پارادایمی پاراستنی ژیان؛ شۆڕشی ژنی ڕۆژئاوا
بانیان ماگوسا
شۆڕشی ژنی ڕۆژئاوا چیرۆکێکی کلاسیکی گۆڕینی دەسەڵات یان سەرکەوتنێکی سەربازی ڕووت نییە، بەڵکو دووبارە بنیاتنانەوەی زانین، ئیرادە و ژیانی کۆمەڵایەتییە بە پێشەنگایەتی ژنان، کە بۆ چەندین سەدە ئیفلیج کرابوو و چەوسێنرابووەوە. ئەم شۆڕشە گۆڕانکارییەکی مێژووییە کە ئامانجی گۆڕینی خودی ژیانە. لە ڕوانگەی "ژنۆلۆژی"یەوە شۆڕشی ژنی ڕۆژئاوا گەڕانە بەدوای حەقیقەت دا؛ ڕاپەڕینێکە لە دژی سیستەمی پیاوسالاری لەسەر بنەمای بوونی ژن. لە ڕۆژئاوا، ژن تەنیا کاراکتەری تێکۆشان نییە، بەڵکو هێزی دامەزرێنەری پارادایمەکەیە. ڕزگاریی ژن مژارێکی لاوەکیی شۆڕش نییە، بەڵکو تەوەری سەرەکییەتی. هەر بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە، کە ناچێتەوە سەر هیچ شۆڕشێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی بنیات نراوە: کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک، ژیانی ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن. ژنۆلۆژی ئەم سێ بوارە وەک بواری جیاواز نابینێت، بەڵکو وەک یەکانگیریەکی دیالەکتیکی سەیریان دەکات. لەم شۆڕشەدا ژنان لە هەموو بوارەکاندا ڕەنجیان دا؛ لە کۆمۆنەکانەوە بگرە تا ئەنجومەنەکان، لە پاراستنەوە تا ئابووری، بوونە کاراکتەری سەرەکی. دیارترین نموونەی ئەمەش سیستەمی "هاوسەرۆکایەتی"یە. ڕێکخراوەکانی ژنان، ناوەندەکانی ژن "ماڵی ژن، کۆنگرەی ستار، کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا"، ئەکادیمیا سەربەخۆکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، تەنیا دامەزراوەی خزمەتگوزاری نین؛ بەڵکو کایەی هۆشیاریی بەکۆمەڵن کە لە دژی هۆشیاریی باوکسالاری دەوەستنەوە.
شۆڕشی ژنی ڕۆژئاوا "تەبایی و یەکسانیی زۆرەملێی" دەوڵەت-نەتەوە ڕەت دەکاتەوە. ئەم شۆڕشە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەلان، ئایینەکان و کولتوورەکان بنیات نراوە. لە دژی ئەو عەقڵییەتەی ژن لە ماڵ، شەرەف و جەستەدا کورت دەکاتەوە، ژن وەک عەقڵی دامەزرێنەری ژیان پێناسە دەکاتەوە. لێرەدا دەبێت بپرسین: هێرشەکانی "تەحریر شام – داعش" و دەوڵەتی تورک بۆ سەر شۆڕشی ژنان و بەهاکانیان چ مانایەک دەگەیەنێت؟ ئەم هێرشانە بە ڕێکەوتنی سەربازی یان هۆکاری ئەمنیەوە ڕاڤە ناکرێن، بەڵکو ڕاستەوخۆ پارادایمی ئازادی ژن دەکەنە ئامانج. داعش و هاوشێوەکانی گوزارە لە ڕووتترین و دڕندەترین شێوازی باڵادەستیی پیاو دەکەن. ئەم عەقڵییەتەی کە ژن وەک کۆیلە، دەستکەوتی شەڕ یان دوژمن دەبینێت، هەر شوێنێک ئیرادەی ژنی تێدا بێت دەیکاتە ئامانج. لە لایەکی ترەوە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هێڵێکە کە لەگەڵ ئەم عەقڵییەتەدا یەک دەگرێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی بەکاری دەهێنێت. هەر بۆیە دامەزراوەکانی ژنان بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج؛ سووتاندنی ناوەندەکانی ژنۆلۆژی و تاڵانکردنی ئەنجومەنەکان ڕێکەوت نییە، بەڵکو سیاسەتێکی وێرانکاریی بە ئەنقەستە، چونکە ئەم شوێنانە نوێنەرایەتی ئەخلاقێکی کۆمەڵایەتی نوێ دەکەن کە جێگرەوە "ئەلتەرناتیڤ"ە بۆ سیستمی پیاوسالاری.
دەمەوێت ئاماژە بە نموونەیەک بدەم کە کاریگەری لەسەر هەموو جیهان و بەتایبەت ژنانی کورد هەبوو: کاتێک ئەندامێکی گرووپە توندڕەوەکان کەزیی شەرڤانێکی شەهیدی "YPJ" دەبڕێت و دەڵێت "ئەمە تەنیا بەشە زیندووەکەیەتی"، ئەمە تەنیا تاوانێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی یادەوەری، کەرامەت و بەرخودانی ژن. کەزی، یادەوەری ژنە. بەردەوامی و پەیوەندییەتی بە ژیانەوە. بڕینی کەزیی ژن تەنیا فیزیکی نییە، بەڵکو سیمبولیک و مێژووییە؛ پەیامێکە کە دەڵێت "ئێمە تەنیا ئێوەمان نەکوشت، بەڵکو هەموو ئەو شتانەشمان سڕییەوە کە نوێنەرایەتیان دەکەن". ئەمە هێرشە بۆ سەر بەهاکان. وەک چۆن لە مێژوودا نازییەکان قژی جووەکانیان دەبڕی، شێوازی باڵادەستی لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ وەک یەکە و لەسەر بنەمای لەناوبردنە.
یەکینەکانی پاراستنی ژن "YPJ" بە کەزییەکانیان دەناسرێنەوە. کەزی و سوێندخواردن بە شیری دایک لە کۆنترین نەریتەکانی کولتووری کوردین، وەک ئەوەی لە باوەڕی یارسان، ئێزیدی و عەلەویدا هەیە. ئەم پەیامەی دوژمن لە هەمان کاتدا دانپێدانانە بە ترسێکی قووڵ؛ چونکە کەزیی ژنێکی شەرڤان وەک مەترسییەکی گەورەتر لە هێزێکی چەکدار دەبینرێت، چونکە سیمبولی ژیانێکە کە تەسلیمبوون ڕەت دەکاتەوە.
ئەو شەڕەی لە ڕۆژئاوا دەکرێت، شەڕی پارادایمەکانە. شەڕی نێوان دوو هێزی سەربازی نییە بە واتا کلاسیکییەکە، بەڵکو شەڕی نێوان دوو شێوازی ژیان، دوو سیستەمی ئەخلاقی و دوو ڕاستیی جیاوازە. لە لایەک عەقڵییەتی داعش و هاوشێوەکانی کە ژن دەکاتە غەنیمە و سروشت وێران دەکات، و لە لایەکی تریش پارادایمێک لەسەر بنەمای ئازادیی ژن و پێکەوەژیانی گەلان بنیات نراوە. ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەپارێزرێت تەنیا پارچە زەوییەک نییە، بەڵکو مانیفێستی چۆنیەتیی بنیاتنانی ژیانە. ژن لە چەقی ئەم پارادایمەدایە، چونکە کۆمەڵگە بێ ئازادیی ژن ئازاد نابێت.
شۆڕشی ژن، یادەوەری داهاتووە، هەموو هێرشەکان بۆ سڕینەوەی ئەم یادەوەرییە مێژووییەیە. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە یادەوەریی ژنان ناسڕرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا دەپارێزرێت تەنیا ئایدۆلۆژیایەک نییە، بەڵکو خودی ژیانە و ئەم ژیانەش بە سایەی ژنانەوە واتایەکی نوێ بەخۆوە دەبینێت.