پێشنیار بۆ كاندید و لیستە بەشداربووەكان لە هەڵبژاردنەكاندا
سەیران بەرزنجی- مامۆستای زانکۆ
كاندیدە بەڕێزەكان/ سەربەخۆن یان سەربە لیستی حیزبەكانن، خاوەنی هەر ئایدیاو بۆچونێكن گرنگ نیە بەڵێن و دروشمەكانتان چی بێت، گرنگ نیە چی دەڵێن یان بە نیازن چی بكەن ، گرنگ ئەوەیە ژینگەی شارەكان مەشێوێنن ، خۆزگە وازتان لە هەڵواسینی وێنە و ناشرین كردنی شەقامەكان دەهێنا، خۆزگە پارەكانتان بە شێوازێكی ترخەرج بكەن كە سوود و دەستكەوتی باشتری هەبێت.
. گەر خەرجی ئەو وێنانە بۆ كڕینی بەرمیلی خۆڵ و دانانی لە شەقامەكانی ناوەوە و دەرەوەی شار تەرخان بكرایە وێنەیەكی بچوكی بەڕێزتان یان ناوتانی لەسەر بنوسرایە چ دەستكەوتێكی گەورە دەبوو، مرۆڤ دڵی ژان دەكات كە بەدرێژایی چەندین كیلۆمەتر لە ڕێگاكانی دەرەوەی شار و سەیرانگاكان بەرمیلێكی خۆڵ "حاویة" یان كورسیەكی دانیشتنی لێ نابینرێت؟ چەند بێ ویژدانانە وەك گوڵدان خۆڵ و خاشاك لە قەراغی شەقامەكان فڕێدەدرێت لەبەر نەبوونی شوێنی تایبەت، هەروەها كەمتەرخەمی لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی خەڵک و حكومەت.
خۆزگە دەست پێشخەری ئەوەتان بكردایە كە پارەكانتان "لە گیرفانی حیزب بێت یان گیرفانی خۆتان بێت" بۆ بۆیاخ كردنەوە و جوانكردنی دیوارە ڕاگرەكان و شوێنە گشتیەكان تەرخان بكردایە و ناوی خۆتان بە بچوكی لەسەر بنەخشانایە، یان ئەو پەڕۆ خۆڵاوی و دڕاوانەی ئاڵای كوردستان كە لەسەر بەرزەپرد و فەرمانگەكانتان بە دڕاوی دەشەكێتەوە بگۆڕیایە.
ئایا هەر یەكێك لە ئێوە بیرتان لە پێداویستی نەخۆشخانەیەك یان قوتابخانەیەك یان بەشێكی ناوخۆیی كوڕان و كچانتان كردۆتەوە كە بە پارەی چەند وێنەیەكتان دەتوانرێت چەند گۆڕانكاری و كاریگەری دروست بكەن، چەند كەلێن پڕ بكەنەوە، چەندین پێداویستی دابین بكەن، جا ئەو كاتە ئاسایی بوو ناوی خۆتان وەك ڕێكلام بەكاربهێنن؟ پێمان بڵێن سودی ئەو ژمارە زۆرەی وێنانە لە چیدایە كە دوای مانگێك دەبێت پارە بدەن كە كۆبكرێتەوە فڕێی بدەن كە لەلایەن هەندێك لە كاندیدەكانەوە دەست پێشخەرییان كردوە، بە درێژایی هەموو شەقامەكان لە باكوری شارەوە تا دەگاتە كۆتایی و دەرەوەی شار، بە ئەندازەی هەموو ستونی كارەباكان بە وێنەكانیان داگیر كراوە، ڕەنگە بە حساباتی هەڵەیان وایان دانابێ كە چەندە وێنەكان زۆر بێت ئەوەندە زیاتر دەنگ دەهێنن؟ دڵنیا بن ئەو سەردەمە بەسەرچوە كە لەبەر جوانی و قەشەنگی یان قەبارەی وێنەكانتان سەرنجی دەنگدەر ڕابكێشن.
ئێستا سەردەمی تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانە كە دەتوانرێت وێنەكانتان لە ڕێگەی مۆبایلەكانەوە بە نامەی ڤایبەر بگەیەنرێتە هەموو ماڵێك؟ یان لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی پرۆشەر و كارتەوە، وەیان باشترین ڕێگە دانانی چەندین شاشەی گەورە لەچەند شوێنێكی گشتیدا لەناو مۆڵ و باخچە گشتیەكاندا، یان لە ڕووی دیواری باڵەخانە بەرزەكان، ئەمە سەرەرای ئەو هەموو كەناڵی تیڤی و ڕادیۆ و ڕۆژنامەكانەوە كە دەتوانرێت نەك تەنها وێنەكانتان بەڵكو ژیاننامە و كارەكانتان پیشان بدەن.