شکۆ و ئازادیی ژن

تارا فەخرەدین - نووسەر

ئازادیی ژن و بەدەستخستنی مافەکانی، لە شکاندنی کۆت و بەندەکانی ناو مێشکی ژن خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، لە شکاندنی هەموو ئەو بتانەوە بەدی دێت، کە لە شێوەی پیاودا بۆ خودی خۆی دایتاشیون، مافەکانی ئەو کاتە بەدەست دێنێت، بەو جۆرەی کە هەیە، خۆی قبوڵ بکات، نەک بەو جۆرەی پیاو دەیەوێت. 


ژن پێویستە خۆی بە مرۆڤێکی تەواو و سەربەخۆ بزانێت و وەک مرۆڤ بیربکاتەوە، هەموو ئەو قاڵبانە بشکێنێت، کە بۆ ژنبوونی خۆی دروستی کردوون، بە پەنجەکانی خۆی پێنووسی چارەنووسی خۆی لە دەست بگرێت و واژووی بوونی بکات و لەو بستە زەوییەی ژێر پێیەوە، کە لەسەری وەستاوە، کەسایەتیی خۆی بسەلمێنێت.


ژن دەبێت لەبەردەم ئاوێنەیەکی راستەقینەدا بوەستێت، بــــــە  چــــــاوەکانی سەرییەوە لە خۆی بڕوانێت و بە چاوەکانی ناخییەوە تواناکانی خۆی هەڵبسەنگێنێت، نەک لە ئاوێنەی چاوی پیاوەوە خۆی ببینێت، یاخود سەنگی مەحەکی بوونی، زمانی پیاوەکان بێت و بە چەپڵە و ئافەرینی ئەوان بە ئاسماندا هەڵفڕێت، ژن بەهێزە بە مەرجێک هەوڵ بدات خۆی بناسێت، بزانێت تۆوی هیواکانی لە کامە زەوی بەیاردا دەچێنێت، بارانی چ ئاسمانێک دەخوازێت، بۆ شینبوونی دەغڵی ئامانجەکانی. 


ئەو پیاوسالارییەی "هەندێک لە ژنان" بەدەستییەوە دەناڵێنن، بەشێکی گەورەی ژن بەرپرسیارە لێی، چونکە پەروەردە لەدەستی ئەودایە و دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لەو نێوەندەدا ببینێت، کەچی مەخابن نەیتوانیوە پەروەردەی کوڕەکانی لەسەر بنەمایەک بکات، تا مرۆڤێکی ژندۆست پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات، بە واتایەکی تر بە بیانووی (پشت و پەنا) قامچی بەدەستێک پەروەردە دەکات، تا ببێتەوە بە سەرداری خۆی و کچەکانی، لە کاتێکدا هەموومان ئەوە دەبینین، زۆربەی زۆری کوڕەکانی ناو خێزان، زیاتر سەرسام و هۆگری دایکیانن، وەک لە باوک، کەچی ژن نەیتوانیوە سوود لەم پەیوەندییە رۆحییە وەربگرێت بۆ بنیاتنانی ئەو جیهانەی هەموو ژنێک خەونی پێوە دەبینێت، بۆیە ژن ئەگەر خوازیاری گۆڕانکاری بێت لە کۆمەڵگەدا، پێویستە بەشێکی  گەورەی وزەی خۆی لەو خاڵەدا وەگەڕ بخات، تا بتوانێت لەڕێی پەروەردەی کوڕەکانییەوە، جیهانێک بخولقێنێت، کە شکۆی ژنی تێدا پارێزراو بێت، بێگومان جیهانێک ژن تێیدا شکۆدار بێت، ئامێزێک دەبێت بۆ ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئارامی.