سوکایەتیەکانی کەسانی وەک باوەلێ دەکەن بەرامبەر بوکەکانی و ژنی ئەم کۆمەڵگەیە، ئەمە بەرھەمی ئەو پەروەردە ھەڵەی دایک و باوکە کە دەڵێن ژن بە شەرمەوە جوانە، ئیدی کچێک پەروەردە دەکەن کە شەرم دەکات تەنانەت لەبەردەم خێزانەکەی خۆیدا باسی ئازارو ئەو زوڵمانە بکات کە توشی بووە، ئەم سوتاندنە بەرھەمی ئەو عەقڵیەتەیە کە جیابونەوە بە عەیبەو سوکایەتی دەزانن ھەرچەند کچەکەیان لە دۆزەخدا بێت، ئەمان ئەوەیان بۆ گرنگە کە کچەکەیان هاوسەرگیری کردووەو لە ماڵی مێردێکدایە ئیتر بۆیان گرنگ نیە ئەو مێردەی چۆن زوڵمی لێدەکات و چۆن دەیچەوسێنێتەوە .
 

سوتاندن و کوشتنی ژنەکان بەرھەمی بێدەنگ بونیانە لە ئاست ژیانێکی ژێردەستەیی و پڕ چەوساندنەوە بە خاتر کلتورو عەقڵی پوچی کەسە نزیکەکانیان، ئەی ژن گەر بەردەوام بێدەنگ بیت لە ئاست ئەو سوکایەتیانەی کە پێت دەکرێت، ئەوا ڕۆژێک قیژەی سوتاندنت و ھەواڵی کوشتنت یان خۆکوشتنت بە دەنگی بەرز دەگاتە گوێی ھەمومان.


ئەی پیاوەکانی کۆمەڵگە گەر ئەم سوتاندنانەی کچی خەڵکی ڕات نەچڵەکێنێ و بەردەوامبی لە دەستخۆشیت لە عەقڵە کۆنەکان و سوکایەتی بە ھەموو نوێگەرییەکی ژیان بکەیت، ئەوا دڵنیابە ڕۆژێک قیژەی سوتان یان خۆسوتاندنی کچەکەت دەگاتەوە گوێت، ڕۆژێک جەستەی ساردو سڕی کچەکەت لە ماڵە خەزورانەوە بەدیاری دەھێننەوە کۆشت.
 

ئەم ژنکوشتنە تەنھا بەرھەمی دەستی پیاوەکان نیە بەڵکو بەرھەمی عەقڵیەتی ڕاگەیاندن و خێزان و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیشە، چونکە ساڵانە، ١٠ بۆ ٢٠ ژن زیاتر دەکوژرێت کە دەکاتە دوو ژن لە مانگێکدا، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا پەرلەمانتارێکی بێئاگا دەیوت ناکرێت ژنکوژی بکرێتە ھەرا کە لێرەو لەوێ ژنێک دەکوژرێت ئاساییە مەیکەن بە بابەت.


ئەو پێی وایە دەبێت ھەموو ژنەکان بکوژرێن ئینجا بکرێتە ھەرا، لە کوێی دنیا ژنێکی سکپڕ لەسەر پاکنەکردنی ماسی دەکوژرێت؟
ھەر بۆیە ئەم تاوانانە بە سپۆنسەری خێزانی پڕ کۆت و بەند و ڕاگەیاندنی بێ ئاست و کۆمێنت نوسی بێ دەربەست و پەرلەمانی بێئاگا لە کۆمەڵگا ،بەردەوام دەبێت.


ئەوەی کە ژنەکان دەچەوسێنێتەوە، پیاوەکان نین بەڵکو بیرکردنەوە چەوتەکانن.