رۆڵی پارێزەر لە کۆمەڵگەدا
وەردە ڕەشید - نووسەر
پارێزەریی پیشەیەکی مرۆڤ دۆستانەیە و بەرگریی لە تۆمەتبار دەکات نەوەک لە تاوان، بەداخەوە زۆرجار لایەنەکانی داوا رق لە پارێزەر هەڵدەگرن کە لە راستیدا کارێکی ناڕەوایە، لەبەرئەوەی پارێزەر بەپێی ئەو مافەی کە یاسا پێیبەخشیوە، دەتوانێت بەرگریی لە تۆمەتبار بکات، دەکرێت کەسێک پارێزەرێکی هەبێت داوایەکی بۆ تۆمار بکات لە دژی لایەنی بەرامبەر یاخود رێنوێنی بکات بۆ سەرکەوتن لە داواکەیدا، ماوەیەکی دیکە هەمان پارێزەر، ببێتە پارێزەری لایەنی بەرامبەر و هەمان هەڵوێست دووبارە بکاتەوە، کەواتە سروشتی بەرگریکردنی پارێزەر لە یەکێک لە لایەنەکانی داوا، لە کانگای هەست و سۆزەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو ئەوە یاسا و پیشەیە ئەو بوارەی پێداوە.
بەشێوەیەکی گشتی هانا بردن بۆ پارێزەر ئاکامی باشی دەبێت، چونکە دەیان جار روویداوە، کەسێک بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی یاساییەوە لە داوایەکدا زۆر مافی خۆی لە دەستداوە.
کۆمەڵگە لەسەر ئاستی پەنابردن بۆ پارێزەر دەکرێت بە سێ بەشەوە: بەشی یەکەم کەسەکان لە ئاستێکی زۆرباشی بژێویدان، باشترە ئەم بەشە پارێزەری هەمیشەییان هەبێت، لە دامودەزگاکاندا کاروبارەکانیان بۆ رایی بکات، چونکە هەرچەندە تاک لە زۆر بواردا شارەزا بێت، رەنگە لە کاروباری یاساییدا نەتوانێت پەی بە هەموو زانیارییە یاساییەکان ببات، هەروەک دەوترێت: یاسا بنی قووڵە. بەشی دووەم کەسانی ئاست مامناوەندن لە بژێویدا، ئەم بەشەیان دەتوانن بۆ هەندێک لە کاروبارەکان پەنابەرنە بەر پارێزەر. بەشی سێیەم کەسانێکن ئاستی بژێوییان زۆر خراپە، بۆیە ناتوانن پارێزەر بگرن، بەڵام دەکرێت راوێژی یاسایی بکەن لەگەڵ کەسانی شارەزا لە بوارەکەدا، چونکە زۆرجار روویداوە، کەسێک چەندینجار داوای تۆمار کردووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتەکەی ئەوەوە نەبووە، بەمەش جگە لە بەفیڕۆدانی کات بۆ راییکردنی کارەکەی بڕە پارەیەکی زۆریشی بەهەدەر چووە.
پێویستە لەسەر پارێزەران پێش بەرزکردنەوەی داوا زانیاریی تەواو لەسەر بابەتەکە وەدەست بهێنن، واتە لە بەرگەوە بۆ بەرگ لە کێشەکە بکۆڵنەوە، بۆئەوەی بتوانن گونجاندنی یاسایی بەشێوەیەکی راست و دروست بۆ بکەن، لەپێناو دیاریکردنی گونجاندنی یاسایی واتە "التکیف القانونی" جگە لە خوێندنەوەی کتێبی راڤەکارانی یاسا دەتوانرێت پشت بە خوێندنەوەی پێشینە دادبینییەکان ببەسترێت، هەرچەندە ئێستا "پێشینە دادبینییەکان" بە سەرچاوەی یاسا دانانرێن، بەڵام دەکرێت یارمەتیدەربن لە دۆزینەوەی گونجاندنی یاسایی، چونکە بە تێپەڕبوونی کات رووداوەکان دووبارە دەبنەوە، هەروەک عەرەب دەڵێت: "التاریخ یعید نفسە"، بۆئەوەی پارێزەر بتوانێت پیشەییانە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات، پێویستە پێش بەرزکردنەوەی داوا بەکرێگرتە لە هەموو ئەگەرەکان دڵنیا بکاتەوە یاخود بەرچاوڕوونی تەواوی پێبدات، بەوە جگە لە راییکردنی کارەکەی بەشێوەیەکی رێکوپێک، بە دوور دەبێت لە هەر هەڵوێستێکی نەخوازرا و لەلایەن بەکرێگرتەوە.