پەروەردە وەک بناغەی نەتەوەسازی: مەترسییەکانی "خوێندنی سێبەر" لە سەردەمی جەنگدا

موژدە عەلی-مامۆستاو نووسەر

پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە تەنها گواستنەوەی زانیاری نییە لە مامۆستاوە بۆ قوتابی، بەڵکو پرۆسەیەکی زیندووی کۆمەڵایەتییە کە پێکهاتەی کەسایەتی تاک و داهاتووی وڵات دادەڕێژێت.

 

لە کاتێکدا جیهان بەرەو پێشکەوتنی تەکنەلۆژی دەچێت، بەڵام گۆڕینی سیستەمی خوێندن بۆ "ئۆنلاین" لە هەرێمی کوردستان —بە تایبەت لە ژێر سێبەری هەڕەشە و ململانێ هەرێمییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل— نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ پاشەکشەی زانستی و نەتەوەیی.

 

لە ڕووی ڕەگی مێژووییەوە : پەروەردە وەک قەڵای بەرگریە ئەگەر سەیری مێژووی وڵاتانی پێشەنگ بکەین، دەبینین لە کاتی قەیران و جەنگە گەورەکاندا، قوتابخانەکان دوایین شوێن بوون کە داخرابن. بۆ نموونە، لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، بەریتانیا و فەڕەنسا هەموو هەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە نەوەستێت، چونکە دەیانزانی شکست لە پەروەردەدا گەورەترین شکستی سەربازی و سیاسییە.

 

لە مێژووی خۆشماندا، تاکی کورد لە سەخترین بارودۆخی شۆڕش و دەربەدەریدا، لە بن دار و لە ناو ئەشکەوتەکاندا پۆلی خوێندنی دروست کردووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە "ئامادەیی فیزیکی" و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی لە ناوەندەکانی خوێندندا، ڕەگێکی مێژوویی و نەتەوەیی هەیە بۆ پاراستنی شوناس و بەردەوامی ژیان.

 

زیانەکانی خوێندنی ئۆنلاین بۆ هەرێمی کوردستان گواستنەوەی خوێندن بۆ فەزای دیجیتاڵی لە وڵاتێکدا کە هێشتا ژێرخانی تەکنەلۆژی و کارەبای جێگیری نییە، دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی گەورە:

١. دابڕانی کۆمەڵایەتی و دەروونی: قوتابخانە تەنها شوێنی فێربوونی بیرکاری و مێژوو نییە، بەڵکو شوێنی فێربوونی پێکەوەژیان، گفتوگۆ و هەڵوێستە. خوێندنی ئۆنلاین نەوەیەک بەرهەم دەهێنێت کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە گۆشەگیر و لە ڕووی دەروونییەوە لاوازە.

٢. نەبوونی دادپەروەری پەروەردەیی: هەموو ماڵێک توانای دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا و ئامێری زیرەکی بۆ منداڵەکانی نییە. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی چینایەتی لە فێربووندا؛ دەوڵەمەند دەخوێنێت و هەژار بێبەش دەبێت.

٣. دابەزینی ئاستی زانستی: لە سیستمێکی وەک هەرێمی کوردستاندا کە هێشتا "کارلێکی ڕاستەوخۆ" بنەمای تێگەیشتنە، ئۆنلاین دەبێتە هۆی "سەرزەنشکردنی زانست" و تەنها دەرچوونێکی بێ ناوەڕۆک. پەیوەندی نێوان سەقامگیری و گەشەپێدانی وڵات هیچ وڵاتێک بەرەو پێش ناچێت ئەگەر کەرتی پەروەردەکەی وابەستەی ململانێی سیاسی و سەربازی دەرەکی بێت. کاتێک بەهۆی ترس لە جەنگی وڵاتانی تر، ناوەندەکانی خوێندن دادەخرێن، ئێمە پەیامێکی نەرێنی بە نەوەی داهاتوو دەدەین: "خوێندن ئەولەویەت نییە".

 

بەرەو پێشچوونی وڵات پێویستی بە مرۆڤی بەرهەمهێن هەیە. مرۆڤی بەرهەمهێنیش تەنها لە ڕێگەی پەروەردەیەکی ڕێکوپێک و سیستەماتیکەوە دروست دەبێت. ئەگەر کەرتی پەروەردە پەککەوت، کەرتی ئابووری، تەندروستی و سیاسییش لە داهاتوودا دووچاری داڕمان دەبن. کەواتە: ناچارکردنی خوێندنی ئۆنلاین لەم کاتەدا، پاشەکشەیەکی گەورەیە لەو مێژووەی کە ئێمە وەک میللەتێک هەمیشە شانازیمان بەوەوە کردووە کە لە ناو ئاگردا فێربووین. بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو پێش بچێت، دەبێت پەروەردە لە هەموو کێشە سیاسییەکان داببڕدرێت.

 

پاراستنی شکۆی مامۆستا و هێشتنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بە کراوەیی، گەورەترین سەرکەوتنە لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، چونکە نەتەوەیەک کە پاشخانێکی زانستی بەهێزی هەبێت، هیچ جەنگێک ناتوانێت بێدەنگی بکات.