نیگەرانی چەک مەبن

ڕۆناهی گوڵێ

سووتاندنی چەک ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ گۆڕینی قووڵی فکری و دونیابینی. لە مێژووی کورد و ناوچەکەدا ئەمە یەکەم جارە کە هێزێکی وەها پڕچەک و توانا، هێزێک کە خاوەنی ژێرخانی ئابووری و سەربازییە، هێزێکی مرۆیی کە خاوەنی هەرێمەکانی مەدیایە، بە خواست و فکر و بڕوا و جیهانبینییەکی نوێوە دەست بۆ ئەم وەرچەرخانە مێژوویییە ببات و پراکتیزەی بکات لە کردەوە.

 

لەم چالاکییە سەمبۆلیکەدا کە ڕۆڵی گرینگی گەنجان و ژنانی تێدا بەدی کرا، هەم ناوەڕۆکی گوتار و هەم سەمبۆلی دیمەن و چالاکییەکە، نیشاندەری وەرچەرخانێکی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە و جێگای بایەخ و نرخێکی زۆرە.

 

یەکێک لە ڕەهەندە گرینگەکانی چالاکییەکە پێدانی هێزی زیاتر بە “ڕێبەر ئاپۆ”یە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئیمڕاڵی بۆ ئەم پێواژۆیە. “ڕێبەر ئاپۆ” ئەو سەرکردە سیاسییەیە کە تورکیە پاشی ٢٧ ساڵ بەندکران، نەیتوانی کاریزمای سەرسووڕهێنەری ئەو ڕێبەرە کوردە لاواز بکات. بێگومان ئەم گۆڕانکارییانە بێ بەرکەوتە و ڕیسک نین، بەڵام خوولانەوە لەناو ئەم بازنەیەدا کە ٥٠ ساڵە بە خەباتی شەڕ و بەرخۆدان دروست کراوە، ئەنجامی جیاوازتر دەر ناخات، هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دیسان پارادایمێکی نوێی خوڵقاند بۆ درێژەپێدان بەو ستراتێژییەی کە هەمان ڕۆحی پێشووی گەڵ و کورد و گەریلایە.